ماوەی چوار ساڵە قوتابیانی گوندەواری حەسەکە لە خوێندن بێبەشن

سامر یاسین – نۆرس پرێس

نزیکەی هەزار منداڵ لە گوندی تەل حەفیان لە گوندەواری تەل تەمر، تا ئێستاش بێبەشن لە خوێندن، چونكە قوتابخانەكەیان کراوەتە شوێنی مانەوەی بەشێك لە ئاوارەكانی سەرێ كانی.

  ئاوارەکان بە شێوەیەكی کاتی هاتنە قوتابخانەکە لەو کاتەوەی کە هێزەکانی تورکیا و گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانی سەر بە ئەنقەرە هێرشیان کردە سەر شارۆچکە و گوندەکانیان لە گوندەواری باکوری حەسەکە و دواتر کۆنترۆڵیان کرد.

بەڵام دەیان کەس لەو ئاوارانەی لە قوتابخانەی ئەم گوندە و گوندەکانی دەوروبەری ماونەتەوە و نەیانتوانی پەناگەیەك لەو کەمپانە بدۆزنەوە کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە درووستكران. لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردووشدا، دەسەڵاتەكانی پەروەردەیی خۆجێیی لە تەل تەمر نەیانتوانیوە کێشەی قوتابیانی بێبەشبوو لە خوێندن چارەسەر بکەن.

وێنەی ژوورێک لە قوتابخانەی گوندەکە دوای ئەوەی کرا بە شوێنی مانەوەی ئاوارەکان – نۆرس پرێس

“نەخوێندەواری هەڕەشە لە منداڵەکانمان دەکات”

زەهرا ئیسماعیل (38 ساڵ)، دایکی پێنج منداڵە، ترسی ئەوەی هەیە منداڵەکانی بە نەخوێندەواری بمێننەوە لەو كاتەی منداڵە گەورەکەی تەمەنی دەبێـتە هەشت ساڵ.

بەهۆی نەبوونی پەروەردە و فێركردن منداڵەكانی تا ئێستا نازانن بخوێننەوە و بنوسن.

ئەو دایکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند دانیشتووانی گوندەكە ساڵانە داوای چارەسەر دەکەن و بەڵێنیان پێدەدرێت بەڵام تا ئێستا بەڵێنەكان جێبەجێ نەکراون.

زۆرێک لە دایکانی گوندەکە ناتوانن تەنانەت خوێندن و نووسینێكی سەرەتایی لە ماڵەوە فێری منداڵەکانیان دابین بکەن، چونکە ئەوانیش لە منداڵیدا بەهۆی پشتگوێخستنی خوێندن لە گوند و چەند هۆکارێكی دیکەی کۆمەڵایەتی لە خوێندن بێبەش بوونە.

زەهرا و دایکانی دیکە هەرچەندە نائومێدن بەڵام نایانەوێت منداڵەكانیان لە خوێندن بێبەش بن.

لای خۆیەوە فاتیمە حەمەد، کە هاوکات دایکی پێنج منداڵە، ئاماژە بەو زیانانە دەکات بەر ئەو قوتابیانە كەوتوون كە زیاتر لە چوار ساڵ لەمەوبەر خوێندنەكەیان وەستا.

ئەو پێی وایە پێویستیان بە بەرنامەی پەروەردەیی تایبەت و چاودێری دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری ئەو وانانە بکەن کە لەگەڵ تەمەنیاندا بگونجێت.

بەربەستەکانی بەردەم چارەسەرییەكان

لە خودی گوندەکەدا هەندێک مامۆستا هەن، بەڵام مانەوەی ئاوارەكان لە قوتابخانەکە وایان لێدەکات رێگای دوور ببڕن بۆ بۆ درێژەدان بە كارەكانیان لە قوتابخانەی تر، لە کاتێکدا ناردنی منداڵ بۆ ئەو قوتابخانە دوورانە ئەستەمە .

چەند ژنێك چوونە ئەنجومەنی شارۆچکەی تەل تەمر و بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی ئەو شوێنە بۆ ئەوەی سکاڵا تۆمار بکەن و داوای چارەسەری بکەن، بەڵێنیان پێدراوە، پەناگەیەكی دیكە بۆ ئاوارەکان بدۆزنەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو كارە نەكراوە.

لای خۆیەوە بەهیە مەعمۆ هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەکانی تەل تەمر، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاندووە، پێشوازیکردن لە خەڵکی ئاوارە لە زۆربەی قوتابخانەکانی ناوچە لە ساڵی 2019 بەهۆی  پرسێکی مرۆییەوە بووە.

دەشڵێت، بەشێک لە قوتابخانەکان کراونەتەوە، بەڵام کێشەکە لە چەند گوندێکی تر بەردەوامە، ئەو ڕاستییەی کە هەزاران قوتابی بێبەش كردووە .

ناوبراو ئاماژە بە هەستیاری ئەو پرسە دەكات بۆ ئەو خێزانە ئاوارانەی کە ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، چونکە دەبێت پەناگەیەکی دیکەیان بۆ بدۆزرێتەوە.

داڕشتنەوەی: حەکیم ئەحمەد