کۆبانی.. تێچووی به‌رهه‌مهێنان و خواستی دەرەکی، نرخی زەیتی زەیتونیان دووهێنده‌ بەرز كردووه‌ته‌وه‌

فەتاح عیسا – کۆبانی

له‌ كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان نرخی زەیتی زەیتون دوو هێندە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی زۆری تێچووی بەرهەمهێنان و زیادبوونی خواستی ده‌ره‌كی له‌سه‌ر ئه‌م به‌رهه‌مه‌.

بەرزبوونەوەی نرخ پەیوەندی بە دابەزینی بەهای لیرەی سورییەوە نییە، چونکە فرۆشتن بە دۆلاری ئەمریکییه‌، له‌هه‌مانكاتدا پەیوەندی بە بڕی بەرهەمهێنانیشەوە نییە، کە ئەمساڵ دوای بارانبارینی پاییز بڕی به‌رهه‌م باش بوو.

ده‌به‌یه‌كی‌ زەیتی زەیتونی 18 لیتری بە 80 بۆ 85 دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشرێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ وەرزی ڕابردوو ئه‌م بڕه‌یه‌ به‌ 45 دۆلار زیاتر نەبوو. ئه‌م نرخە تازه‌یه‌ بۆ هاووڵاتیان زۆر به‌رزه‌ چونكه‌ زەیتی زەیتون مادده‌یه‌كی خۆراكی سەرەکییه‌ له‌ کۆبانی .

خالد شاهین (43 ساڵ)، پیشه‌ی کرێکارە لە کۆبانێ، ئه‌مساڵ ناتوانێ پێداویستییەکانی خێزانەکەی له‌ زه‌یتی زه‌یتون پڕبكاته‌وه‌، دەشڵێت، کرێی ڕۆژانەی کارەکەی دەگاتە 75 هەزار لیرەی سوری، به‌و نرخه‌ی ئێستاش کرێکار و فه‌رمانبه‌ران ناتوانن به‌و داهاته‌ی ده‌ستیان ده‌كه‌وێت پێداویستییه‌كانیان له‌ زه‌تی زه‌یتون بۆ ئه‌مساڵ پڕبكه‌نه‌وه‌.

شاهین پێیوایە دامەزراوەکانی به‌ڕێوبه‌ری خۆسەری پێویستە ڕێوشوێنی کۆنتڕۆڵکردنی نرخ بگرنەبەر، وەک ڕاگرتنی هەناردەکردن تا ئەو کاتەی پێداویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ دابیندەکرێت.

بەڵام لای خۆیه‌وه‌ جەمال عه‌لۆ هاوسەرۆکی بەڕێوبەرایەتی پاراستنی بەکاربەر لە هەرێمی فورات، ، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، نرخی پێداویستیەکانی بەرهەمهێنانیان دیاریكردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ڕێوبه‌ری خۆسەری له‌ رۆژئاوای كوردستان دەستوەردان ناکات لە نرخی فرۆشتنی بەرهەم کە لەلایەن بازاڕەکانەوە دیاریکراوە بەپێی ڕێژەی دابینکردن و خواست.

فایەق بەرهۆ، جوتیارێکی به‌رهه‌می زەیتونه‌ لە گوندی جه‌م حەران لە گونده‌واری باشووری کۆبانێ، بڕوای بەوە نییە کە جووتیاران ئەمساڵ قازانجی زۆر به‌ده‌ست بهێنن، سەرەڕای ئه‌وه‌ی نرخ دوو هێندە به‌رزبووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ له‌به‌رامبه‌ردا تێچووی بەرهەمهێنانیش زیادیكردووه‌.

بەگوێرەی وته‌ی ئه‌م جوتیاره‌، کرێی ڕۆژانەی كرێكارانه‌ی له‌ باخی زه‌یتونه‌كان كارده‌كه‌ن، ساڵی رابردوو نزیکەی 15 هەزار لیرەی سوری بوو كه‌چی ئێستا بۆ 40 هەزار لیرەی سوری بەرزبووەتەوە. له‌ هه‌مانكاتدا نرخی کێڵانی زەوی و تێچووی ده‌رمانی قڕکەر و سووتەمەنی بەرزبووەوە

به‌رهۆ ئاماژە بەوە دەکات ئه‌مساڵ بڕی بەرهەمهێنان به‌راورد به‌ وەرزی ڕابردوو باشتر بووە، ئەمەش مانای وایە هۆکاری دیکە هەیە بۆ بەرزبوونەوەی نرخ، وەک زیادبوونی خواستی دەرەکی، ده‌شڵێت زیادبوونی خواستی ده‌ره‌كی وایكردووه‌ ده‌به‌یه‌ك زه‌یتی 18 لیتری له‌ 60 دۆلاره‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 80 دۆلار به‌رزبێته‌وه‌

مستەفا ئەبو سلێمان، بازرگان و خاوەنی باخی زەیتون لە کۆبانی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، زۆربەی بەرهەمی زه‌یتی زه‌یتونی کۆبانی بۆ مەنبیج، ناوچەكانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی دیمه‌شق یان ژێرده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆن و لەوێشەوە بۆ تورکیا ره‌وانه‌ ده‌كرێت، ئەمە جگە لە هه‌نارده‌كردنی بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.

دەشڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی زەیتی زەیتون لەسەر ئاستی جیهان گەیشتووەتە 40% بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنانه‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌ی: حەکیم ئەحمەد