هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و چارەنووسی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، پاش 18ساڵ لە ئەنجامنەدانی لە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و 10 ساڵ دابڕان لە شارەکانی دیکەی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد.
جگە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم شارە عێراقی و شارە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە هەرێمی کوردستان، کە گرنگترینیان کەرکووکە، هەڵبژاردنی پارێزگاکان ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، سندوقەکانی دەنگدان لە کاتژمێر 07:00ی بەیانی بەکاتی ناوخۆ لە سەرجەم ئەو ناوچانە بەڕووی دەنگدەراندا کراونەتەوە.
لە کاتێکدا، بە گوێرەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 7166 بنکەی دەنگدان لە ژێر ڕێوشوێنێکی توندی ئەمنیدا تا کاتژمێر6ی ئەم ئێوارە بەڕووی دەنگدەراندا لە سەرانسەری عێراقدا کراوە دەبن.
نزیکەی 17 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی لە نێوان 6 هەزار کاندیددا کە کێبڕکێیانە لەسەر 285 کورسی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا.
لە پارێزگاکانی کەرکووک و دیالە و موسڵ و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە، کورد بە چەند لیستێکی جیا و تاڕادەیەک “بێ کۆدەنگی” بەشداری هەڵبژاردنەکە دەکەن، هەرچەندە گەلی کوردستان و قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەم هەڵبژاردنە وەک کەرەستەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ سەلماندنی دەنگی کورد و بوونی لەو ناوچانەدا تەماشا دەکەن.
ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی سەداممەوە لە ساڵی 2003 دامەزراوە، ئەنجومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتێکی فراوانیان هەیە، گرنگترینیان هەڵبژاردنی پارێزگار و دانانی بودجەیە بۆ تەندروستی و گواستنەوە و پەروەردە لە رێگەی ئەو پارەیەی لە بودجەی گشتیدا بۆیان تەرخانکراوە ، کە 90%ی داهاتەکانی پشت بە نەوت دەبەستێت.
هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بەبێ رەوتی سەدر بەڕێوەدەچن، کە یەکێکە لە بزووتنەوە سیاسییە دیارەکانی عێراق، بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر، دوای ئەوەی رایگەیاند کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە سەرجەم ئەو 15 پارێزگایە دەکات کە تیایدا بەڕێوەدەچێت.
جگە لەوەش، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەستکەوتێکی سیاسی گرنگە بۆ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی، کە بەڵێنی چاکسازی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی ژێرخانی داوە، لەو کاتەوەی دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
هەرچەندە چاوەڕوانییەکی زۆر نیە بۆ بەشدارییەکی فروان لەم هەڵبژاردنەدا، بەڵام شارەزایان پێیان وایە، پێگەی پارت و بزووتنەوە هاوپەیمانەکانی ئێران بەهێزتر دەکات، کە زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە و نوێنەرایەتی پارتە تەقلیدییە شیعەکان و بەسێک لە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکەن.
بێگومان نەبوونی کۆدەنگی سیاسی زیان بە دۆزی ئەو ناوچە کوردستانییانە دەگەێنێت و دەنگی کورد لەو ناوچانە پەرت دەکات، بەڵام هێشتا چاوەڕوانییەک هەیە بۆ بەدەستهێنانی رێژەیەکی بەرچاو لە دەنگ لەو شارە کوردستانیانەی دەرەوەی نەخشەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لە پارێزگاکانی کەرکووک و موسڵ و نەینەوا.
هێشتا پرسیارەکە ئەوەیە، کە ئایا کاریگەری ئەم دەنگدانە پاش ئەو دابڕانە زۆرە لە سەر دۆخی ئەو ناوچانە چی دەبێت بۆ کورد؟ لە نێوان ئەگەر و نەگەرەکانی دوای ئەم هەڵبژاردنە و گەڕانەوە بۆ دۆخی پێش ئەنجامدانی گشتپرسی و دانانەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ شاری کەرکووک هێشتا ئاسۆکانی چارەنووسی کوردستانیانی ئەو پارێزگایە و سەرجەم ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی کوردستان بە لێڵی ماونەتەوە.