دۆخی شەنگال پاش تێپەڕینی 8 ساڵ بەسەر ئازادکردنیدا لە جنگی داعش

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ، هەشت ساڵ بەسەر ئازادکردنی شەنگالدا تێدەپەڕێت لە چنگی داعش، هێشتا شارەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە و ئاوارەکانی بە تەواویی نەگەڕاونەتەوە شارەکەیان.

لە ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بۆ شارەکانی هەرێمى کوردستان هێنا.

رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند، ئەمە جگە لە وێرانکردنی قەزاکە.

بەر لە هەشت ساڵ و لە رۆژی 13ی تشرینی دووهەمدا، ئازادکردنی تەواوی شەنگال راگەێنرا.

هەرچەندە حکومەتی عێراق چەندین جار دابینکردنی بودجەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا کارێکی ئەوتۆ لەو شارە نەکراوە و وێرانەکانی پاش داعش وەک خۆیان ماونەتەوە.

رۆژی 14ی نیسانی ئەمساڵ، ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دیناری بۆ ئاوەدانکردنەوەی شەنگال تەرخانکردووە لە چوارچێوەی بنیات نانەوەی قەزاکە و گێڕانەوەی ئاوارەکان.

ئیڤان گوتیشی، بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان پەیوەندیدارە بە بڕیارەکانی هەرێمی کوردستان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگالەوە.

لە ساڵی 2014وە بەهۆی شەڕی داعشەوە هاوڵاتییانی چەند پارێزگا و قەزایەکی عێراق، بەتایبەتی پارێزگای موسڵ و قەزای شنگال ئاوارە بوون و لە ئێستادا کامپی ئاوارەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان ماوەتەوە و سەرجەم کامپەکان لە موسڵ داخراون.

باسی لەوەشکرد، 40 هەزار ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان هەن و جگە لە ناوەندی پارێزگای موسڵ هیچ کەمپێکی ئاوارەکان لە هیچ پارێزگایەکی عێراقدا نەماوە.

ئەمساڵ لە مانگی ئابدا، رێکخراوێکی ئەمریکی چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری و خانووبەرەی لە شەنگال راگەیاند و گوتیان  22 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخان کردووە.

بە گوتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا، نیوەی ئەو پارەیە بۆ ئاوەدانی خانووبەرە تەرخان دەکرێت، نیوەکەی دیکەشی بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری دەبێت، بڕیارە چەندین بیری ئاویش لێبدرێت، خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و تەندروستی و پەروەردەش ئەنجام بدرێت.

رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2020 حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەپێناو گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێککەوتنێکیان واژۆکرد، سەرەڕای داوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە جێبەجێنەکراوە.

ئەمڕۆ دووشەمە، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای دهۆک بە میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، کە کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی شنگال دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەمەش دەبێتە حەوتەمین کاروانی ئاوارەکانی شنگال لە سنووری پارێزگەی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە شنگال.

بە گوتەی ئەو دەیان ئەو ئاوارانەی ئەم کاروانە دەگەڕێنەوە، 100 خێزان دەبن و ژمارەیان 493 کەسە، لە سنووری پارێزگەی دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە دوو قۆناغ (ئەمڕۆ و سبەی) دەگەڕێنەوە شنگال.

پێش 10 رۆژیش کاروانێکی دیکە کە لە 119 خێزانی ئاوارەی شنگال پێکهاتبوون، لە کامپی شاریاوە گەڕانەوە زێدی خۆیان لە شنگال.

سەرەڕای ئەم هەوڵانەش، هێشتا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکانی شەنگال لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندان، ئەمە جگە لەو ژمارە زۆرەی، ئاوارەی هەنداران و وڵاتانی دیکە بوون و هێشتا وێرانەی دوای داعشیش وەک خۆی ماوە و دەستی ئاوەدانیان پێنەگەشتووە.