یەکێتیی وێنەگرانی سووری یەکەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافی لە رۆژئاوای كوردستان، لە شاری قامشلۆ دەكاتەوە

قامشلۆ – نۆرس پرێس

یەکێتیی وێنەگرانی سووری چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی فۆتۆگرافی لە رۆژئاوای كوردستان، لە شاری قامیشلۆ دەکاتەوە.

  بە بەشداری 43 فۆتۆگرافەر، لە ناوەوە و دەرەوەی رۆژئاوای كوردستان، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە سەنتەری محەممەد شێخۆ بۆ ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری قامشلۆ دەستیپێکرد.

لەمبارەیەوە ئەحمەد ماردنلی، هاوسەرۆکی یەکێتی وێنەگرانی سووری، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، نزیکەی 43 فۆتۆگرافەر لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا بە وێنەکانیانەوە بەشدارییان کردووە، جگە لە بەشداربووانی دەرەوەی ڕۆژئاوای كوردستان کە وێنەکانیان ناردووە بۆ ئەوەی لەناو فێستیڤاڵەکەدا نمایش بکرێن.

ئەوەش دەخاتەڕوو 100 وێنە وەک بەشێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە نمایش دەکرێن و فێستیڤاڵەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژی بەردەوام دەبێت.

هاوسەرۆکی یەکێتی وێنەگرانی سووری دەشڵێت سەرجەم ئەو وێنانەی لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەكرێن بریتین لە دیمەنی شوێنەوار، کولتوور و میراتی ناوچەکە بەگشتی و میراتی کورد بە تایبەتی، هەروەها ئەو بەرگرییەی لەسەر خاكی ناوچەكە روویداوە لەگەڵ ئەو ئازار و ناخۆشیانەی دانیشتوانی ناوچەكە لە ئەنجامی شەڕ و ئاوارەبوون چەشتوویانە لە وێنەكان دەبینرێن.

راشیدەگەیەنێت ئامانج لە سازكردنی فێستیڤاڵەکە هاندانی فۆتۆگرافەران و پێدانی دەرفەتە بۆ نمایشکردنی بەهرەکانیان، هەروەها ئاشناکردنی جیهانە بە کولتووری ناوچەکانمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرەتادا بەناوی کۆمەڵەی وێنەگران لە سوریا، كاریان دەكرد، کۆمەڵەکەش لە ساڵی 2021 دامەزرا، بەڵام دوای ئەنجامدانی كۆنگرەی دووەمیان، بڕیاردرا کۆمەڵەکە بگۆڕن بۆ یەکێتی وێنەگرانی سووری و هەموو ساڵێک فێستیڤاڵێک بەڕێوەببەن.

ئامادەكردنی: نالین عەلی