پێگەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر مەترسی پەلاماری ئێراندان

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

ئاستی هەڕەشەکانی ئێران، لە رێگەی بریکارەکانییەوە، بۆ سەر پێگەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای ئەو هێرشە فرە بەرەییەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەردا بۆ سەر ئیسرائیل، بە پێی ئەوەی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێشبینیان کردبوو، لە بەرزبوونەوەدایە.

لەبەر رۆشنایی ململانێی بەردەوامی غەززە لە نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیلدا، ئەمریکا بە خێرایی کەشتی فڕۆکە هەڵگری نارد بۆ رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

واشنتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی ئەو جێگیرکردنە نوێیە، رێگریکردنە لە “کردەوەی دوژمنکارانە”ی دژ بە ئیسرائیل یان “هەوڵدان بۆ فراوانکردنی بازنەی ئەم شەڕە”.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لەم ماوەیەی دواییدا سەرنجی لەسەر ئەو گەشەسەندنانە بووە لە مەودای هاوکارییەکانی نێوان رووسیا و ئێراندا، کە لە کەنداوەوە تا سووریا درێژدەبێتەوە.

بەگوێرەی پێشهاتەکان، د.عومەر عەبدولسەتار، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێی وایە براوەکان لە پەرەسەندنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، یەکەم و دووەم و سێیەم بە رێککەوت بریتین لە “ئێران، رووسیا، و حیزبوڵڵای ئێرانن”.

دۆڕاوی یەکەم و دووەم و سێیەم، وەک خۆی دەڵێ، “ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی هاوپەیمانن، لەوانەش وڵاتانی کەنداو”.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکرد، بەبێ گوێدانە دەرئەنجامەکانی شەڕەکە، “پێدەچێت ئێران لە پێشەنگی ئەم ململانێیەدا بێت و ئەوەی ئەمە رووندەکاتەوە ئەوەیە کە دانوستان لەگەڵ ئێران هەیە سەبارەت بە بارمتەکانی دەستی حەماس، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا پێدەچێت خەوتبێت”.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس لە قەتەر کۆبووەوە، دوای گەشتەکەی بۆ عێراق و پاشان سووریا و لوبنان، بۆ دیدار لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە و رێکخستنی هەماهەنگی لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە.

ئەو پسپۆرە عێراقییە دەڵێت، “بەدووری نازانرێت پێکدادان لەگەڵ ئێران رووبدات و تەنانەت ئەگەر حەماسیش لە غەززە دەربکرێت، تێچووی ئەوە بۆ ئەمریکا و واشنتۆن زۆرە لە ژێر سەختی دیمەنەکە و لەگەڵ پەرەسەندنی تواناکانی ئێران لە ناوچەکە و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ رووسیا”.

عەبدولسەتار، پێی وایە ئامانجی ناردنی فڕۆکە هەڵگرەکان بریتییە لە پێکهێنانی “بەرەیەک” واتە “ئەوان تەنها خۆیان شەڕ ناکەن، بەڵکو هاودەنگی و هاوپەیمانی لە ناوچەکە و کەنداودا کۆدەکەنەوە، بۆ نموونە دژی ئێران”.

لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، فەرماندەی ناوەندی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، جەنەڕاڵ ئەلێکسوس گرینکیویچ، هۆشدارییدا لە مەترسییەکانی “هاوکاری و خۆچەماندن”ی رووسیا لەگەڵ ئێران، لەکاتێکدا کە ئەمە درێژبێتەوە بۆ هاوکاری ئاسمانی لە سووریا، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران لە کەنداوی عەرەبی، کە ئەوان بە کەنداوی فارسی دەزانن.

عەبدولسەتار، باسی لەوە کرد کە پیگە ئەمریکییەکان “وەک ئامانجێک بۆ ئێران دەمێننەوە، چ لە سووریا، چ لە عێراق، یان لە کەنداو و ئەو ناوچانەی تر کە بنکەی ئەمریکییان تێدایە”.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا پێگەکانی ئەمەریکا لە سووریا تووشی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بوونەوە لە رۆژئاوای کوردستان و بەمشێوەیە واشنتۆن چەند رێوشوێنێکی گرتەبەر، لەوانە ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگر بۆ دەریای کەنداو.

بە بۆچوونی ئەو توێژەری ستراتیجییە، “ئێران نەگۆڕاوە و هەرەشەکانی ماوەتەوە”، بەو پێیەی دانوستانەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان سعودییە و ئیسرائیل بەستراوەتەوە و رێککەوتنی بەرگری ئەمریکا و سعودییە دواخراوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەمە خۆی لە خۆیدا “سەرکەوتنی ئێرانە”.

سەبارەت بە ئێرانیش هەرچەندە خۆی لە دەستوەردانی راستەوخۆ دوور دەخاتەوە لەو رووداوانەی کە لە ناوچەکە روودەدات، بەڵام لە پاڵپشتی بزووتنەوەی حەماس و حیزبوڵڵا نکۆڵ نەکردووە و لە زیاتر لە بۆنەیەکدا لە رێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیەوە هۆشداری داوە لە فراوانبوونی ململانێکان.

بەڵام ئەوەی نوێیە لەم بارەیەوە ئەوەیە کە ناوچەکە جەنگێک بەخۆوە دەبینێت، کە لەلایەن ئەمریکاوە بەڕێوەدەچێت بەبێ ئەوەی راستەوخۆ بچێتە ناو جەنگەکەوە، هەروەک چۆن شەڕی بەردەوامی ئۆکرانیا (بە پاڵپشتی ئەمریکا) و رووسیا، بەڕێوەدەچێت.

بەم شێوەیە “واشنتۆن شەڕی خۆی لە دژی نەیارانی بەڕێوە دەبات، بۆ ئەوەی ئەمریکا پێگە و سەرکردایەتی سیستەمی نێودەوڵەتی خۆی بپارێزێت، نەک وەک ئەوەی رووسیا و چین دەیانەوێت کە جەنگێکی جیهانییە” ​​بە گوتەی عەبدولسەتار.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر