بنیاتنانی دەیەها ئۆردوگا لە سەرەتای ئەمساڵەوە.. چۆن تورکیا بومەلەرزەکەی شوباتی لە عەفرین قۆستەوە؟
عەفرین – نۆرس پرێس
لە سەرەتای ساڵی 2023 و بەتایبەت دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە باشووری تورکیا و باکوری سووریای گرتەوە، رێکخراوە مرۆییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بە هەماهەنگی و سەرپەرشتیی تورکیا، دروستکردنی ئۆردوگاکانیان لە ناوچەی عەفرین و باکوری حەڵەب پەرەپێداوە، کە لە سەرەتای ساڵی 2018ەوە، لەلایەن تورکیا و میلیشیا دڵسۆزەکانیەوە کۆنترۆڵکراون.
تورکیا بەم کارە هاوسۆزی نێودەوڵەتی قۆستەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و بینا و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستکردن لەشێوەی گوندی گەورەدا، کە رێگاوبان و مزگەوت و قوتابخانەیان تێدا بنیادنرا، بە بێ ئەوەی ئەو باڵەخانانە ئاوەدان بکاتەوە، کە لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتبوو.
نۆرس پرێس پێشتر راپۆرتێکی بەناونیشانی “سەرەڕای ملیۆنان دۆلار…زستانێکی سەخت چاوەڕێی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی جندرێس دەکات”ی بڵاوکردەوە، کە باس لەو بەخشینە گەورانە دەکرد بۆ ناوچەکە، بەو پێیەی سەرچاوە تایبەتەکان ئاماژەیان بەوە کرد، کە سەرجەم ئەو پارەیەی گەیشتوونەتە ناوچەکە، بەراستی بۆ دروستکردنی ماڵ و گوندەکان بەکاردەهێنرا، بەڵام زۆربەیان بۆ ئەو کەسانە نەبوو کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتبوو، بەڵکو بۆ ئەندامانی میلیشیاکان و کەسانی سەر بەخۆیان بوون.
لە دوای شوباتی 2023ەوە، عەفرین و دەووربەری زیادبوونی بەرچاوی بنیاتنانی ئۆردووگای هاوردەکانی بەخۆوە دەبینێت، بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە رێژەی 100% زیادی کردووە، بەپێی ئەوەی نۆرس پرێس چاودێری دەکرد.
ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی لە عەفرین و گوندەوارەکانی دروستکراون بۆ زیاتر لە 40 ئۆردوگای نیشتەجێبوون بەرزبووەوە، کە بەسەر قەزاکانی جندرێس، راجۆ، شەڕان و شێخ حەدید دابەشبوون، کە زۆربەیان لە نزیک گوندی غەزاویە لە باشووری عەفرین و گوندی خالیدیە لە باشووری رۆژهەڵاتی شارەکە بنیاتنراون، کە ئەو ناوچانە بە هیچ شێوەیەک زیان زیانی بومەلەرزەیان بەرنەکەوتووە.
شادی ئەلحورانی، ناوی خوازراوی کرێکارێکە لە ئەنجومەنی خۆجێیی شاری عەفرین لە باکووری حەڵەب، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ژمارەی ئەو ئۆردوگانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی ناوچەی عەفرینەوە دروستکراون، 25 ئۆردوگایان تێپەڕاندووە.
حەوت لەو ئۆردوگانە، لەماوەی مانگی ئایار تا مانگی ئابی رابردوو، لە نزیک گوندی غەزاوییە دروستکراون، ئەمە جگە لە دروستکردنی نزیکەی 8 ئۆردوگای دیکە لە دارستانی خالیدییە، یان ئەوەی بە “چیای خەونەکان” ناسراوە، لە باشووری رۆژهەڵاتی عەفرین، کە لە هەمان سەردەمدا دروستکراون.
لە کاتێکدا پێنج ئۆردوگا لە ناحیەی جندرێس دروستکرابوون، ئەوانی دیکە بەسەر شێخ حەدید و مەعبەتلی و شەڕاندا دابەش بوون.
ئەلحورانی جەختی لەوە کردەوە کە “هێشتا دەیان پڕۆژە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە، کە بەشێکیان پەسەند کراون و لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەست پێدەکەن”.
ئاماژەی بەوەشدا، کە رێکخراوی “ئافاد”ی تورکی “بەرپرسە لە هەماهەنگیی کارەکانی بیناسازی سەرجەم ئەو ئۆردوگانە، جگە لەوەی بەرپرسیارە لە هەڵبژاردنی شوێنەکانی بیناسازی”، لەکاتێکدا رێکخراوە جێبەجێکارەکان زۆر نین، کە ئەمانەن: “دەستی سپی”، کە لەلایەن کوێت و فەلەستینەوە پشتگیری دەکرێت، کۆمەڵەی “شام ئەلخەیر”، کە لەلایەن قەتەرەوە پشتگیری دەکرێت و کۆمەڵەی “ئەهلی وەفا” کە لەلایەن عەرەبەکانی فەلەستینەوە پشتگیری دەکرێت.
ئەم رێکخراوانە زۆرجار پشت بە “بەخشینی تاکەکەسی” دەبەستن، جگە لە کۆمەڵە ناوخۆییەکانی دیکە کە زۆرجار پشت بە پشتیوانییە تاکەکەسییەکانی وڵاتانی قەتەر و کوێت و فەلەستین دەبەستن و مانگی سووری قەتەر بە یەکێک لە گەورەترین پشتیوانی ئەم کۆمەڵانە دادەنرێت، بەپێی ئەلحورانی.
هەیسەم دەروێش، ناوێکی خوازراوی دیکەیە لە ئەنجومەنی ناوخۆیی جندرێس، بۆ نۆرس پرێس جەختی لەوە کردەوە کە، تا ئێستا زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە هیچ کام لەو خانووبەرانەیان پێنەدراوە، کە لە نزیک جندرێس یان لە ناوچەکانی دیکە دروست کراون.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە، لە نزیک شار و گوندەکان و لەسەر ئەو زەویانەی کە خەڵکی رەسەنی ناوچەکە خاوەندارێتی دەکەن، دەستکراوە بە دروستکردنی ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون، دواهەمینیشیان ئەوانەن کە لە کێوی مەحمودییە لە شاری عەفرین، لە چوارچێوەی گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونی شارەکەدا درووستکراون.
پێش ئەوەش ئۆردوگای “ئەجنادین” لە چواردەووری رۆژهەڵاتی شارۆچکەی جندرێس و لە چوارچێوەی پلانی نیشتەجێبوونی داهاتوودا بۆ شارۆچکەکە دروستکرا، واتە تورکیا پلانێکی دیکەی هەیە، کە بریتییە لە “تێکەڵکردنی ئاوارەکان لەگەڵ گوندەکان بە مەبەستی هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و گۆڕینی پێکهاتەکانی دانیشتووانیان”، بە گوتەی “دەروێش”.
ئیبراهیم شێخۆ، گوتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ دەڵێت: لە راستیدا فشار لەسەر خاوەن زەویەکان دروست دەکەن، هەروەها لەم ماوەیەی دواییدا ئەم ئۆردوگانەیان لە ژێر ناوی گوندی دووەمی هیوادا فراوانتر کردووە، کە ئێستا بناغەکانی هەڵدەکەندرێت و کارەکان بەردەوامن.
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس زیادی کرد: “ئەم زەوییانە هی خەڵکی گوندەکەن کە توانای ئەوەیان نییە هیچ کارێکی دیکە بکەن، سەرەڕای بوونی رێکخراوەکان کە بانگەشەی پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن، بەڵام لە واقیعدا هیچ گرێبەستێکی بەکرێدان لەگەڵ خاوەن ئەو زەویانەدا نییەو بە زەبری چەک زەویەکان لێ دەکڕن.”