ئافرەتانی كورد لە سینەما.. بەربەستەكان دەشكێنن و كارەكانیان دەگاتە ئاستی جیهانی

ئەڤین یوسف – قامشلۆ

سەرەڕای بەربەستەكانی بەردەم ئافرەتانی كورد بۆ رۆڵ بینین و بەشدارییان لە كاری نواندن و سنەما، بەڵام ئافرەتان كۆڵیان نەداوە و رێگرییەكان نەیانتوانیوە بیانوەستێنن. لە رۆژئاوای كوردستان زۆرێك لەو ئافرەتانەی خولیای نواندیان هەبووە، توانیویانە زاڵ بن بەسەر بەربەست و كۆت و بەندە كۆمەڵایەتییەكان.

نەژبیر غانم غانم (27 ساڵ) كە خەڵکی شاری قامیشلۆ یەكێكە لەو ئافرەتانەی سەرەتا بنەمالەكەیان نەیانتوانیوە بە ئاشكرا لای خەڵك بڵێن كچەیان سەرقاڵی كاری نواندنە.

كاتێكیش رۆڵیان بۆ نەژبیر دیاریكردووە لە كارێكی سینەمایی، بنەماڵەی نەژبیر پرسیاریان لە چیرۆکی فیلمەکە و ئەو ڕۆڵەی کە بۆ کچەکەیان دیاری کرابوو دەكرد، پرسیاریان لە ستافی کار و شوێنەکانی وێنەگرتن دەكرد.

لەمبارەیەوە نەژبیر بە نۆرس پرێسی وت ئەو کارانە ئازاریان دەدام، چونکە هیچ شتێکی خراپم نەكردبوو.

لای خۆیەوە شەڤین خەلیل ( 21 ساڵ ) کە هاوکات خەڵکی شاری قامیشلۆیە، لەبارەی چیرۆکی هاتنە ناوەوەی بۆ ناو جیهانی نواندن بۆ نۆرس پرێس دەڵێت: لە منداڵییەوە لە شانۆدا نواندنم کردووە، بەشداریکردنم لە سینەمادا ئەزموونێکی گەورە بوو بۆ من.

دەشڵێت زۆر بە پەرۆش بووم بۆ کارکردن لە بواری نواندنی فیلمدا، سەرەڕای دڵەڕاوکێ و ترسم، وەستان لەبەردەم کامێرا هەستێکی جیاواز و جوانی پێبەخشیم.

“نەژبیر”، “شەڤین” و کچانی دیکە ڕووبەڕووی بەربەستی کۆمەڵایەتی بوونەتەوە، بەهۆی ئەو داب و نەریتە نەرێنیانەی بە قوڵی ڕەگیان لە کۆمەڵگادا داکوتاوە.

ژنانی کورد لە رۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2016 لە ڕێگەی دامەزراوەی “کۆمین فیلم ڕۆژاڤا”ەوە دەستیان بە کارکردن کرد لە بواری سینەمادا و كارەكانی ئەم دامەزراوەیە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی جیهانی كردووە.

نادییە دەروێش ئەندام لە “کۆمین فیلم ڕۆژاڤا” ئاماژە بەوە دەکات لە سەرەتاوە لە ڕووی ڕاکێشانی کچان و ژنان بۆ بواری نواندنی سینەمایی ڕووبەڕووی ئاستەنگی بوونەتەوە. هۆکارەكەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە کۆمەڵگا بە گشتی لە کاتی تەماشاکردنی فیلمی عەرەبی و بیانیدا، ڕوانگەیەکی نەرێنی بۆ کاری سینەمایی دەبێت.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند، توانیمان تێڕوانینی کۆمەڵگە بگۆڕین بە وێنەگرتن لە ماڵ و شەقامەکان، هەروەها بە بەکارهێنانی جلوبەرگی فۆلکلۆری ناوچەکە و ئەو چیرۆکانەی کە مامەڵە لەگەڵ واقیعی ئەم کۆمەڵگە و پرسەکانی دەکەن.

سەبارەت بە سەفیناز عەفداکی، نووسەر و دەرهێنەری سینەمایی کە لە ساڵی 2015 لە زانکۆی دیاربەکر لە تورکیا خوێندنی تەواوكرد، پێی وایە کە دیارترین ئاستەنگی بەردەم ژنان لە سینەمادا ئەو تێڕوانینەیە کە دەڵێت سینەما گۆڕەپانێکە تەنها بۆ پیاوان.

عەفداکی پێی وایە داب و نەریتی کۆمەڵایەتی و خێزانی و بارودۆخی ئابووری نەبوونی هۆشیاری رێگرن لەبەردەم ئافرەتان. دەشڵێت: ژنان هێشتا ئەزموونی کارکردنیان لە هەندێک بەشی پەیوەست بە سینەما، وەک دەرهێنان، ئەندازیاری دەنگ و هتد.. لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی نەبووە.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، بە گۆڕانی واقیع و ئەو کراوەییەی هاتەپێش، واقیعی سینەما و پرۆسەی بەشداریکردنی ژنانیش لەم بوارەدا گۆڕا. لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای سەرکەوتنی کچان لە ئەنجامدانی ڕۆڵەکانیان، دەرهێنەرەكە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناوچەكە پێویستی بە ئەکادیمیا هەیە بۆ فێرکردنی نواندن .

هەروەها نەژبیر غانم ڕوونی دەکاتەوە کە سەختییەکان “پەیوەندی بە لایەنی ئەمنی”شەوە هەبووە، لەوانە بۆردومانکردنی دووبارەی ناوچەکە. چونكە تیمەکە بەزەحمەت دەیانتوانی بچنە دەرەوە بۆ ناوچەکانی وێنەگرتن، بەتایبەتی کاتێک ڕۆڵیان دەگێڕا کە “پێویستی بە لەبەرکردنی جلوبەرگی سەربازی یان هەڵگرتنی چەک هەبوو.

داڕشتنەوەی: محەمەد حەبەش