گێرەشێوێنی و پێشێلکاریی.. لەمپەرن لەبەردەم ئاوارەکانی گرێ سپیدا بۆ گەڕانەوە

رەققە – نۆرس پرێس

ئیبراهیم بە ناچاری لە کامپی تل ئەلسەمەن ماوەتەوە، کە نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر ئاوارەی ئەو کامپە بووە، سەرەڕای سەختی مانەوە لەوێ و بارودۆخی سەختی ژیان، بەڵام  بۆ ئەو بژاردەیەکی”باشترە لە گەڕانەوە”.

ئیبراهیم ئەلئیبراهیم، ​​هاوڵاتییەکی ئاوارەیە لە کامپی تل ئەلسەمەن لە باکوری شاری رەققە لە رۆژئاوای کوردستان، پێ باشترە لە کەمپەکەدا بمێنێتەوە نەک بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی لە شارۆچکەی سولوک لە گوندەواری گرێ سپی، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی زەویەکانیان لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە تورکیاوە.

لە 9ی تشرینی یەکەمی 2019دا، هێزەکانی تورکیا و میلیشیا چەکدارە دڵسۆزەکانیان، ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانیێیان داگیرکرد، لە لەشکرکێشییەکدا بە ناوی “بەهاری ئاشتی”، بەپێی زانیارییەکان لە ئەنجامدا نزیکەی 300 هەزار دانیشتووی ناوچەکە ئاوارەبوون.

“ئیبراهیم” هێشتا هیوای گەڕانەوەی لەدەست نەداوە، بەڵام “بەبێ بوونی تورکیا و میلیشیاکانی لە ناوچەکەیدا”، بەهۆی ئەو پێشێلکارییانەی لەوێ بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیل ئەنجام دەدرێن، کە دەبنە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەیدا.

ترسی و ئاژەواگێڕیی

باروودۆخی ئەو پیاوەش وەک باروودۆخی دەیان هەزار دانیشتووی دیکەی گرێ سپییە، کە زۆرینەیان لە “کامپی ئەلسەمین” دەژین و بەشێکیشیان روویان لە شاری رەققە و گوندەوارەکەی کردووە، دوای ئەوەی ناوچەکەیان گۆڕا بۆ ژینگەیەک کە ئاژاوەگێڕیی ئەمنی و پێشێلکارییەکان بەرامبەر دانیشتووان بەسەریدا زاڵن، بەپێی دەیان راپۆرتی مافەکانی مرۆڤ.

لەشکرکێشییەکەی تورکیا نزیکەی 300 هەزار کەسی ناچارکرد لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارەبن، لەنێویاندا ئاوارەبوونی نزیکەی 175 هەزار کەس لەو ناوچەیەی کە لە نێوان سەرێ کانیێ و گرێ سپیدا درێژدەبێتەوە، کە تێیدا سەرۆککۆماری تورکیا بانگەشەی دروستکردنی “ناوچەی سەلامەت”ی دەکرد، بەپێی راپۆرتەکان.

لە سایەی “ناوچەی سەلامەت”ەوە، کە تورکیا بانگەشەی دامەزراندنی دەکرد، “ئیبراهیم” و ئاوارەکانی تر سەلامەت نین بۆ گەڕانەوە بۆی، لەکاتێکدا ئەوان خاوەنی ماڵ و زەوی کشتوکاڵی بوون لەوێ و بارودۆخی ژیانیان جێگیر بوو.

بەڵام ئێستا ئەوان لە چادرەکاندا پەناگەیەک دەدۆزنەوە بۆ درێژەدان بە ژیانیان بەبێ هەراسانکردنی ئەمنی و دەستبەسەریی لەلایەن میلیشیاکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆز بۆ تورکیاوە، کە ئەندامەکانی بەبێ لێپرسینەوە سەرپێچی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی سڤیل دەکەن، بەپێی راپۆرتەکان و ئەوەی شایەتحاڵان خستوویانەتەڕوو.

دوور لە ماڵ و حاڵی خۆیان، ئیبراهیم و هاوتەمەنەکانی بەدەست بارودۆخی سەختی ژیان و ئابوورییەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، کە لە هاوین و زستاندا رووبەڕووی بارودۆخی سەختی کەشوهەوا دەبنەوە.

کامپی تل ئەلسەمەن کە 35 کیلۆمەتر لە باکووری شاری رەققەوە دوورە، بۆ خەڵکی ئاوارەی شاری گرێ سپی و گوندەوارەکانی تەرخانکرابوو، کە لە ئەنجامی لەشکرکێشی بەناو “بەهاری ئاشتی” ئاوارەی کامپەکە بوون، کە بەسەر 1261 خێزاندا دابەشکراوە و زۆرینەیان کەسانی بەساڵاچوو و منداڵ و ژنانن.

دوای ئەوەی ئاوارەکان پاشای ماڵی خۆیان بوون لە گوندەکەی خۆیاندا، کە خاوەنی پارچە زەوییەک بوون، خۆیان و خێزانەکەیان پێی دەژیان، ئێستا ناچاری هەر کارێکی رۆژانەن کە بەردەست بێت، کە نزیکەی 500 هەزار لیرەی دەستکەوێت، ئەمەش بەس نییە بۆ دەستەبەرکردنیپێداویستییە سەرەتاییەکان بۆ خێزانەکەی.

لە ئەنجامی نەبوونی هاوکاری فریاگوزاریەوە، ئاوارەکانی گرێ سپی بەدەست بارودۆخی سەختی ئاوارەبوونەوە دەناڵێنن.

“زەوییەکەم رۆشت، ئێمە هیچ هیوایەکمان نییە بۆ گەڕانەوە جگە لە دەرکردنی تورکیا لە ناوچەکەمان”، “ئیبراهیم”، وەک دەنگی زمانحاڵی زۆرینەی ئاوارەکانی کامپی تل ئەلسەمەن و ئەوانەی ئاوارەبووی باکووری رەققە بوون، ئەمەی گوت.

ترس لە توندڕەوەکان

لە نزیک چادرەکەی “ئیبراهیم” چادری “وەفا ئەلباشا”هەیە، کە ژنێکی تەمەن چل ساڵانە، کە لە کاتی چوونە ژوورەوەی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆندا ئاوارە بووە، کە بەشێک لە ئەندامانی ئەو گروپانە سەر بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ن.

راپۆرتە میدیاییەکان بوونی ئەندامانی پێشووی داعشیان لە نێو ریزەکانی میلیشیاکانی گرێ سپی و گوندەوارەکەیدا بەبەڵگە کردووە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرکردەکانی رێکخراوەکەیان لەو شارۆچکانە کردووەتە ئامانج کە لەلایەن میلیشیاکانیی دڵسۆزی تورکیاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرکردەیەکی داعشی لە شارۆچکەی حەمام ئەلتورکمان لە گوندەواری گرێ سپی بە سێ مووشەک کردە ئامانج و راستەوخۆ کوژرا.

هەموو ئەمانە هۆکارێک بوون بۆ ئەوەی “وەفا” ناچار بێت شارۆچکەی گرێ سپی بەجێبهێڵێت، لە ترسی توندڕەوەکان، ئێستا بە سەقفی چادرەکەیەوە، “وەفا” خاچێکی داناوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە مەسیحییە و پەیوەندی بە باوەڕەکەیەوە هەیە.

پێش دەستپێکردنی  جەنگی سوریا، نزیکەی 150 خێزانی مەسیحی لە گرێ سپی دەژیان، زۆرینەیان ئاوارەبوون کاتێک رێکخراوەکە دەستی بەسەر شارەکەیاندا گرت و جارێکی دیکەش ئاوارەبوون کاتێک میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە تورکیا ناوچەکەیان داگیرکردن.

“وەفا” دەڵێت ئەوەی پاڵنەری ئەوە بۆ مانەوەی لە کامپەکەدا، بارودۆخی سەختی ژیانە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی گرنگترە، بە گوتەی ئەو، “کەرامەتی مرۆیی لە سەرووی هەموو شتێک”ەوەیە، داواش لە رێکخراوە جیهانی و مرۆییەکان دەکات کە فشار بخەنە سەر تورکیا تا گرێ سپی بەجێنهێڵێت و ئەوانیش بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی.

ئامادەکردنی: فەیاز محەمەد – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان