ملیۆنەها دۆلار.. تێچووی چاککردنەوەی وێستگەیەکی غازە لە رۆژئاڤا کە بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە زیانی پێگەشتووە

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

 وێستگەی سوەیدییە کە غازی بۆ رۆژئاوای كوردستان دابین دەکرد، جگە لە دابینکردنی کارەبا بۆ شارەكانی ناوچەكە ، بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا زیانی گەورەی پێگەیشت لەكاركەوتووە، بۆ چاککردنەوەشی ملیۆنان دۆلاری پێویستە.

هەینی ڕابردوو، دامەزراوەی غاز و کارەبای سوەیدییە،  لە گوندەواری دێرکی رۆژئاوای كوردستان، لە ئەنجامی زنجیرەیەک هێرش و بۆردومانی تورکیا، بە تەواوی لەكاركەوت .

پێش بۆردومانەکەی تورکیا، وێستگەکە ڕۆژانە 500 هەزار مەتر سێجا غازی بەرهەم دەهێنا، دواتر  بۆ بەرهەمهێنانی 40 مێگاوات کارەبا بەكاردەهێنرا.

وێستگەی سوەیدییە لەسەدا پەنجای کارەبای بۆ جزیرە ڕۆژئاوا دابین دەكرد، بەمەش دانیشتوانی ناوچەکە بێ کارەبا ماونەتەوە، جیا  لەوە دانیشتووانی ناوچەكە رووبەڕووی كێشەی كەمی ئاو دەبنەوە.

عەگید عەبدولمەجید، لە کارگێڕی وێستگەی غازی سوەیدییە، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، کاتژمێر یازدەی بەیانی بۆردومانەکە بۆ سەر دامەزراوەی سوەیدیە دەستیپێکرد، ئەو تۆرباینە غازانەی کە کارەبا بۆ شارەکانی حەسەکە، قامشلۆ،تربەسپی و عامودێ بەرهەمدەهێنن، دوو جار بۆردومان کران و كرانە ئامانج لە ئەنجامدا سێ تۆرباین لەكاركەوتن.

ئاماژە بەوەش دەكات ، دواتر ئەو تۆرباینانەی کۆمپانیاکە كرانە ئامانج کە کارەبایان بۆ بیرەكانی نەوت و شارۆچكەكانی تربەسپی تا دێرك  دابین دەكرد، لە ئەنجامدا دوو تۆڕباین لە كاركەوتن.

ڕاشیدەگەیەنێت، دوای بەئامانجگرتنی تۆرباینەکان و وێستگەی گۆڕینی کارەبا، بۆردومانەکە وێستگەی بەرهەمهێنانی غازی ماڵان و غازی پاکی کردە ئامانج كە بۆ كاركردنی كارگەكە بەكاردەهێنرا، بەمەش كارگەكە لەكاركەوت .

دەشڵێت بۆردومانەکەی تورکیا شەش شوێنی نەوت و گاز و کارەبای لە دەوروبەری سوەیدییە کردە ئامانج و بەتەواوی لە خزمەتگوزاری غاز و کارەبا لەكارگەكە وەستان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی ئەو زیانانەی بەر دامەزراوەکە كەوتووە، تێچووی نۆژەنكردنەوە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت

لای خۆیەوە، ساڵح ئیدریس بەڕێوەبەری کۆمپانیای کارەبای حەسەکەی حكومی، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی سانا ڕایگەیاندووە، بۆردومانەكانی تورکیا بۆ سەر وێستگەکە بووەتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر و زیانی ماددی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبای سوەیدییە تەنیا سەرچاوەیەکە لە پارێزگادا کە پشتی پێدەبەسترێت بۆ دابینكردنی كارەبا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا پشت بەو بڕە کارەبا کەمە دەبەسترێت کە لەڕێگەی هێڵی کارەبای 230 كەی ڤییەوە دێت لە تەبقەوە بۆ حەسەکە، بۆ دابینكردنی ئاو و پێدانی كارەبا بە چەند شوێنێكی وەكو نەخۆشخانە، فڕنەكان

کارگەکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە دامەزراوە و کۆن بووە، بە بڕوای عەگید عەبدولمەجید بەدەستهێنانی پارچەی یەدەگ ئاسان نییە بۆ نۆژەنكردنەوەی. وێستگەی غازی سوەیدییە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن کۆمپانیا فەرەنسییەکانەوە دامەزراوە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ نۆژەنكردنەوەیەكی بۆ نەكراوە، نزیکەی ١٣٠ تۆن غازی لێ بەرهەم دەهات.

دوێنێ ، بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەرێوبەری خۆسەری لە ڕۆژئاوای كوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێرشەكانی تورکیا زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا بێبەشكردووە.

بەڕێوبەری خۆسەری بە ئامانجگرتنی بژێوی ژیان، لەوانەش کارەبا و ئاو و وێستگەکانی نەوت بە “تاوانی جەنگ” دەزانێت.

خورشید عەلیکا توێژەری ئابووری،  دەڵێت ئابووریی بەرێوبەری خۆسەری پاشەكشەی كردووە بەهۆی بەردەوامی بەئامانج گرتنی ژێرخانی ئابووری و کەرتە ئابوورییە گرنگەکان لە لایەن توركیاوە.

ناوبراو لە لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکردووە ئەم هێرشانە کاریگەریی ئابووری درێژخایەنیان دەبێت لەسەر گەشەپێدان لە ناوچەکەدا.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیانە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئێستای بۆردومانەکەی تورکیا دەکرێت بە سەدان ملیۆن دۆلار بخەمڵێندرێت، كە دەبنە هۆی وەستانی وەبەرهێنان و زیادبوونی ڕێژەی بێکاری .

ئەم توێژەرە پێی وایە لە ڕۆژانی داهاتوو ناوچەكە رووبەڕووی كەمی  دابینکردنی ئاو و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبا ، هەروەها قەیرانی غاز و گازۆیل و بەنزین و نان ڕوودەدات . وەستانی جوڵەی بازاڕ و بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆچکردن و کەمبوونەوەی ئەو هاوکاریانەی کە پێشکەش بە کەمپەکان دەکرێن و بەمەش ڕێژەی بێکاری بەرز دەبێتەوە . عەلیکا دەشڵێت مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەری و کاردانەوەکانی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ژێرخانی ناوچەکە، زۆر قورس دەبێت.