بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، دیوارەكانی قامشلۆ بە تابلۆ دەنەخشێندرێن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان کە دەکەوێتە 8 ی مارس، ئامادەکارییەکان لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان تایبەت بەم ڕۆژە دەستی پێكردووە. دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە ئافرەتان دەست دەکەن بە ڕازاندنەوەی شەقامەکانی شارەکە بە دروشم و ئاڵا و وێنەی ژنان.

لە 8 ی ی مارس ئافرەتان لە قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی لەبەر دەکەن و لە شوێنێک کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ڕۆژە نێودەوڵەتییەکەیان.

ئەمساڵ گرووپی شێوەكاریی ئۆرکید بە بەشداری 21 کەس دەستپێشخەری کرد بۆ ڕازاندنەوەی شەقامەکانی شاری قامشلۆ بە هێما و وێنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.

سامر کالۆ، شێوەكار و بەرپرسی گروپی ئۆرکید، بە نۆرس پرێسی وت، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، ویستمان لەم ڕۆژەدا جێپەنجەی خۆمان جێبێڵین، بەو پێیەی شەقامەکانی شاری قامیشلۆمان ڕازاندەوە و 21 تابلۆمان نەخشاند کە بریتین لە هێما، وێنە و دەربڕینی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان.

دەشڵێت ئەو وێنە و تابلۆیانەی کێشمان تەنیا پەیوەندی بە ئافرەتانی کوردەوە نییە، بەڵکو هەوڵمانداوە رەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی ناوچەكە بێت.

ئەو شێوەكارانەی لە گروپی ئۆرکید کە ئەم تابلۆیانە دەکێشن، قوتابی قوتابخانە و زانکۆن و ژمارەی بەشداربووانی ئەم دەستپێشخەرییەش نزیکەی 21 شێوەكارن.

راشیدەگەیەنێت سەرەتا ئەم دەستپێشخەرییەمان لە ناحیەی تربەسپی ئەنجامدا، وێنەمان لەسەر دیوارەکان کێشا، دوای ئەوە ڕوومان لە شاری قامشلۆ کرد، ئامانج لەم دەستپێشخەرییە خۆبەخشانەیە، نمایشکردنی ڕەنگەکانی بەهار بۆ ئافرەتان و گەیاندنی پەیامی پیرۆزباییە بۆ تەواوی ئافرەتان لەم رۆژە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، دەستپێشخەرییەکی دیکە لەلایەن گرووپی ئۆرکیدەوە هەیە بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە و بەو بۆنەیەوە تابلۆ لەسەر دیوارەکانی شارەکە دەنەخشێنین.

لای خۆیەوە ئەحمەد حسێن، یەکێک لە خۆبەخشەکانی گرووپی شێوەكاری ئۆرکید، دەڵێت ئەم تابلۆ و وێنانە تەرخان دەکەین بۆ هەموو خانمان و پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانییان لێدەکەین.

ئەوەش دەخاتەڕوو ویستمان شەقامەکانی شارەکە بڕازێنینەوە و لەڕێگەی وێنەکێشانەوە جوانییەكی زیاتر بە شەقامەكان بدەین.

ئامادەكردنی: نالین عەلی