پەنابەرانی رۆژاڤا لە هەولێر توانای بەدەستهێنانی دەرمانیان نییە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئیدریس محەمەد، پەنابەرێکی رۆژئاوای کوردستانە لەو کامپە، بیر لە چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی خێزانە نەخۆشەکەی دەکاتەوە، مانگانە نزیکەی دوو سەد دۆلاری پێویستە تەنها بۆ دەرمان.

ئیدریس دەڵێت، نرخی دەرمان زۆر بەرزە، هەروەها نرخی جۆرێک لە دەرمان لە دەرمانخانەیەکەوە بۆ یەکێکی تر زۆر جیاوازە، دەگاتە دە هەزار دینار و هەندێجاریش زیاتر، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ نەبوونی چاودێری لە یەکخستنی نرخەکاندا .

ئیدریس ناتوانێت دەرمان بۆ بنەماڵەکەی دەستەبەر بکات، بۆیە پەنای بردۆتە بەر هەوڵدان بۆ وەرگرتنی دەرمان بە نرخێکی هەرزانتر لە سوریا، لە کاتێکدا بەشێکی دیکەی دەرمانەکە بە خۆڕایی لە کەسێکی خێرخوازەوە لە بەغدا بەدەست دێنێت، ‘وەک خۆی دەڵێت’.

پەنابەرانی سووری لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، گلەیی لە گرانیی ئەو دەرمانانە دەکەن کە ناتوانرێت وەک کەرەستەی دیکە لێیان ببڕرێت، بە تایبەت لەو رەوشە خراپەی کە تێیدا گوزەران دەکەن.

پەنابەرانی سوری، لە کامپی ” کەوەرگۆسک” لە هەولێر، بەدەست گرانی نرخی دەرمانەوە دەناڵێنن، نرخەکانیان لە دەرمانخانەیەکەوە بۆ دەرمانخانەیەکی تر جیاوازە، ئەمەش وایان لێدەکات هەندێک جار قەرز وەربگرن بۆ ئەوەی دەستەبەریان بکەن، یان بە نرخێکی هەرزانتر لە رۆژئاوای کوردستاوە  لەلایەن هاموشۆکەرانی ئەو رێگاوە بەدەستیان بگات.

لە کامپی”کەوەرگۆسک” دامەزراوەیەکی پزیشکی هەیە، جگە لە دەرمانخانەیەک کە بەم دواییە دامەزراوە، کە لە ڕێگەیەوە پزیشکان خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بە خێزانە پەنابەرەکان دەکەن، بەڵام بەخۆڕایی نییە، واتە پەنابەران ناچارن

تێچوونەکانی لە ئەستۆ بگرن، هەرچەندە هەندێک جار خزمەتگوزاریەکانیان لە هەندێک حاڵەتدا نزیکە لە خۆڕاییەوە.

زوبەیدە عەجۆ، پەنابەری رۆژئاوای کوردستان، گلەیی لە گرانی نرخەکان دەکات، لە کاتێکدا مانگانە سێ جار جۆرێک دەرمان دەکڕێت، بە نۆرس پرێس دەڵێت: “نرخی دەرمانەکەم دەگاتە پەنجا هەزار دینار، چونکە من بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنم، لەوانەش بەرزی پەستانی خوێن و بەرزی شەکرە”.

کامپی”کەوەرگۆسک” زۆرێک لە خێزانە پەنابەرەکانی سوری و رۆژئاوای کوردستان لەخۆدەگرێت، زۆریان بەدەست نەخۆشی مامناوەندەوە دەناڵێنن کە پەیوەندییان بە تەمەنەوە هەیە، هاوکات ئەو خێزانانەش هەن کە بەدەست نەخۆشییە درێژخایەنەکانەوە دەناڵێنن و پێویستیان بە چاودێری پزیشکی تایبەت و دابینکردنی بەردەوامی دەرمان هەیە.

پێشتر پەنابەرانی رۆژاڤا سوودمەند بوون لە خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانی ئەو کلینیکە پزیشکییەی کە لە دوای دروست کردنی کامپەکەوە لە ناو کەمپەکەدا دامەزرابوو، بەڵام لەم دواییانەدا لە چوارچێوەی کشانەوەی وردە وردەی بەشێک لە هاوکارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڵوەشایەوە.

چەند پزیشكێکی کوردی رۆژاڤا لەناو كەمپەكەدا بەشێك لە بارگرانی ئەو پەنابەرانە هەڵدەگرن و لە هەوڵدان بۆ یارمەتیدانیان، لەنێویاندا دكتۆر رامان محەمەد كە چەندین خزمەتگوزاری نیمچە بێبەرامبەر پێشكەش بە خێزانەكانی ناو كەمپەکە دەكات.

رامان دەڵێت، “زۆربەی خێزانەکان ناتوانن تێچووی زۆری دەرمان بدەن، بۆیە ئێمە بە قیست پارەی دەرمانیان لێ وەردەگرین، هەروەها نیوەی نرخی دەرمان بۆ هەژارترین خێزانەکان وەردەگرین و هەندێ جار پشکنینی پزیشکی بەخۆڕایی پێشکەش دەکەین.”