بریندارێكی بۆردومانەكانی تورکیا: ئەو هاوڕێیانەم بیر ناچێتەوە لە تەنیشت من گیانیان لە دەستدا

  قامشلۆ – نۆرس پرێس

ڕۆبین لە ژوورێکی بچووکی ماڵەکەیدا دادەنیشێت و شوێنی برینەکەی دەپشکنێت، کە لە ئەنجامی بۆردومانێکی تورکیا بۆ سەر شوێنی کارەکەی دووچاری بووە.

ڕۆبین خەلیل (33 ساڵ) دانیشتووی گەڕەکی هیلالییە لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان، دوای تەواوکردنی خوێندنی لە شاری دێرەزوور، نەیتوانی بە بڕوانامەکەی کار بکات و دواتر کاركردنی لە چاپخانەی سیماڤ هەڵبژارد .

رۆبین ماوەی 7 ساڵە بەرپرسی بەشی داواکاری و یاریدەدەری بەشی دیزاینە لە چاپخانەكە، ناوبراو بۆ نۆرس پرێس دەڵێت: چاپخانەکە مەدەنی بوو، ئێمە کاغەز و کتێبی مەدەنیمان چاپ دەکرد و ئەوانەی سەردانی چاپخانەکەیان دەکرد، دانیشتووی سڤیلی ناوچەکە و بازرگانانی دوکان بوون.

ئەوەش دەخاتەڕوو بەرەبەیانی 25 ی کانوونی دووەمی رابردوو، هەرچەندە پشووی مەسیحییەکان بوو و لە زۆربەی دامودەزگاکان پشووی فەرمی بوو، بەڵام ئێمە تەنها رۆژانی هەینی پشوومان هەبوو.

ڕۆبین خەلیل دەشڵێت بەو پێیەی لە کۆتایی مانگدا بووین، فشارەکە دوو هێندە بوو لەسەرمان بۆ تەواوکردنی ئەو داواکاریانەی ئاڕاستەمان كرابوون، هەرچەندە دوو ڕۆژ پێش ئەوەی بە ئامانجگرتنەکە ڕووبدات نەخۆش بووم، بەڵام لە رۆژی بۆردومانەکەدا ناچار بووم بەردەوام کار بکەم.

بە وتەی رۆبین هەرچەندە بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ چەند شوێنێکی خزمەتگوزاری لە قامشلۆا بارودۆخی ئەوکات باش نەبوو، بەڵام خۆشەویستیمان بۆ کارەكە وایدەكرد لەگەڵ هاوڕێکانم بەردەم بین لە كار. نزیکەی 20 کەس بووین سەرلەبەیانی ئامانجگرتنەکە کارمان دەکرد، هەمووان لە شوێنی کارەکەیان بوون، لەناکاو گوێمان لە دەنگێکی بەهێز بوو .هەموومان چووینە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانین چی بووە.

ئاماژە بەوەش دەكات بۆنی دوکەڵی بۆردومان دەهات، هەستمان بە ترس كرد بەو پێیەی لە سنووری تورکیا نزیك بووین، دواتر چووینەوە ناو چاپخانەکە، لەناکاو لە بەردەممدا جگە لە وێرانکاری و دوکەڵی ڕەش هیچی دیكەم نەبینی، خۆمم لەسەر زەوی بینیەوە، هاوڕێکانم لە بەردەممدا بینی کە گیانیان لەدەستدا. دواتر منیان گەیاندە نەخۆشخانە .

ئەو راشیدەگەنێت تورکیا پڕوپاگەندەی ئەوەی دەکرد پێگە  سەربازییەکانی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستانی کردووەتە ئامانج، بەڵام چاپخانە پێگەیەكی سەربازی نەبوو، ئێمە کتێب و کاغەز و گۆڤاری منداڵان و هەموو ئەو شتانەمان چاپ دەکرد کە لێمان دەخوازرا بۆ خزمەت كردن بە دانیشتوانی مەدەنی. هەموو ئەوانەی له ناو چاپخانەكەدا کاریان دەکرد، خەڵكی سڤیل بوون، بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان كاریان دەكرد.

رۆبین ئاماژە بەوەكات ئێستا چاپخانەكە وێران بووەو لە كاركەوتووە، دیمەنەکانی ئەو ڕۆژە لە هزر و بیرمدا ماون، دەنگی هاوڕێکانم و پێکەنینیان هێشتا لە گوێمدایە، بۆ من ئاسان نییە لەبیریان بکەم.

دەشڵێت نازانم تورکیا چی لێمان دەوێت، بۆچی ڕاستەوخۆ خەڵکی سڤیل بەم شێوازە نامرۆڤانەیە دەکاتە ئامانج، بۆچی ئەم هەموو بێدەنگییە نێودەوڵەتییە هەیە سەبارەت بەو شتانەی لە ناوچەکانماندا ڕوودەدەن لەلایەن تورکیاوە، بۆچی جیهان دەستوەردان ناکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە تورکیا بكات تا هێرشەكانی بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل و ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ڕابگرێت .

ئامادەكردنی: نالین عەلی