قامیشلۆ.. دەستپێکردنی نۆیەمین فێستیڤاڵی رۆژئاوا بۆ ڕۆشنبیری و هونەر

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، چالاکییەکانی نۆیەمین فێستیڤاڵی رۆشنبیری و هونەری رۆژئاوا لە ناوەندی یەكێتی ڕۆشنبیرانی کوردستان لە شاری قامشلۆ دەستی پێكرد.

چالاکییەکانی نۆیەمین فێستیڤاڵی رۆژئاوا بۆ ڕۆشنبیری و هونەر تا 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، تیایدا بابەتی ڕۆشنبیری و هونەری لەسەر ئاستی ناوچەكە لەخۆدەگرێت، بە بەشداری 165 بەشداربوو.

جگە لە پێشکەشکردنی ئێوارەی ئەدەبی و شیعریی و سیمینار و کۆڕی ڕەخنەیی و زمانەوانی و میدیایی پەیوەست بە کاروباری کولتووری گشتی.

کەمال نەجم، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری فێستیڤاڵەكە ڕایگەیاند، ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵی 2014 دەستیپێکردووە و ساڵانە چالاکییەکانی بەڕێوەدەچن، بەڵام سەرەتا لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەچوو، لە سەرەتای ساڵی 2017دا فێستیڤاڵەکە لە شارەکانی قامیشلۆ و کۆبانی دەستیپێکردووە.

ڕوونیشیکردەوە، “فێستیڤاڵی نۆیەمی ئەمساڵ بە یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵەکان دادەنرێت بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو لە ڕووی ژمارەی بەشداربووان و ئەو كار و چالاکیانەی کە لە ماوەی دوو هەفتەدا بەڕێوەدەچن.

هەروەها ئاهەنگی واژۆکردن بۆ سێ کتێب بەڕێوەدەچێت، جیا لە لیستی کۆمەڵێک فیلمی سینەمایی و دۆکیۆمێنتاریی کوردی و سیناریۆی شانۆیی نوێش تایبەت بە فێستیڤاڵەکە ئامادەکراوە.

فێستیڤاڵەکە بە پێشکەشکردنی خەڵاتی داهێنان لەلایەن یەکێتی ڕۆشنبیرانی رۆژئاوای کوردستان و بەڕێوەچوونی نمایشێکی موزیکی کۆتایی دێت.

لای خۆیەوە ئاناهیتا سینۆ، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕۆشنبیران لە هەرێمی جزیرە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، بەڕێوەچوونی نۆیەمین فێستیڤاڵی رۆژئاڤا بۆ ڕۆشنبیری و هونەر بەڵگەی ئەو هەوڵ و کارانەیە کە بەدرێژایی ئەم ساڵانە ئەنجاممان داوە بۆ پاراستنی کولتوورمان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین فێستیڤاڵ و بڵاوکردنەوەی کتێبمان بینی، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر گرنگی ڕۆشنبیری و  هاندانێكی بەهێزە بۆ تەواوکردنی ڕێگاکەمان.

ئامادەكردنی: نالین عەلی