گەڕەکەکانی حەڵەب وەک زبڵدان

دیمەنی کەڵەکەبوونی پاشماوە و پیسی زاڵن بەسەر زۆربەی گەڕەکەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی حەڵەبدا، بەتایبەت گەڕەکەکانی سوکەری و جورەت ئەلئەنساری.

 بەردەوام ڕێژەی پاشماوە ڕۆژانە لە زیادبووندایە، ئەویش لەبەر دواکەوتنی لابردنیان لەلایەن شارەوانی شارەکەوە بۆ چەند ڕۆژێک، و هەندێکجاریش چەند هەفتەیەک، لە کاتێکدا نزیکەی ساڵێکە لە هەندێک شەقامدا بە تەواوی لانەبراون.

بە وتەی ئەو بەرپرسەی بەشی پاككردنەوە، ئەوەی رێگری دەكات لە ئەنجامدانی كارەكانی شارەوانی كەمبوونەوەی سووتەمەنی تەرخانکراوە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی خۆڵ، بۆیە میكانیزمەكانی كۆكردنەوەی زبڵ ناتوانن خولەكانیان تەواو بكەن.

لەو گەڕانەشدا کۆنتێنەرەکان پڕ دەبن لە پاشماوە و کیسە بەدەوریاندا بڵاودەبێتەوە، لە کاتێکدا هەندێک ئاژەڵ و باڵندە کۆدەبنەوە و لەو زبڵانە دەخۆن، لە دووری چەند مەترێک لەوێوە فرۆشیارەکان سەوزە و میوە دەفرۆشن، گرنگی بەو زیانە تەندروستیانە نادەن کە بەهۆیەوە دەیگەیەنن.

دانیشتوانی ئەو گەڕەکانە بەهۆی بۆنە ناخۆشەکانیانەوە بەدەست نەخۆشیی سنگەوە دەناڵێنن، هەروەها هیچ ڕێگەیەکیان نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەدا، جگە لە سووتاندنی شەوانە بۆ کەمکردنەوەی بڕەکەی و کەمکردنەوەی ئەو زیانانەی لێی دروست دەبێت، بەتایبەتی کۆبوونەوەی سەگی بێسەرپەرشت لە شەودا و دەنگەکانیان، بەڵام ئەمە دەبێتە هۆی تەنگەنەفەسی بەتایبەت بۆ کەسانی بەساڵاچوو و نەخۆشانی سنگ، هەروەها ژینگە و هەواش پیس دەکات.