لە 48 كاتژمێری ڕابردوودا توركیا 131 دامەزراوە و ژێرخانی ئابووری لە رۆژئاوای كوردستان كردۆتە ئامانج

ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس

بەگوێرەی ئاماری بەشی چاودێری و به‌به‌ڵگه‌كردنی ئاژانسی نۆرس پرێس بەئامانجکردنی ئەو 131 شوێنەی بۆردومان كراون، بەسەر ئەم شارانەی خوارەوە و گوندەكانیدا دابەشکراون (21 شوێن لە قامشلۆ، 26 ئەلحەسەکە، 37 گوندەكانی باکووری حەلەب، 9 شوێن له‌ دێرک، 25 شوێن لە عێن عیسا، 16 شوێن لە کۆبانێ ، 7 شوێن مه‌نبج).

بە کۆی گشتی 21 شوێنی ژێرخان لە رۆژئاوای كوردستان کراونەتە ئامانج، ئەوانیش: (بەنداوی چل ئاغا، كۆگاكانی نەوت لە نزیک گوندەكانی قامشلۆ، وێستگەی نەوتی ئەلقەوس لە گوندەواری قامشلۆ، وێستگەی نەوتی سەعیدە لە گوندەواری قامشلۆ، وێستگەی کارەبا سەر بە شاری حەسەکە، وێستگەیەكی گواستنەوەی ئاو لە حەسەکە، وێستگەیەكی کارەبا لە قامشلۆ، وێستگەیەكی کارەبا لە شاری عامودێ).

هەروەها لە چوارچێوەی ئەو شوێنانەی لەلایەن توركیاوە بە ئامانج گیراون (کێڵگەی نەوتی عەودە لە گوندەواری قامشلۆ، بیرە نەوتییەکانی گوندی ته‌ل خاتون لە گوندەواری قامشلۆ، وێستگەی نەوتی ئەلزەرابییە لە گوندەواری قامشلۆ، بیرە نەوتییەکانی قەحتانیە لە گوندەواری قامشلۆ، وێستگەیەکی کارەبا لە قامشلۆ، دامەزراوەیەکی غاز لە شاری دێرک، پاڵاوگەیەکی نەوت لە نزیک وێستگەی سوەیدییە، لەگەڵ وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی کارەبای تربه‌ سپی و وێستگەی کارەبای عێن عیسا).

ئەم شوێنانەی لە لایەن هێزەكانی توركیاوە كراونەتە ئامانج، سووتەمەنی، کارەبا، ئاو و خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی زۆربەی ناوچەکانی رۆژئاوای كوردستان دابین دەکەن، لە ئەنجامی بۆردومانەكان تەواوی خزمەتگوزاری ئەو دامەزراوانە لە كار كەوتوون.

ژمارەی هێرشه‌كانی 48 كاتژمێری رابردووی هێزه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان 180 هێرش بووە کە 117 هێرشیان لە ئەنجامی تۆپباران و چەکی قورس و 17 هێرشیان لەلایەن فڕۆکەی سەربازی و 45 هێرشیان بە فرۆكەی بێفڕۆكەوان بووە.

هه‌روه‌ها بۆردومانه‌كان 6 شوێنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی گرتۆتەوە، جگە لە 3 کارگەی پیشەسازی و قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک، 76 شوێنی نیشتەجێبوون و هەروەها 23 شوێنی سەربازی کراونەتە ئامانج کە 13 یان سەر بە هێزەکانی حکومەتن.

لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیادا 25 قوربانی تۆمارکراوە، بەهۆیەوە 17 کەس شەهید بوونە  کە 10 كەسیان هاوڵاتی سڤیل بوون و 8 کەسیش برینداربوون کە 5 یان هاوڵاتی سڤیل بوون و منداڵێكیش لە نێو بریندارەكاندا هەیە.

لە نێو ئەو شوێنە مەدەنیانەی کە کراونەتە ئامانج بریتی بوون لە (نەخۆشخانەی کۆڤید لە شاری دێرک، وێستگەی ئاوی خانا سه‌رێ لە دێرک، قوتابخانەیەک لە گوندی داد عەبدالی گوندەواری حەسەکە، کارگەیەکی سەهۆڵ لە گوندی دمخیە سەر بە قامشلۆ، کارگەیەکی بیناسازی لە گوندەواری حەسەکە، دەوروبەری کەمپی واشۆکانێ بۆ ئاوارەكانی سه‌رێ كانێ، ته‌نكییه‌كی ئاوی گوندی فەتسە له‌ عێن عیسا، سایلۆکانی قه‌زعه‌لی له‌ عێن عیسا، سایلۆی دانەوێڵەی عامودێ و کارگەیەکی چیمەنتۆ لە کۆبانێ.

تورکیا بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی ژێرخانەكان لە ڕؤژئاوای كوردستان بە بێ گوێدانە بانگەواز و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کە لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا بۆ ئاگربەست و وەستانی پەرەسەندنە سوەربازییەكان لە ناوچەکەدا واژوو کراون.

ئاماده‌كردن و داڕشتنه‌وه‌ی: ته‌یسیر محه‌مه‌د