قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ بە جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردییەوە، سەدان ئافرەتی خەڵکی شاری قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ڕێپێوانێکی جەماوەرییان سازكرد.
ئافرەتان لە هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە لەبەردەم شەقامی سۆنی لە ناوەڕاستی شاری قامشلۆ کۆبوونەوە ، ژنان بە بەرزكردنەوەی ئاڵا و دروشم خەباتی ئافرەتانیان بەرز نرخاند.
ڕێپێوانەکە بە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکەدا لە ناوەڕاستی بازاڕدا تێپەڕی، بەرەو بەردەم سەنتەری محەممەد شێخۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر، لەوێشەوە ئاهەنگ دەستیپێکرد.
لەیلا سلێمان، دانیشتووی شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێس وت: هاتووینە دەرەوە بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ئەمڕۆ لەنێو ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە مەزنانەی کە ژنان بەدەستیان هێناوە، ئەم یادە دەکەینەوە.
ناوبراو رایدەگەیەنێت ئێستا ژنان دەتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان لە هەموو لایەنەکانی ژیانی سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتیدا بگێڕن.

لای خۆیەوە ڕۆدین عیسا، وەك ئافرەتێك بەشداری ئەم رێپێوانەی كردبوو رایگەیاند پیرۆزبایی 8 ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە هەموو ژنانی جیهان و ئەو ژنانە دەکەین کە لە پێناو ئازادیدا قوربانییان دا.
دەشڵێت لە سەرەتای مانگی ئادارەوە خۆمان بۆ چالاکییەکانی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان ئامادە دەکەین، ڕێپێوان لە هەموو ناوچەکان ڕێکدەخەین، وتار دەدەین سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، جگە لە ڕێکخستنی ئاهەنگ لەسەر ئاستی شارەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ یادی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان دەکەینەوە لە ئەنجامی ئەو قوربانیدان و دەستکەوتانەی کە ژنان بەدرێژایی ساڵانی شەڕ بەدەستیان هێناوە، توانیان هەموو ئەو سنووردارکردنانە بشکێنن کە بەسەریاندا سەپێندرابوون و ئازادی خۆیان بەدەستبهێنن.
ئەوەش دەخاتەڕوو، ژنان بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی ناوچەکانیان و ئاوارەبوونیان لە شارەکەیان بە وێرانکارییەکانی شەڕدا تێپەڕیون، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەریاندا هاتوون، هەڵوێستی خۆیان سەلماندووە .
لای خۆیەوە ڤانا محیۆ دەڵێت، تا ئێستاش چالاکییەکانمان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانەوە بەردەوامن، تا هەشتی ئاداریش بەردەوام دەبین و ئاهەنگەکە لەسەر ئاستی ناوچەكە بەڕێوەدەبەین.