ئاوارەكانی سەرێ كانی.. بارودۆخی كەمپەكەمان بە كەڵكی ژیان نایەت، ئاواتەخوازین بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان

قامشلۆ – نۆرس پرێس

جەلیلە لەبەردەم چادرەکەیدا وەستاوە و سەیری یاریکردنی منداڵەکانی دەکات لە دەرەوە، ترسی هەیە یاریکردن لە ژینگەی كەمپێك کە گونجاو نییە بۆ ژیان، زیانیان پێبگات.

جەلیلە حەسەن (45 ساڵ)، خەڵکی شاری سەرێ كانیی رۆژئاوای كوردستانە، لەبەردەم زوومی كامێرای نۆرس پرێس دەڵێت، ئێمە نۆ کەسین لەژێر یەک چادردا دەژین، لە دۆخێكی زۆر خراپداین، زەحمەتییەکی زۆر هەیە لە دەستەبەرکردنی ئاو و سوتەمەنی و هەموو پێداویستییە سەرەتاییەکان. هاوکاریییەكانی نێو كەمپەكە زۆر کەمە، چادرەکانیش کۆن بوون و سەرمای زستان نامانپارێزن.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی نێو کەمپەکە، ئەو ژنە چل ساڵییە دەڵێت، هیچ دەرمان و کەرەستەییەكی پزیشکی نییە، بۆ ماوەیەکی زۆر لە بەردەم ناوەندە پزیشکییەکان چاوەڕێ دەکەین و لە کۆتاییدا ناتوانین دەرمان بەدەست بهێنین.

راشیدەگەیەنێت ئاواتەخوازین بگەڕێینەوە و لە شارەکەمان و لەنێو ماڵی خۆماندا بژین، بارودۆخی کەمپەکە بۆ ژیان گونجاو نییە و مانەوە لێرە چارەسەر نییە.

ئەو بیر لە ژیانی پێش ئاوارەبوون بۆ کەمپ دەكاتەوەو دەڵێ: لە شاری سەرێ كانی رۆژئاوای كوردستان خاوەنی هەموو شتێک بووین، خانوو و زەویمان هەبوو، هەموو شتێکمان لەبەردەستدا بوو، دابینكردنی ئاو، سوتەمەنی، یان پێداویستییە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەمان زەحمەت نەبوو.

دەشڵێت ئێستا لە وەرزی زستانداین و بڕی ئەو سوتەمەنییەی هەمانە بەشی ئەوە ناکات لە سەرمای سەختی زستاندا ڕزگارمان بێت،  گەرمکەرەوەكانمان شکاون و جێگای دڵنیایی نین بۆ بەکارهێنان، تا ئێستاش گەرمکەرەوەی نوێ بەسەر ئاوارەكانی كەمپەكە دابەش نەکراوە.

هەرکاتێک رەشەبا هەڵدەكات ئەو نیگەران دەبێت، خۆی و منداڵەکانی لێوارەکانی چادرەكە دەگرن بۆ ئەوەی بە سەریان نەکەوێت و زیان بە منداڵەكانی نەگات.

دۆخەکە بۆ ئیمان عەلی (٤٤ ساڵ) هاوشێوەیە و باشترین نییە، ئەویش  ئاوارەیەكی خەڵکی سەرێ كانی داگیركراوە، ئێستا لە خێمەیەکدا لە کەمپی وەشۆکانی دەژی، سەبارەت بە دۆخی و گوزەرانیان دەڵێت كەمپەكە خراپە، ئێمە حەفت کەسین و هاوسەرەکەم تاکە کەسە کە کاردەکات بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانمان.

  ئاماژە بەوەش دەكات، نزیکەی ساڵێکە پاککەرەوەکان بەسەرماندا دابەشنەکراون، ئێمەش خۆمان دەیکڕین، کەش و ژینگەی کەمپەکەش پاک نییە، نەخۆشییەکانی پێست و چەند نەخۆشییەكی تر بڵاوبوونەتەوە. هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئاو و پاکوخاوێنی کە هەردووکیان لە کەمپەکەدا بەردەست نین.

منداڵەکانم بچووکن و ڕۆژانە پێویستیان بە خۆشوشتن هەیە، زەوی كەمپەكەش خۆڵ و قوڕە شیاو نییە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان یاری لەسەر بکەن.

داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەكات پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکەن، یان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، چونکە چیتر ناتوانن بەرگەی ژیانی نێو كەمپەكە بگرن.

ئامادەكردنی: نالین عەلی