چیرۆكی ڕاپەڕینەكەی 12 ی ئاداری قامشلۆ

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

لە دوانزەی ئاداری هەموو ساڵێکدا کورد لە رۆژئاوای كوردستان یادی راپەڕینی ئادار دەکەنەوە، کە ڕووداوەکانی لە شاری قامشلۆ ڕوویانداوە و لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا گەیشتە تەواوی شارە کوردییەکان و حەلەب و دیمەشقی پایتەخت.

بەهۆی رووداوەکانی ئەو ڕۆژە و ڕۆژانی دواتر، جگە لە دەیان بریندار، زیاتر لە 30 کەسیش گیانیان لە دەستدا، ، بەپێی خەمڵاندنەکانی دەزگاکانی مافی مرۆڤی کورد، لەو ماوەیەدا هێزە ئەمنییەكانی سوریا زیاتر لە 2000 کەسیان دەستگیرکرد.

ڕووداوەکان لەوکاتەوە دەستیان پێکرد، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکی تۆپی پێ لە شاری قامشلۆ شەڕ لەنێوان هاندەرانی یانەکانی فەتوە و جیهاد سەریهەڵدا، دوای ئەوەی هاندەرانی یانەی فەتوا بەردیان لە  هاندەرانی جیهاد گرت، بەڵام دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکانی سوریا و تەقاندنی فیشەک دژی هاندەرانی جیهاد دۆخەكەی خراپتر کرد.

پێش ئەوەی هاندەرانی یانەی فەتوە بگەنە گۆڕەپانەکە، لە شەقامەکانی شاری قامشلۆدا دەسوڕانەوە و دروشمی ئیستفزازییان دەوتەوە و سووکایەتییان بە سەرکردە کوردەکان دەکرد.

سەرەڕای بوونی پۆلیس لە دەروازەکانی یاریگای شارەوانی (یاریگای 12ی ئادار) لە شارەکە، هاندەرانی یانەی فەتوە توانیویانە بێ پشکنین بچنە ناو یاریگاکە و بە پێی شایەتحاڵان و گرتەی ڤیدیۆیی دار و چەقۆ و بەردیان لەبەردەستدا بووە .

پێش ئەوەی فیكەی دەستپێکی یارییەكە لە نێوان هەردوو یانەکە لێبدرێت، گرژییەکان زیاتر بوون، هەروەها دروشمەکانی هاندەرانی فەتوە زیاتر بوو و دەستیان کرد بە فڕێدانی بەرد و دار و لێدانی هاندەرانی یانەی جیهاد.

هێزە ئەمنییەکان دەستوەردانیان کرد و گولـلەیان ئاڕاستەی هاندەرانی یانەی جیهاد كرد و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستدا.

لە بەرنامەی وەرزشی خۆیدا بەناوی “یاریگا سەوزەکانمان”، ڕادیۆی سوریا هەواڵی وەستاندنی یاری نێوان یانەکانی جیهاد و فەتوەی بڵاوکردەوە، لەئەنجامی پێکدادان لەنێوان هاندەرانی ئەو دوو تیپە.

هەزاران هاووڵاتی قامشلۆ بەرەو یاریگاکە ڕۆیشتن بۆ ئەوەی بزانن چی بەسەر منداڵەکانیاندا دەگوزەرێت، چونکە گوێیان لە دەنگی هاوار و شەڕ و تەقە لە ناو یاریگاکە بوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان لێکردن بۆ چوونە ناو یاریگاکە.

دۆخەكە بەردەوام بوو تا پارێزگاری ئەوكاتی حەسەکە سەلیم کەبول گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە، بە وتەی شایەتحاڵان و ناوەندی بەڵگەنامەی سەرپێچیەکان، کەبول فەرمانی پێکراوە کە فیشەکی زیندوو ئاراستەی خەڵکە کۆبووەوە بكرێت بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆریان کوژران و  بریندار بوون.

بۆ ماتەمینی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی یەکەمدا گیانیان لەدەستدا، هەزاران کەس لە دانیشتوانی قامشلۆ و گوندەوارەكانی و شارەکانی نزیکی ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دیسانەوە دەستیان بە تەققە كرد، دواتریش ڕاستەوخۆ ماتەمگێڕانیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێكەوتەوە.

مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ خەڵكەكە وایكرد پرۆسەی پرسەکە بگۆڕێت بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوان کە شارە  کوردستانییەكانی گرتەوە، لەوانە عامودێ، دێربەسی، تربەسپی، مەعبەدە، دێرک، سەرێ كانی، کۆبانێ، عەفرین و زانکۆی حەلەب، گەڕەکی شێخ مەقسوود، ئەشرەفیە و دیمەشقی پایتەخت.

لە چواردەی مانگی ئاداردا خۆپیشاندانێکی گەورە لە شاری کۆبانێ ڕوویدا و دەزگا ئەمنییەکانی سوریا دەستوەردانیان کرد و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و لە ئەنجامدا بەشێکیان برینداربوون، دۆخەکە تا سی و یەکەمی مانگی ئادار بەردەوام بوو، ئەو کات دەزگا ئەمنییەكانی سوریا هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی بەرفراوانیان لە شارەکەدا دەستپێکرد.

لە ١٦ی ئاداردا هەزاران کەس لە دانیشتووانی شاری عەفرین بە هاودەنگی لەگەڵ قامشلۆ و شارەکانی دیکە رژانە سەر شەقام، هاوکات خۆپیشاندانێکی پشتگیری گەورە لە گەڕەکی ئەشرەفیە کە زۆرینەی کوردی لە شاری حەلەب هەیە بەڕێوەچوو.

ناڕەزایەتییەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوون، دوای ئەوە هەڵمەتێکی گرتنی بەرفراوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سوریاوە لە ناوچە کوردنشینەکان دەستیپێکرد، 60 قوتابی کورد لە زانکۆکانی سوریا دەرکران، لەنێویاندا 11 قوتابی کە بۆ هەمیشە لە زانکۆکان دوورخرانەوە.

ئێستا کە بەڕێوەبەری خۆسەری لە قامیشلۆ دامەزراوە، ساڵانە لە هەمان ڕۆژ و لە هەمان گۆڕەپاندا یارییەکی دۆستانە لە نێوان هەردوو یانە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەستی دۆستایەتی و برایەتی نێوان دانیشتوانی ئەو دوو دەڤەرە.

ناوی یاریگاکەش بووە 12ی ئادار لە یادی ئەو قوربانیانەی لە ڕووداوەکاندا کەوتنەوە، کە کوردەکان بە ڕاپەڕین لە دژی دەزگا ئەمنییەکانی سوریا وەسفی دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەبدولسەلام خۆجە