رۆژی کۆتایی حەوتەمی پێشانگای کتێبی “شەهید هەرگوڵ” لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان
قامشلۆی – نۆرس پرێس
چالاکییەکانی پێشانگای کتێبی شەهید هەرگوڵ ئه‌مڕۆ سێشەممە کۆتایی هات، له‌م پێشانگایه ٦٠ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە بەشدارییان كردبوو و نزیکەی ١٤٠ هەزار کتێب بە ١٤ هەزار ناونیشانەوە خرانه‌روو.
رۆژی شەممەی ڕابردوو حەوتەمی پێشانگای کتێبی شەهید هەرگوڵ بە سەرپەرشتیی ده‌سته‌ی ڕۆشنبیری رۆژئاوای كوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگی ده‌سته‌ی ڕۆشنبیری هه‌رێمی جه‌زیرا، له شاری قامشلۆی رۆژئاوای كوردستان کرایەوە.
ئامه‌د دڵپاك، یەکێک لە خاوەن دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، بە نۆرس پرێسی راگه‌یاند، ئەم پێشانگایە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بوو، به خۆشحاڵییه‌وه ده‌بینین خه‌ڵك خواستی له‌سه‌ر خوێندنه‌وه ساڵ به ساڵ زیاتر ده‌بێت.

راشیگه‌یاند: ئێستا خه‌ڵك زیاتر به‌ره‌و خوێندنی كتێب دێن، ئه‌مه‌ش ساڵانە زیاتر ده‌بێت، دەبینین خوێنه‌ران ساڵ به ساڵ زیاتر ده‌بن ئەمەش واده‌كات كه زیاتر گرینگی به‌و جۆره پێشانگایانه بدرێت.
چونکە نەوەکان لە ڕێگەی خوێندنەوە گەشە دەکەن و دەبنە نەوەیەکی خوێندەوار تا له داهاتوودا کۆمەڵگا بەڕێوەببەن، لە ڕێگەی خوێندنەوەشەوە گەلان سه‌رده‌كه‌ون و کۆمەڵگاکان گەشە دەکەن.
ده‌لیل دۆغان سەردانیکه‌رێكی پێشانگاكه رایده‌گه‌ینێت، پێشانگایەکی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگای ئێمە و ناوچەکەماندا گرینگه، بەو پێیەی کۆمەڵگاکەمان كه پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا بووە و ئاستی خوێندنەوە زۆر به‌رز نه‌بوو، چونكه ڕژێمی بەعس هەمیشە دەیویست ئەم کۆمەڵگایە بۆ خراپتر ببات.
دۆغان ئاماژە بەوەشدا کە رێكخه‌رانی پێشانگاكه هانی خەڵک دەده‌ن کە كتێب بخوێنه‌وه، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ خواست له‌سه‌ر خوێندن زیاترە بووه.
بەڵام گەورەترین کێشەی خوێنه‌ران نرخی کتێبەکانە، بەو پێیەی زۆربه‌ی کتێبەکان بە دۆلاری ئەمریکی دەفرۆشرێن، و ناوچه‌كانمان بە لیرەی سوری مامەڵە دەکەن.
پێشانگاکە چەندین چالاكی ڕۆشنبیری لەخۆ گرتبوو، لەوانە ئامۆژگاری لەسەر کتێب و گرنگی چاپکردن، هەروەها چەندین كتێبی نوێ خرانه روو.