عەفرینی داگیركراو.. میلیشیاكانی سەر بە توركیا بەردەوامن لە بڕینەوەی دار و كەمكردنەوەی رووبەری سەوزایی
شیلا عەبدولحەلیم – نۆرس پرێس
خالد حەنان هەم هەست بە ئازار دەکات و هەم هەست بە بێدەسەڵاتی ، کاتێک تەماشای چەکدارانی گروپی جەیش وەتەنی سوریا دەکات کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، دەیان داری زەیتون لە عەفرینی داگیركراو لە رۆژئاوای كوردستان لە ڕەگەوە هەڵدەکەنن کە تەمەنیان دەگاتە 50 ساڵ.
لەو كاتەوەی تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر ئەنقەرە لە ساڵی 2018 ەوە ناوچەی عەفرینیان داگیرکردووە، چەکدارانی ئەو گروپانە سەرقاڵی بڕینی دارن و ناوچەیەكی بەرفراوانی سەوزایی دەگۆڕن بۆ زەوییەكی وشك و بێ بەرهەم.
دوای لەشکرکێشی تورکیا و ئاوارەبوونی خەڵكی عەفرینی داگیركراو ، وێرانکاریی بەسەر موڵک و ماڵی هاووڵاتیانی رەسەنی ئەو ناوچەیەدا هات و دیمەنی بڕینی دار و نەمام لە گوند و ناحیەكانی سەر بە عەفرین رۆژانە دووبارە دەبنەوە،.
تورکیا ئاسانکاری بۆ سەرکردە و ئەندامانی میلیشیای جەیش وەتەنی سوریا دەكات، ڕێگەیان پێدەدات باج بەسەر خاوەن زەوییەکاندا بسەپێنن، چاوپۆشی لە كەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی دەکات، هەروەها ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی باری دارەكان دەكات لە نێوان ئەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵی كردووە بۆ خاكی توركیا.
بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس، لە سەرەتای ساڵی ئەمساڵەوە بڕینی هەشت هەزار و 429 داری لە عەفرینی داگیركراو لەلایەن میلیشیاكانی جەیش وەتەنییەوە تۆمارکردووە.
حەنان کە ناوی خوازراوی پیاوێکی تەمەن 65 ساڵییە و خەڵکی شارۆچکەی بلبێی سەر بە عەفرینی داگیركراوە، دەڵێت، چەکدارانی میلیشیای سوڵتان موراد 40 داری زەیتونیان لە زەوییەکەی بڕیوەتەوە و تۆمەتباری دەکەن بەوەی پێشتر مامەڵەی لەگەڵ بەڕێوبەری خۆسەری کردووە.
ئاماژە بەوەش دەکات زۆربەی تەمەنی لەگەڵ چاندن و چاودێریکردنی نەمام بەسەر بردووە، تەنانەت ناتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت، ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی كراوە تەنیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵەكەی بووە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، ڕێناس ئەحمەد، دانیشتووی گوندی کفر شەیل لە باکوری عەفرینی داگیركراو، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، چەکدارەکان 50 داری زەیتونیان لە زەوییەکەی بڕیوەتەوە كە تەمەنیان حەفتا ساڵە.
ناوبراو دوای ئەوەی نەیتوانی بەرگری لە دارەکانی بکات، بۆ سكالاكردن چووەتە بازگەی (جەیش وەتەنی) لە دەروازەی گوندەکە.
بەڵام کارمەندانی بازگەکە هیچ کام لە هێرشبەرەکانیان دەستگیر نەکردووە، بەڵکو وەك خۆی دەڵێ چەكدارانی بازگەكە دەستیان بەسەر دارە بڕاوەکاندا گرتووە بۆ خۆیان .
ئەو جووتیارە پێی وایە چەکدارەکان لەگەڵ بەرپرسانی بازگەكان ڕێککەوتوون بۆ ئەوەی دەستگیریان نەکەن.
بە وتەی خاوەن زەوییەکان میلیشیاكانی سەر بە جەیش وەتەنی هەماهەنگی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان یان کەسانی دیکەی نیشتەجێی ناوچەکە دەکەن بۆ بڕینی دارەکان و ئاسانکاری دەكەن بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی لە بەرامبەر دابەشكردنی پارەكە بۆ هەردوولا.
بەپێی سەرچاوەکانی ناوچەكە، دیارترین هۆکاری بڕینی دارەکان لەم کاتەی ساڵدا فرۆشتنی دارە بۆ سوتاندن بەمەبەستی گەرمکردنەوە، هەروەها بەکارهێنانی ئەو پارەیە بۆ بەرژەوەندی میلیشیاكانی سەر بە جەیش وەتەنی یان سەرکردەکانیان.
بەڵام ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ بەڵگەیان لەسەر هەڵمەتەكانی داربڕین کردووە بە ئامانجی درووستكردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون بۆ جێگیركردنی خێزانی چەکدارانی میلیشیاكانی سەر بە جەیش وەتەنی و عەرەبە هاوردەكان کە لە ناوچەکانی دیکەی سوریاوە هاتوون.
بەگوێرەی بەشی چاودێری و بەڵگەكردنی ئاژانسی نۆرس پرێس، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، تورکیا دەستیکردووە بە درووستكردنی 21 شوێنی نیشتەجێبوون لە عەفرینی داگیركراو، بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکانی کوەیت، قەتەری، سعودی، فەلەستینی و تورکیا.
لە تۆمارێکی دەنگیدا کە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی واتسئەپەوە دزەی پێکراوە، بازرگانێکی خەڵکی شاری ئەلباب لە باکووری ڕۆژهەڵاتی حەلەب، هاوکاری نێوان بازرگانانی دار لە میلیشیاكانی سوڵتان موراد و لیوا ئەلشام و ئەلعەمشات دەكات کە بەشێکن لە گروپی جەیش وەتەنی.
بەپێی تۆمارە دەنگییەکە، نرخی دارە زەیتونەکان نزیکەی 150 دۆلاری ئەمریکییە، هاوکات دارەکانی دیكەی وەك سنەوبەر لە نێوان 90 بۆ 110 دۆلار دەفرۆشرێن و ئەم نرخانەش لەگەڵ دابەزینی پلەی گەرما بەرز دەبنەوە.
دارستانەکانی عەفرین داری بەتەمەن لەخۆ دەگرێت، مێژووی هەندێكی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەك پێش ئێستا، بەپێی یاسای ژینگەیی و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی، ئەو جۆرە دارانە بە موڵکی گشتی دادەنرێت، لەناوبردن یان دەستبەسەرداگرتنیان بە نایاسایی دەزانێت و بە تاوانی جەنگ وەسفی دەکات.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕێکخراوی “پاکس”ی هۆڵەندی بۆ دەستپێشخەری ئاشتی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ساڵی 2018 ەوە ئەو دارستانانەی عەفرین كە لە ژێ دەسەڵاتی توركیان 57% كەمیكردووە.
فایز دەغیم ڕۆژنامەنووسێكی گرێ سپی رۆژئاوای كوردستانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڤیدیۆییەكی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا هەزاران نەمام لە دارستانێکی گوندەواری عەفرینی داگیركراو دەبڕێنەوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕوونیشی کردەوە کە بڕینی ئەو دارانە کردەوەیەکی تاکەکەسی نەبووە، بەڵکو بە بولدۆزەر ئەنجام دراوە و ئەمە یەکەمجار نییە، ئاماژەیە بۆ ئەو مەترسییە بەردەوامەی لەسەر ئەو چەند درەختەی کە ماونەتەوە.
مەمدوح تۆپاڵ ئەندازیاری کشتوکاڵی خەڵکی عەفرین کە ئێستا نیشتەجێی شاری تەبقەیە، بۆ نۆرس پرێس ئەنجامی سەرژمێری دارەکانی ئاشکرا کرد کە لە ساڵی 2011 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی عەفرین ئەنجامدراوە.
ڕووبەری دارستانەکان گەیشتووەتە نزیکەی 18 هەزار و 500 هێکتار، ڕووبەری دارستانە چێنراوەکان گەیشتووەتە 21 هەزار هێکتار، لە کاتێکدا ئەو ڕووبەرانەی کە دار زەیتونیان تێدا چێندرابوو گەیشتە نزیکەی 130 هەزار هێکتار.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زیاتر لە سەدا 60% ی کۆی ڕووبەری ناوچەی عەفرین بە دار زەیتون چێنراوە.