گوندەواری دیمەشق.. هەژاران ئێسك و چەوری دەكەنە جێگرەوەی گۆشت بۆ سەر خوانەكانیان

محەمەد ئەلموسا – گوندەواری دیمەشق

دانیشتوانی شاری دوما لە گوندەواری دیمەشق بەدەست بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی هەموو جۆرەكانی گۆشتەوە دەناڵێنن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بارودۆخی سەختی ژیان و کەمبوونەوەی هەلی کار و داهاتی مانگانە و سەختی دۆخی ئابووری سووریا كە ماوەی زیاتر لە دە ساڵە دووچاری بووە.

نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ گەیشتووەتە 210 هەزار لیرەی سووری، هاوکات نرخی یەک کیلۆ گۆشتی مانگا گەیشتووەتە 200 هەزار لیرەی سووری . سەبارەت بە گۆشتی گامێش، نرخی هەر کیلۆیەکی گەیشتووەتە 60 هەزار لیرە، هەروەها كیلۆیەك گۆشتی مریشک بە 45 هەزار لیرەی سوورییە.

“ئەحمەد” (نەیویست ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا بکات)، تەمەنی 45 ساڵە، نیگەرانە لە گرانبوونی نرخی گۆشت، ئاماژە بەوە دەکات ماوەی پێنج مانگە نەیتوانیوە گۆشت بکڕێت بەهۆی گرانبوونی نرخەكەی، چونكە هاوتای داهاتی مانگانەی ئەو نین.

ناوبراو لە بازاڕەکانی شاری دوما لە گوندەواری دیمەشق ئێسک دەکڕێت، كیلۆی بە 10 هەزار لیرەی سووری، تا هاوسەرەکەی بتوانێت بیکوڵێنێ و لە خواردندا بەکاری بهێنێت بۆ بەدەستهێنانی بڕێک چەوری.

لای خۆیەوە “نیهاد” بەهەمان شێوە ناوی تەواوی خۆی ئاشکرا نەکردووە، ئەو ژنێکی ماڵەوەیە و تەمەنی سی ساڵانە، بە نۆرس پرێسی وت ئەو شتە دەکڕێت کە بە گۆشتی نەترا ناسراوە.

گۆشتی نەترا کە تێکەڵەیەک لە ئێسک و چەوری و پێست، بەیەکەوە كیلۆی بە 40 هەزار لیرەی سووری دەفرۆشرێت.

ئەم ئافرەتە دەڵێت، مانگانە یەک کیلۆ لەم جۆرە گۆشتە دەکڕم، چونكە مووچەی هاوسەرەکەم تەنها 280 هەزار لیرەی سوورییە.

لای خۆیەوە لەما، مامۆستایەکی تەمەن 33 ساڵە، پەنا بۆ جێگرەوەكانی گۆشت دەبات بە نرخێكی كەمتر دەیانكڕێت کە بریتین لە چەوری لەگەڵ پەتاتەی کوڵاودا دەکوڵێنرێت و بەکاردێت بۆ زیادکردنی تام  بۆ ژەمەکان.

ئەو مامۆستایە دوای مردنی هاوسەرەکەی لەگەڵ دوو منداڵەکەی دەژی، مووچەی مانگانەی 150 هەزار لیرەی سورییە، بە پێی نرخی دۆلار لە بازاڕ هاوتایە بە 20 دۆلاری ئەمریکی.

ئەم جێگرەوەی گۆشتە لە ناوچەكە بە “گۆشتی هەژاران” ناودەبرێت و لە نێو زۆرێک لە خێزانەکانی گوندەواری دیمەشقدا بژاردەیەكی بەناوبانگە.

نرخی یەک کیلۆ “گۆشتی هەژاران” لە نێوان 50 هەزار لیەی سووری بۆ 75 هەزار لیرەدایە و نرخەکەی بەندە بە ڕێژەی چەوری ناو تێکەڵەکە.

لای خۆیەوە مستەفا سەتلە (تەمەن 40 ساڵ) کە خاوەنی دوکانێکە لە بازاڕی سەرەکی دوما، ئاماژەی بەوەدا، گرانبوونی نرخی گۆشت بەهۆی بەقاچاخبردنی ئاژەڵە بۆ وڵاتانی عێراق و لوبنان دەگەڕێتەوە.

 ناوبراو لە لێدوانێکیدا بۆ نۆرس پرێس دەڵێت، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی تێچووی گواستنەوە زیادیکردووە، بەو پێیەی نرخی لیترێک گازوایل گەیشتووەتە 15 هەزار لیرەی سوری. هەروەها خاڵە ئەمنییەکان بەرتیل تا 50 هەزار لیرە دەسەپێنن بۆ گواستنەوەی ئاژەڵ بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت بچنە ناو شارەکەوە.

دوای زیاتر لە 12 ساڵ لە شەڕی سوریا، وڵاتەکە رووبەڕووی قەیرانێکی ئابوری قورس بووەتەوە و دراوی ناوخۆیی زیاتر لە 99%ی بەهاکەی لەدەست داوە. بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرینەی خەڵکی سوریا ئەمڕۆ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، لەکاتێکدا زیاتر لە 12 ملیۆنیان بەدەست نەبوونی ئاسایشی خۆراکییەوە دەناڵێنن.

داڕشتنەوەی: محەمەد حەبەش