کۆڕبەندیکی دیالۆگی لە قامشلۆ بە بۆنەی رۆژی جیهانی رادیۆوە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
بە بۆنەی رۆژی جیهانی رادیۆوە، یەکێتی میدیای ئازاد کۆڕبەندێکی دیالۆگی لە شاری قامشلۆ، لەسەر رۆڵی رادیۆ لەناو شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا سازکرد.
لە ژێر دروشمی “رادیۆ…دەنگی شۆڕشی کۆمەڵگا”، سیمپۆزیۆمی دیالۆگی لە پارکی خوێندنەوە لە شاری قامشلۆ، بە بەشداری دەیان پیشەیی میدیایی و رۆژنامەنووس لە رادیۆ و کەناڵەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ سازکرا.
دڵیار جەزیرە، هاوسەرۆکی یەکێتی میدیای ئازاد بە نۆرس پرێسی گوت، “پێشتر هیچ ڕادیۆیەکی تایبەت بە خۆمان لە ناوچەکەدا نەبوو کە ئارەزووی پێدانی هەواڵ و بەرنامەی بە زمانی کوردی هەبێت، ئەوکاتە ئەمە قەدەغە بوو”.
گوتیشی: “بەڵام ئەمڕۆ دەبینین دەیان ڕادیۆ هەن کە دوای شۆڕش دامەزراون و هەواڵ بە زمانی کوردی پەخش دەکەن، جگە لە پێشکەشکردنی هەواڵی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر کە تایبەتن بە بەرنامەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سیاسی، منداڵان و هەموو ئەم بابەتانە بە زمانی کوردی دەخرێنەڕوو”.
“بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ڕادیۆ، کۆڕبەندێکی دیالۆگمان سازکرد بۆ ئاگاداربوون لە مێژووی ڕادیۆ و گرنگییەکەی لەناو شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش لە رۆژئاڤا، نزیکەی 15 ڕادیۆ دامەزران، کە مۆڵەتی بەڕێوبەریی خۆسەرییان هەیە و ئەم ژمارەیەش کەم نییە”.
لای خۆیەوە لیلاف حسێن، رۆژنامەنووس و کارگێڕی رادیۆی ستار ئێف ئێم ڕایگەیاند، ڕادیۆکان بەگشتی کاریان بۆ گەیاندنی ئەو ڕووداوانە کردووە کە لە ناوچەکەدا ڕوویانداوە و توانیویەتی بگەنە زۆرترین ژمارەی گوێگرانی، جگە لە دابینکردنی بەرنامە جۆراوجۆرەکان کە خزمەت بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەن”.
بە ئاماژەدان بەوەی “لەماوەی ئەو ساڵانەی شەڕدا، کە لە ناوچەکانی ڕۆژئاڤا ڕوویانداوە، دەیان ڕادیۆ دامەزران، کە هەواڵیان بە زمانی کوردی و عەرەبی پێشکەش دەکرد، بەڵام بەتایبەتی بە زمانی کوردی، کە بەهۆی سیاسەتی دەوڵەتەوە قەدەغە کرابوو”.
روونیشیکردەوە، “رادیۆی ستار ئێف ئێم کە من کاری تێدا دەکەم، یەکەم ڕادیۆیە تەنها بە ستافێکی ژنان کرایەوە، کە هەموویان کار بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پرسی ژنان دەکەن، ئەمە جگە لە بەرنامەی منداڵان، هەروەها پرۆگرامەکانیش لە ساڵی 2019ەوە پێشکەش دەکرێن بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، بەڵام ئێمە زیاتر سەرنجمان لەسەر زمانی کوردییە”.