قامشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، لە شاری قامشلۆ، گەورەترین پارک و شاری یاری لەسەر ئاستی رۆژئاوای كوردستان کرایەوە.
پرۆژەی پارکی “ئازادی” بە گەورەترین و بەرفراوانترین پارك دادەنرێت لە رۆژئاوای كوردستان، بەو پێیەی پارکەکە شوێنی کات بەسەربردن و گۆڕەپانی یاری منداڵان و چێشتخانە و هۆڵی وەرزش و یاریگای تۆپی پێ لەخۆدەگرێت.

یاسمین، هاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری قامشلۆیە لە رۆژئاوای كوردستان، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “ئەم پڕۆژەیە یەکەمین پڕۆژەی لەم شێوەیە نەک تەنیا لە ناوچەی جزیرە، بەڵکو لە تەواوی رۆژئاوای كوردستان. دەشڵێت منداڵان پێویستیان بە شوێنێکی گەورە و فراوان هەیە بۆ ئەوەی زیاتر چێژ لە یاریکردن وەربگرن، پێموایە کردنەوەی ئەم پارکە دەبێتە پەناگەیەک بۆ منداڵان بۆ ئەوەی بە ئازادی و لە شوێنێکی سەلامەتدا یاری بکەن. هەروەها جیا لە شوێنی وەرزشی بۆ یاریکردن، چێشتخانە و زۆر شتی تر بۆ هەموو ئەندامانی خێزان بەردەست دەبن کاتێک دێنە پارکەکە.
لای خۆیەوە، سەددام عوسمان، كە بەهەمان شێوە دانیشتوویەكی شاری قامشلۆیە، خۆشحاڵی خۆی بە کردنەوەی پارکێکی گەورە لە شارەکەیان دەردەبڕێت، ئەو دەڵێت منداڵەکانمان بەدەست نەبوونی شوێن و پارک و پارکی کات بەسەربردن بۆ یاریکردن دەیانناڵاند، بەڵام ئێستا بە کردنەوەی ئەم پارکە خۆشی لەسەر ڕووخساری منداڵەکانمان دەبینین.
راشیدەگەیەنێت پارکەکە تەنیا بۆ منداڵان نییە، بەڵکو هۆڵی وەرزش و گۆڕەپانی یاری بۆ گەنجان هەیە، هەروەها چێشتخانە و کافێ بۆ هەمووان هەیە، لێرە لەم ناوچەیە پڕۆژەی لەم شێوەیە و بەم قەبارە فراوانە نەبووە کە هەموو شتێكی لە هەمان شوێندا هەبێت. هیوادارین لە داهاتوودا پڕۆژەی دیکە لە شارەکە بکەینەوە کە خزمەت بە هەموو دانیشتووانی شارەکە بکات.