گوندی “دیرۆنا ئاغی” یەکێکە لەو گوندە دێرینانەی کوردی تێدا نیشتەجێ بووە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
بە پشتبەستن بە بەڵگە مێژووییەکان و چەندین بەڵگە شوێنەوارییەکان، گوندی “دێرونا ئاغی” (بە عەرەبی دێر ئەلغوسن) یەکێکە لە کۆنترین گوندەکانی ناوچەی “ئالیان” لە گوندەواری شارۆچکەی رمێلان لە رۆژئاوای کوردستان.
ئەو گوندە دەکەوێتە ناوچەکانی باکووری گوندەواری شارۆچکەی رمێلانەوە و بە دووری 30 کم لە سنووری نێوان سووریا و تورکیاوە دوورە، 200 خانووی کۆن لەخۆدەگرێت کە مێژووەکەیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی سکەی پارە لەو شوێنە، کە تەمەنی بە هەزاران ساڵ پێش زایین مەزەندە دەکرێت و گۆڕەکانی بە وێنەکێشانی زۆر کۆن هەڵکەندراوە.

گوندەکە لە لای رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی باترزان و لە لای رۆژئاوا لەگەڵ گوندی عەتابە دراوسێیە، سەبارەت بە دیوی باکووریشی لەگەڵ کێڵگەی گوندەکە و لە لای باشوورەوە لەگەڵ گوندی باکر ئۆگلی هاوسنوورە.
ئەو گوندە کۆنە وەک ماڵی باو و باپیران وەسف دەکرێت و بەهۆی فراوانبوونی شارەکانەوە بیناسازیی تێدا فراوانتر بووە، دواتر دیاردەی کۆچبەریی لە ناوچەکەدا تەشەنەی کردووە و بەنزیکەی دانیشتووانی تێدا نەماوە، بەڵام تا ئێستاش شایەتحاڵی زۆری رووداوە مێژووییەکانە.
مستەفا کاهیل، مامۆستای خەڵکی گوندەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نۆرس پرێس رایگەیاند، کە ئەم گوندە بە یەکێک لە شوێنە دێرینەکانی کورد دادەنرێت، بەپێی ئەو گۆڕستانانەی تێیدا دۆزراونەتەوە، مێژوو و ناوەکانیان بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەملوکەکان.
کاهیل دەشڵێت، دێرۆنا ئاغی تەنانەت لە سەردەمی فەرەنساشدا قەزایەک بووە، بەڵام دوای گواستنەوەی قەزاکە بووەتە گوند و خوێندن لەوێ لە ساڵی 1947 لە قوتابخانە ناوەندی و سەرەتاییەکاندا دەستیپێکردووە، زۆرێک لە شوێنەوارە دێرینەکان تا ئێستاش هەر ماون، وەک گەڕەکی سووکس و رێگای ئاوریشم، بەڵام بەهۆی کۆچبەری و بارودۆخی شەڕ و ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ناوچەکە بەگشتی تووشی دەبێت، نزیکە تەواوی دانیشتووانی کۆچیان کردووە”.
“کاهیل” بەداخەوە لە کۆچی گەنجان لە گوندەکە و ناوچەکە دەڕوانێت و وتی، “بەم دۆخە و واقیعی ئێستا دڵگرانین، و هیوادارین هەموو لایەک بە تەندروستییەکی باش و سەلامەتیەوە بگەڕێنەوە و ئاسایش بەڵ بەسەر وڵاتدا بکێشێت.”
کورد دانیشتوانی رەسەنی گوندی دیرۆنا و گوندەکانی دەوروبەری پێکدەهێنن، خەڵکەکەی سەر بە خێڵی جیاوازن، کوردەکانی ئەوێ موسڵمان و مەسیحیشیان تێدایە، لەگەڵ گواستنەوەی ناوچەکەش لە رابردوودا بۆ تل کۆچەر (الیەعروبییە)، زۆرێکیان لەوانە کۆچیان کردووە بۆ شارەگەورەکان و ناوچەکانی دیکە.
لەڕووی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەباوە، خەڵکی گوندەکە پشت بە بەکارهێنانی پانێڵی خۆر دەبەستن لە ئێستادا، لەئەنجامی زیانەکانی تۆڕەکانی وزە و دامەزراوە گرنگەکان بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیاوە.
لەو گوندەدا گۆڕی شوێنەواری دێرین دۆزراوەتەوە، وەک ژووری “حاجی محەممەد” کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی مەملوکەکان، لە شوێنە کۆنەکانی گوندەکەدا “گردی قەشلی، گردی دیدۆ، گۆڕستانی مەسیحییەکان، خانی رێگای ئاوریشم و قوببەى شێخ یەحیا” بوونیان هەیە.

مەحمود یەحیا محەممەد، دانیشتووی ئەو گوندە و لەدایکبووی ساڵی 1948 دەڵێت، گوندی دیرۆنا یەکێکە لە گوندە کۆنەکانی ناوچەکە، لە رۆژانی سەردەمی فەرەنساوە کوردی تێدا بووە، بەڵام ئێستا بەنزیکەیی چۆڵ بووە بەهۆی کۆچی گەنجان و خێزانەکانەوە لە بارودۆخی سەختی ژیان و شەڕ، کەرەستەی سەرەتایی و سووتەمەنی نییە، بۆیە زۆرێک کۆچیان کردووە و ئەم گوندەیان بەجێهێشتووە.
لە نێو ئەو 200 خێزانە، بنەماڵەی مەحمود یەحیا یەکێک بووە لەو خێزانانەی کە ئەندامەکانی کۆچیان کردووە، ئەو دەڵێت، “کۆچ بۆتە پێویستییەک بۆ هەمووان، لە خێزانەکەمدا، 3 کوڕم سەفەریان کردووە، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ژێرخانی، وەک ئاو، کارەبا و ئەوانی تر”.
بەپێی بەڵگە شوێنەوارییەکان، گوندەکە کۆمەڵێک خانووی بازنەیی لەخۆگرتووە، کە هەندێکیان لەژێر زەویدا دروستکرابوون، تا ئەو کاتەی گەشەی کرد و چەندین پێکهاتەی تەلارسازی جیاواز لەوێ دروستکران.
مەهدی عەبدی مارێی، لەدایکبووی ساڵی 1940. “ئەو پیاوە بەساڵاچووە”ی بە ماڵەکەی خۆیەوە پەیوەستە، کە تێیدا لەدایک بووە و لێی ژیاوە، هەموو وردەکارییەکانیشی دەزانێت، لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ نۆرس پرێس دەڵێت، “گوندەکە زۆر کۆنە و ئەو دراوانەی کە لە دەوروبەری گردەکەدا دۆزراونەتەوە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەسکەندەری گەورە، زۆرێک لە خەڵکی گوندەکەش بەردیان بینیوە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ماڵە زۆر کۆنەکان، شوێنەواری خانووی بازنەیی هێشتا لە ژێر خاکەکەدا ماوە.
مەرعی دەشڵێت، “خێزانەکەمان 500 ساڵە لەم گوندەن و پێیان دەوترێت بنەماڵەی ‘ئاغا’، گوندەکەمان ژمارەیەک خێڵی جیاوازی کورد لەخۆدەگرێت”.