“مقاوەمەی ئیسلامی” کێیە؟.. ئەوانەی بەردەوام هێرش دەکەنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

پێگە و بنکە ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە سووریا و عێراق، بەرکەوتەی ئەو هێرشانەن کە بەردەوام میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆیان لێ رادەگەێنن، کە پەیوەستییان جیاوازە لەگەڵ میلیشیا سوننەکانی عێراق، کە لە کاتی رووخانی رژێمی سەددامدا، لە ساڵی 2003دا دامەزراون، هەروەها ئەوەی لە غەززە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە نوێنەرایەتی دەکرێت، بەڵام لە بنەڕەتدا هەموویان پەیوەستن بە ئایدۆلۆژیایەکی ئیسلامی دژە رۆژئاواییەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەسەر ئەم گرووپە عێراقییانە لەبەردەستدان، پارە و هاوکاریی لە ئێرانەوە وەردەگرن و سەرجەمیان بە ناوی جیاوازەوە سەر بە رژێمی ئێرانن، بە دیاریکراویی سەر بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن.

ئەمەش گوتەی جەنەڕاڵ پات رایدەری ئەمریکا بوو لە پنتاگۆن، کاتێک رایگەیاند کە گروپەکانی “پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە” لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە لە غەززە، 13 هێرشیان کردووەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان کە ئەرکی “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر’یان لە سەرشانە، لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا.

ناوبراو لەو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیەدا گوتی: “ئێمە دەزانین کە ئەو گرووپانەی ئەم هێرشانە ئەنجامدەدەن، لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن”.

هەرچەندە ئێران تێوەگلانی خۆی لە ململانێی غەززەدا رەتدەکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە جەنگەکە فراوان نەبێت و نەگۆڕدرێت بۆ ململانێی هەرێمی، بەڵام ئاشکرایە کە بەرپرسانی ئێرانی لە زیاتر لە بۆنەیەکدا ستایشی ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە، کە هێزەکانی ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتە ئامانج.

هیچ بەڵگەنامە و دانپێدانانێک لەلایەن گروپەکانەوە نەبووە کە پشتیوانی ئێرانیان پێدەگات، بەڵام ئەو دروشم و ناو و لافیتەیانەی کە هەڵیدەگرن، ئاماژەن بە پەیوەندی و پەیوەستییان بە ئێرانەوە.

زۆرجار ناوی میلیشیاکانی وەک (کەتائیبی سەید ئەلشوهادا، بزوتنەوەی نوجەبا، حزبوڵای عێراق و لیواکانی خوراسانی) هەروەها (عەسائیبی ئەهلی حەق و رێکخراوی بەدر)، لە راپۆرتە میدیاییەکاندا وە بەرپرسیاری هێرشەکنی سەر پێگەکانی ئەمریکا و بە لایەنگری ئێران باس دەکرێت، لە کاتێکدا کە ئەم دوانەی کۆتاییان وەک دوو هێزی سیاسی شەرعی پۆلێن کراون و کورسییان لە پەرلەمانی عێراقدا هەیە، بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی و هادی عامری.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێک لەو میلیشیانە لە عێراق سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبین، کە لەسەر داوای مەرچەعی ئایینی عەلی سیستانی پێکهێنرا، کاتێک داعش لە ساڵی 2014 ناوچەیەکی فراوانی وڵاتی کۆنترۆڵکرد.

هێزەکانی حەشدی شەعبی، وەک ناوێکی دیار، لە جەنگەکانی دژ بە “داعش”دا سەریهەڵدا و پێدەچێت لە لایەنە جیاوازەکان پێکهاتبێت لە ڕووی پەیوەندیی نێوان ئەوانەی کە مەیلیان بەرەو مەرجەعی ئێران لە قوم و هەندێکی دیکە بەرەو مەرجەعی عێراق لە نەجەف هەیە، بە سەرکردایەتیکردنیان لەلایەن مەرجەعی باڵا، عەلی سیستانییەوە.

ئەم میلیشیانە لە دەرەوەی سنوورەکان چەند هێزێکیان بۆ ئێران پێکهێناوە، بە بوونی سەدان هەزار چەکدار، کە لەژێر ناوی ئەو میلیشیانەدا کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا لە وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن بڵاوبوونەتەوە، بەڵام بە ناوی جیاواز لەوەی کە بەشدارن پێیان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

بە گوتەی چاودێران، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رێگرتن لە پێکدادان لەگەڵ دیدگای فەرمی عێراق، کە رەتیدەکەنەوە ئەو گروپانە بگرێتەوە کە ناکۆکی لەگەڵ بەرژەوەندییە هەرێمییەکاندا هەیە، لەنێویاندا رێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا.

پێشتریش هەڵوێستی حکومەتی عێراق بڵاوکرایەوە، تیایدا ئاماژە بەوەکرا کە هێرشەکان بۆ سەر ئەو بنکە عێراقییانە رەتدەکەنەوە، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی ناتۆدا میوانداری ئەمریکییەکان دەکەن، هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانیان راسپاردووە بۆ شوێنپێهەڵگرتنی ئەنجامدەرانی هێرشەکان و دەستگیرکردنیان و لێپرسینەوەیان.

جێگای سەرنجە ئەو لێدوانانەی بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا دەگرنە ئەستۆ، ناگەڕێندرێنەوە بۆ ناوی میلیشیایەکی دیاریکراو، بەڵکو لە ژێر ناوی “مقاوەمەی ئیسلامیدا”دا رادەگەێنرێن، کە زۆرجار ئەمە وەک هەوڵێک بۆ پیشاندانی یەکڕیزی لەبەردەم رای گشتیدا دەنوێنرێن.

لەڕووی پرۆگرامیشەوە، میلیشیاکانی “مقاوەمەی ئیسلامی” جیاوازن لەوانەی کە ململانێ لە غەززە بەڕێوەدەبەن، کە بزووتنەوەی حەماس نوێنەرایەتیان دەکات، کە لە هەناوی ئایدۆلۆژیای ئیخوان موسلیمینی سوننەوە هاتوونەتە دەر، ئەمەش حزبوڵای لوبنانیش دەگرێتەوە، بەڵام هەڵوێستی گشتی دژ بە ئیسرائیل پێدەچێت خاڵێکی یەکتربڕینی بەرژەوەندییەکان بێت لە نێوان ئەو دوو رێبازەدا.

بزووتنەوەی حەماس لە ساڵی 1987 وەک رکابەرێکی سیاسی لە ململانێی دەسەڵاتدا لەگەڵ ئیدارەی ئێستای فەلەستین بە سەرۆکایەتی بزووتنەوەی فەتح و ئەبو مازنی سەرۆک وەزیران پێکهێنرا، بەڵام ئەم میلیشیا شیعانە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا پشتیوانی خۆیان بۆ غەززە پیشاندا، هاوشێوەی حیزبوڵڵا لە لوبنان.

میدیا رۆژئاواییەکان بە پلەی یەکەم ئێران بە هەوڵدان بۆ فراوانکردنی ململانێکان و دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆمەتبار دەکەن.

“مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” بەرپرسیارێتی خۆی لە زنجیرەیەک هێرش راگەیاند، کە نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر تا دوێنێ پێگەکانی ئەمریکایان لە سووریا و عێراق کردە ئامانج، ئەمە جگە لەوەی هێرشەکان باڵیان کێشا بۆ هەرێمی کوردستانیش، کە هەر دوێنێ پێنجشەممە پنتاگۆن هەڵوەشاندنەوەی هێرشێکیان بۆ سەر بنکەکەیان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر راگەیاند، یەکسەر “مقاوەمەی ئیسلامی” بەرپرسیارێتی خۆی لێ راگەیاند.

گروپەکە هیچ ماڵپەڕێکی فەرمی نییە، تەنها ئەوە نەبێت کە لە رێگەی ئەکاونتەکانی تێلێگرام و گروپەکانی تۆڕی جڤالییەوە بەرپرسیارێتییەکانی بڵاودەکاتەوە.

هەروەها ئەم میلیشیانە هیچ ناوەند و بنکەیەکی راگەیەندراویان لەسەر زەوی نییە و هۆکارەکەشی زۆرجار ئەمنییە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل دەیکاتە سەریان و ئەمەش چەند جارێک لەسەر سنووری نێوان سووریا و عێراق روویداوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر