ئاهەنگی دەرچووانی قوتابیانی عەفرین لە قامشلۆ
قامشلۆ – نۆرس پرێس
ئاهەنگی دەرچوونی گروپی دووهەمی قوتابیانی شاری عەفرینی داگیرکراو، کە رۆژی هەینی پێشوو و لە میانی مەراسیمێکدا کە لە هۆڵی “نوبەلا” لە شاری قامشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
بە هاوکاری دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین، رێزلێنان پێشکەش بە 28 خوێندکاری خەڵکی شاری عەفرین کرا، کە لە زانکۆی رۆژئاڤا لە قامیشلۆ خوێندوویانە.
عەبدولحەنان عەبدۆ، ئەندامی لیژنەی قوتابیانی عەفرین، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “ئەمڕۆ گروپی دووەمی قوتابیانی عەفرین دەرچوون، ژمارەیان 28 خوێندکار بوو، گروپی یەکەمیش لە ساڵی 2020دا بە سەرکەووتوویی خوێندنیان تەواو کرد”ْ.
ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو خوێندکارانەی ئەمڕۆ دەرچوون لە فاکەڵتەکانی کشتوکاڵ، وەرگێڕان، تەکنەلۆجیا، میدیا و ئەدەبی کوردین”.
ئەوەشی خستەڕوو، کە “ئاهەنگەکە بە سەرپەرشتی دەستەی کۆمەڵایەتی عەفرین بۆ ئاهەنگگێڕان و ڕێزلێنان لە خوێندکارە نایابەکانی شاری عەفرین بەڕێوەچووە”.
لای خۆیه وه یارا محەمەد، که له بەشی راگەیاندن دەرچووە، دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنەکەی دەربڕی و گوتی “پیرۆزبایی لە هەموو هاوڕێیانم دەکه م و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم، هەرچەندە لە شارەکەی خۆمان وەدەرنراوین و لە ماوەی خوێندندا رووبەڕووی زۆر دژواریی و ئاستەنگی و ئاوارەیی بووینەوە، بەڵام وازم لە خوێندن و خەونەکەم نەهێنا، بۆ ئەوەی ببم بە راگەیاندکار”.
یارا دەڵێ: “بەهۆی پشتگیری خێزانەکەوە، ئەمڕۆ سەرکەوتووم و خەونەکەم بەدەست دەهێنم، ناتوانم هەستی خۆم باس بکەم کە چەندە دڵخۆشم بە دەرچوونم” ئەمڕۆ ماندوێتی و بێخەوی ساڵانمان هاتنە بەرهەم”.