قامشلۆ.. ئاوەدانی و وەبەرهێنانی زیاتر لەناوچەكە ئەنجام دەدرێت

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەحمەد دوای ئەوەی بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی ئەمنی ناوچەکە ئاوارە بوو بۆ وڵاتی لوبنان، بۆ ئەوەی لەوێ کار بکات، سێ ساڵ پێش ئێستا گەڕایەوە شارەکەی خۆی ( قامشلۆ).

ئەحمەد خەڵەف، دانیشتووی شاری قامشلۆیە، کاری دانانی سیرامیک دەکات بۆ باڵەخانە و ماڵ، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کارکردن لە ناوچەکە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو تاڕادەیەک دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

هۆکارەکەی بۆ دۆخی ئابووری و گرانبوونی نرخی کەرەستەی بیناسازی دەگەڕێنێـتەوە، ئەمە جگە لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و هێرشەكانی تورکیا .

دەشڵێت، کارەکانمان باشە، لێرە چێژ لە کارەکانمان وەردەگرین، وەبەرهێنانێکی زۆر لە ناوچەکەدا هەیە بە گشتی، لە دوای گەڕانەوەم لە لوبنانەوە، دەبینم ناوچەكە ساڵ بە ساڵ فراوانتر دەبێت.

خەلەف ڕوونیشیکردەوە، کاتێک ناوچەکە بەر هێرشەکانی تورکیا دەکەوێت، کارکردن ڕادەگرین و لە ماڵەوە دەمێنینەوە تا دۆخەکە سەقامگیر دەبێت، گرژییەكان كاریگەرییان لە سەر ناوچەكە دەبێت.

  لای خۆیەوە مەحمود حوسێن كە ئەویش خەڵکی شاری قامشلۆیە کار دانانی کاشی دەکات بۆ ماڵ و باڵەخانەكان، ڕوونیدەکاتەوە، سروشتی کارەکانیان بەستراوەتەوە بە دۆخی ئەمنی ناوچەکەوە و ئەو هێرشانەی کە ناوەبەناوە ناوچەكەمان رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەمەش وامان لێدەکات لە کارکردن ڕابگرین و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی وەبەرهێنان لە ناوچەكە.

بەهەمان شێوە لای خۆیەوە موشیر حسێن، پێی وایە دۆخی ئەمنی زۆرترین کاریگەری لەسەر کارەکانیان و وەبەرهێنان هەیە لە ناوچەكە بەگشتی.

بەشار خەڵەف، کە هاوکات کار لە دانانی سیرامیک دەکات لە شوقەکاندا، دەڵێت، ناوچەكە بەگشتی و لەم دواییانەدا گەشەسەندنی زیاتری بەخۆوە بینیوە وەبەرهێنانی بەرفراوانتری لێ بەدیدەكرێت، لەڕێگەی درووستكردنی پڕۆژەی باخچە، کردنەوەی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان، دروستکردنی باڵەخانەی نیشتەجێبوون و پڕۆژەی دیکە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ناوچەكە دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک ناوچەکە بەر هێرش و بۆردومان و بەئامانجگرتنی تورکیا دەکەوێت، واز لە کارکردن دەهێنین، ئەوكات پرۆسەی کڕین و فرۆشتن کەم دەبێتەوە، بەپێچەوانەوە کاتێک دۆخی ئەمنی سەقامگیر دەبێت و ئاسایش دەگەڕێتەوە ناوچەکە، دانیشتووان دەست بە کارکردن دەکەنەوە و خانوو  دەکڕن و دەست دەکەنەوە بە وەبەرهێنان.

ڕوونیشی کردەوە، دانیشتووانی ئێرە وەبەرهێنانێکی زۆر دەکەن، تەنانەت بینیمان کەسانێک هەن لە ئەوروپاوە گەڕاونەتەوە بۆ کردنەوەی پڕۆژە و وەبەرهێنان، هەروەها گەشەسەندن لە بواری بیناسازی و ئاوەدانکردنەوەدا هەیە

نالین عەلی