زانکۆی کۆبانێ ڕێوڕەسمێکی بۆ واژۆکردنی کتێبێك له‌باره‌ی فۆلكلۆری ناوچه‌ی كۆبانێ رێكخست
كۆبانی – نۆرس پرێس
دوێنێ، زانکۆی کۆبانێ لە یەکەم ساڵیادی کۆچی دوایی نووسه‌ر ( عارف حسۆ)، ڕێوڕەسمێكی بۆ واژۆکردنی کتێبی ( به‌رهه‌ڤۆكه‌ك ژ فۆلكلۆرا كۆبانێ) ی ئه‌م نووسه‌ره ڕێکخست.
له‌مباره‌یه‌وه شەرڤان موسلیم، هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ ڕایگەیاند، خوالێخۆشبوو حسۆ مامۆستا بووە لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کۆبانێ، هەروەها سه‌رقاڵی ئامادەکردنی کتێبێک بووە کە باس لە فۆلکلۆری ناوچه‌ی کۆبانێ دەکات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.

موسلیم بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، لە کتێبەکەدا ناوی گوندەکانی کۆبانێ و ئەدەبیاتی زارەکیی تێدایە، جگە لەوەی باس لە داب و نەریتی ئەم ناوچەیە و ناوی هۆزه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره دەکات.
ده‌شڵێت، کتێبەکە بە بەرهەمێکی فیکری ئەدەبی دادەنرێت کە بە وردی باس لە فۆلکلۆری ناوچەی کۆبانێ دەکات.
ئه‌وه‌یشی خسته‌روو، زانکۆی کۆبانێ ئامادەکردنی کتێبەکەی تەواو کرد، چونکە نووسه‌ر پێش چاپکردنی كتێبه‌كه کۆچی دوایی کرد، زانکۆش لیژنەیەکی پسپۆری پێکهێنا کە وانە و ره‌شنووسه‌كانی (عارف حسۆ) ی کۆدەکردەوە.
هاوسەرۆکی زانکۆی کۆبانێ ئاماژەی بەوەدا زانکۆی کۆبانێ نزیکەی 200 دانه‌ی له کتێبەکە چاپکردووە و لە مەراسیمێكی واژۆکردندا بە ئامادەبوونی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو بێ بەرامبەر دابەشکرا.
ده‌شڵێت: بەگشتی کتێبەکە بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی کتێبخانەی کوردی گرنگه، به تایبه‌تی له‌بواری فۆلکلۆردا.
ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆی کۆبانێ تێچووی چاپکردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی کتێبەکەی له ئه‌ستۆگرتووه، ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ یادی کۆچکردوو، کە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی لە زانکۆکەدا هەبووە.
هه‌ر له چوارچێوه‌ی واژۆكردنی كتێبه‌كه چه‌ند هه‌ڵبه‌ستێك له‌لایه‌ن قوتابیان و بڕگه‌ی هونه‌ری پێشكه‌ش كرا.