هێرشی سەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان لە سەروبەندی نەورۆز، لە یادەوەری هاووڵاتیاندا ماونەتەوە

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

دەیان ساڵە ئەو كوردانەی لە رۆژئاوای كوردستان ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن، لە سەروبەندی ئەو ئاهەنگەدا هێرشیان دەکرێتە سەر و هەرچەندە هێرشبەرەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام قوربانییەکان هەر كوردن.

لە دەزگا ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سوریاوە بگرە تا دەگاتە رێكخراوی تیرۆریستی داعش و میلیشیا ئۆپۆزسیۆنە دڵسۆزەکانی تورکیا هێرشیان كردووەتە سەر ئاهەنگگێڕانی نەورۆز.

«سێ محەممەدەکە»

ئەمڕۆ شانزەهەمین ساڵوەگەڕی گیان لە دەستدانی سێ گەنجی کوردە کە لە کاتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی هاتنی نەورۆز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی سوریاوە تەقەیان لێکرا.

ئەو سێ گەنجە لە گەڕەکی ڕۆژئاوای شاری قامشلۆوە هاتبوون و بریتی بوون لە: “محەمەد زەکی رەمەزان، محەمەد یەحیا خەلیل و محەمەد مەحمود حوسێن” دانیشتوانی شارەکەش بە “سێ موحەممەد” ەكە ناویان دەبەن.

ڕووداوەکە لە سەروبەندی نەورۆزی ساڵی 2008 روویدا، كاتێك گەنجان بۆ ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی هاتنی نەورۆز گردبوونەوە و ئاگریان داگیرساند، بەڵام هێزە ئەمنییەکانیش تەقەی ڕاستەوخۆیان کردوو و سێ کەسیان شەهید كرد.

“هێرشەکانی داعش”

لەلایەكی دیكەوە ئەمساڵ نۆ ساڵ بەسەر بۆردومانەکانی گەڕەکی موفتی حەسەکە تێدەپەڕێت. لە سەروبەندی نەورۆزی 2015 لە کاتێکدا دانیشتوانی گەڕەکەکە ئاهەنگی هاتنی جەژنی نەورۆزیان دەگێڕا، گردبوونەوەکە رووبەڕووی دوو هێرشی خۆکوژی بووەوە، دواتر داعش هێرشەكانی خستە ئەستۆی خۆی.

دوو تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکان بوونە هۆی گیان لەدەستدانی نزیکەی پەنجا هاووڵاتی مەدەنی و برینداربوونی زیاتر لە نەوەد کەسی دیکە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون.

تەقینەوەکە لە گۆڕەپانێک ڕوویدا کە دواتر ناوی لێنرا “گۆڕەپانی شەهیدانی موفتی”، کاتێک خۆکوژێک کە پشتێنێکی بۆمبڕێژی بەستبوو، خۆی لەناو ئاهەنگگێڕەکاندا تەقاندەوە.

لەکاتێکدا هێرشی دووەم کەمتر لە خولەکێک دوای هێرشی یەکەم ڕوویدا، لەناو قەرەباڵغییەکی خەڵکی هەمان گەڕەکدا و تەقینەوەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوی جۆری کیا ڕیۆ ئەنجامدرا و بووە هۆی گیان لەدەستدانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدان کەسی تر.

دواتر، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان رایانگەیاند، پێشوەختە پلانی ئەو دوو هێرشە دانرابوو بۆ بەئامانجگرتنی ئاهەنگی نەورۆز، بەڵام دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکە و وەرگرتنی زانیاری ئەمنی کە بڕیار بوو دوو خۆکوژ لە ئاهەنگی نەورۆز خۆیان بتەقێننەوە، ئەو دوو خۆکوژە لە سەروبەندی جەژندا خۆیان لەنێو هاووڵاتیاندا تەقاندەوە.

جندرێس

ساڵێک لەمەوبەریش لە جندرێس ئەندامانی میلیشیای “ئەحرار ئەلشەرقییە” تەقەیان لە گەنجانی کورد كرد، لە کاتی داگیرساندنی مەشخەڵی نەورۆز بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی جەژن و لە ئەنجامدا چوار کەسیان شەهید كرد و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

ڕووداوەکە لە ئەنجامی پێکدادانێک لە نێوان ئەندامانی میلیشیاكە و دانیشتوانی جندرێس ڕوویدا کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ داگیرساندنی بڵێسەی نەورۆز لە باڵکۆنی ماڵەکەیان لە ناوچەی پیشەسازی.

کورد لەو شوێنانەی کە تێیدا دەژی، ئامادەکاری دەکات بۆ ئاهەنگی نەورۆز، نەورۆز بۆ كورد واتەی نوێبوونەوە و سەرەتای بەهارە، بە سەرەتای ساڵی کوردیش دادەنرێت، لەو جەژنەشدا کورد هەمیشە داوای مافە رەواكانی خۆی دەكات.

داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە