حه‌سه‌كه‌.. دابینکردنی پێداویستییه‌كانی ژیان، بۆ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان کەمبووه‌ته‌وه

سامر یاسین – نۆرس پرێس

تا کۆتایی ئەمساڵ، ئەو ڕێکخراوە مرۆییانەی کە لە کەمپی عه‌ریشه‌ لە گونده‌واری حەسەکە کاردەکەن، تەنیا لە 30% ی پێداویستیی ژیانی ئاوارەکان دابین دەکەن.

کەمپەکە 2600 خێزانی تێدایە کە لە ساڵی 2017ەوە ئاوارەبوون لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی حکومەتی سوریا و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی لایەنگری ئێران، ئەو خێزانانە نزیکەی 12 هەزار و 600 کەس لەخۆدەگرن کە لە 3 هەزار خێمەدا دەژین.

هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو کەمپەی به‌ فه‌رمی ناساندووه‌، بەڵام بە پێچەوانەی کەمپەکانی تر دابینكردنی یارمه‌تییه‌كان بۆی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

نیگەرانییە دووبارەبووەکانی دانیشتوانی کەمپەکە بریتین لە كۆنی چادره‌كان، نەبوونی بەشەخۆراک و نەبوونی سوته‌مه‌نی و گەرمکەرەوە و پاکوخاوێنی.

بەپێی وتەی ئاوارەکان ئەو خێزانانەی لە هەشت كه‌س پێکهاتوون، هەر دە ڕۆژ جارێک 35 لیتر نەوتی سپی بۆ گەرمکردنەوە و چێشت لێنان وەردەگرن، بۆ خێزانە بچووک و مامناوەندەکانیش 17 لیتر نه‌وتی سپی دابین ده‌كرێت. هه‌رچه‌نده‌ هەندێک خێزان توانای کڕینی سووتەمەنییان هەیە، به‌ڵام به‌شێكی دیكه‌یان توانای ئەو تێچووه‌یان نییە.

سەعد ره‌مۆ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کەمپەکە، دۆخی كه‌مپه‌كه‌ بە “پەراوێزخراو” وەسف ده‌كات لەلایەن UNHCR و ڕێکخراوەکانی دیکەوە، چونكه‌ بڕی یارمه‌تییه‌كان زۆر كه‌من. ماوەی زیاتر لە شەش مانگە كه‌ره‌سته‌ی پاککەرەوە دابین نەکراوە و ئەو سەبەتە خۆراکه‌ی کە لەلایەن پرۆگرامی خۆراکی جیهانییەوە دابین ده‌كرێت، ئێستا ته‌نیا گەنمەشامی و برنج له‌خۆ ده‌گرێت.

ره‌مۆ بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ پێداویستییەکی زستانە وەک جل و بەرگ، بەتانی، گەرمکەرەوە، یان سووتەمەنی بۆ خێزانەکان دابین نەکراوە، ئەمە جگە لەوەی چادرەكان کۆن بوونه‌ و زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ نەگۆڕاون.

هه‌روه‌ها ئه‌و پشتگیرییەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیاری باڵای پەنابەران و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە پێشکەش دەکرێت تەنها 30%ی پێداویستییە گشتییەکانی کەمپەکە دابین دەکات.

بەپێی زانیارییه‌كانی كارگێڕی کەمپەکە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا، گه‌یاندنی هاوکارییه‌كانی بۆ ناوچەکە قورسكردووه‌، ئەمە جگە لەوەی کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییە خۆجێییه‌كان هەبووە.

ساڵح سوڵتان (45 ساڵ)، كه‌ ئاوارەیه‌كی شارۆچکەی قوریەیه‌ لە گونده‌واری دێرەزوور، هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی ناو کەمپەکەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی خۆراکی گونجاو و دابەشنەکردنی كه‌ره‌سته‌ی خاوێنكردنه‌وه‌، جگە لە دابین نه‌كردنی سووتەمەنی.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌نیحه‌ مه‌عۆ بەڕێوەبەری خاڵی مانگی سووری کوردی، بە نۆرس پرێسی راگه‌یاند، چه‌ندین حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی پێست و کۆلێرا تۆمارکراوە. له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئاماژەی بە چه‌ند هۆکارێكی دیکە کرد بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە کەمپەکەدا، وەک زۆری ژماره‌ی ئاواره‌كان، تێکەڵبوونی بەردەوام .

 کەرتەکانی کەمپەکان لە ڕووی چاودێری تەندروستیەوە دابەشکرابوون بەسەر مانگی سووری کورد، IRC، کۆمەڵەی یەمامە و کۆمەڵەی مار ئەفرام.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تەنیا بۆ حاڵەتە مەترسیدارەکان پشتگیری كه‌مپه‌كه‌ دەکات. ئەو کەسانەی بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی کەمپەکە پێیان وایە نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە زیاتر گرنگی بە ئاوارەکان بدات، چونکە هێشتا توانای گەڕانەوەیان نییه‌ بۆسه‌ر ماڵ و شوێنی خۆیان.

دارشتنه‌وه‌ی: حەکیم ئەحمەد