زیرەک میرە: بۆ من گرنگە دەرهێنەریکی تورک یان هەر نەتەوەیەکی تر خەڵاتی “ژنی ئازاد”ی کوردی ڤێستیڤاڵی کۆبانێ لە تاقەکەیدا دانێت

سلێمانی – نۆرس پرێس

هونەرمەندی دیاری باشووری کوردستان، زیرەک میرە، کە سەرپەرشتیاری دروستکردنی پەیکەری “ژنی ئازاد”ە لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، هەستا بە دروستکردنەوەی بچوککراوەیەکی پەیکەرەکە بۆ خەڵاتی ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆبانێ، کە لە شاری “بوخۆم”ی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.

زیرەک میرە دەربارەی بیرۆکەی پەیکەری ژنی ئازاد بە نۆرس پرێسی راگەیاند: “سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەری ژنی ئازاد، لە سەروبەندی بەرخودانی ژناندا هات لە رۆژئاڤا، سەرەتا وابڕیار بوو لە کاتی جەنگەکەدا من بچمە ئەوێ و لە پاشماوەی جەنگ پەیکەرەکە بونیادبنێم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوکاتە کۆمەڵێک پێداویستی هەبوون، بۆ دروستکردنی مۆنۆمێنتەکە، کە دەمویست لە تانک و زرێپۆش و گولە تۆپ و پاشماوەکانی جەنگ دروستی بکەم، بۆ ئەمەش پێویستم بە کۆمەڵێک ئامێری وەک کرێن و لەحیم و کارەبا دەبوو، جگە لەوەش کاتەکە زۆر گونجاو نەبوو کە لە ناو شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندا ئەم کارە ئەنجام بدرێت، بۆیە بریارمدا لە گەڵ چەند هونەرمەندێک لە باکووری کوردستان لە شاری ئامەد، کە من بچم لەوێ پەیکەرەکە دروستبکەم و لەوێوە بیپەڕێنینەوە بۆ ئەودیووی سنوور، واتا بۆ رۆژئاڤا، بەڵام بەداخەوە دوای تێپەرینی چەند رۆژێک بەسەر بیرۆکەی دووهەمدا، کە هەموو ئامادەکاریەکمان بۆ کردبوو، خەونەکە نەهاتەدی، لەبەرئەوەی سنوورەکە لە لایەن جەندرمەوە، بە تانک و تەلبەند گیرا”.

وەک زیرەک بۆ نۆرس پرێسی باسکرد، بیرۆکەیەکی دیکە ئەوە بووە کە دروستی بکەن و پارچە پارچەی بکەن و بیبەن لە رۆژئاڤا دووبارە پێکەوەی بلکێنینەوە، بەڵام لەبەرئەوەی قەبارەی پەیکەرەکە گەورە بووە، دیسانەوە هەمان کەرەستەکانی بیرۆکەی دووهەمی پێویست دەبوو، بۆیە زیرەک دەڵێ “ئەم بیرۆکەیەش نەگەشت بە ئەنجام و بڕیارمدا  کەمێک دان بەخۆمدا بگرم تا کۆبانێ ئازاد بێت، ئەوسا پڕۆژەکەم جێبەجێ بکەم”.

لە گەڵ ئازاد بوونی شاری کۆبانێ، هونەرمەند زیرەک میرە، پەیوەندی دەکات و وەک خۆی دەڵێ “بەخۆشحاڵییەوە لە پێشوازیدا بوون بۆ ئەوەی پرۆژەی بەرخودان، یان پرۆژەی پەیکەری ژنی ئازاد دروستکەم و بیبەم بۆ رۆژئاوای کوردستان”.

لە شاری سلێمانی لەگەڵ ستافێکی 10 کەسیی خۆبەخشدا، کە وەک هاوکاری لەگەڵی بوون، کە جگە لە یەکێکیان کەسیان پەیکەرساز نەبوون، بەڵام “هەموویان بە روحێکی کوردانەوە هاوکار و پشتیوانم بوون، بە تایبەتیش پارێزگاری سلێمانی ئەودەم”.

هونەرمەندی پەیکەرتاش لە ماوەی حەوت مانگدا و بەهاوکاری ستافەکەی پرۆژەی “پەیکەری ژنی ئازاد”، بە قەبارەی نۆ مەتر وبە قورسایی چوار تۆن و نیو بۆ پێنج تۆن بونیات دەنێت، پاشان بەرێدەکەون بۆ کۆبانێ و “بەخۆشحاڵییەوە لە ناوەندی شاری کۆبانێ پەیکەرەکە دانرا و مایەی خۆشحاڵی بوو کە لە لایەن سەرجەم دانیشتووانی رۆژئاڤا و بەتایبەتی هاووڵاتیانی شاری کۆبانێوە پێشوازییەکی یەجگار گەرم لە پرۆژە هونەرییەکە کرا”.

رۆژی 11ی ئەم مانگە، چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کۆبانێ لە شاری (بوخوم)ی وڵاتی ئەڵمانیا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، خەڵاتی “ژنی ئازاد” کە لە لایەن هونەرمەند زیرەک میرەوە دروستکرابوو، پێشکەش بە فیلمە براوەکان کران.

دەربارەی بوون بە خەڵاتی پەیکەری ژنی ئازاد لە ڤێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کۆبانێ، زیرەک گوتی: ” بێگومان بوون بە خەڵاتی ژنی ئازاد لە ڤێستیڤاڵەکە بەهایەکی یەجگار زۆری هەیە، بەوەی کە پەیکەری ژنی ئازاد باس لە گەورەیی و بەرخودانی ژنی کورد دەکات و دەچێتە هەموو ماڵێکەوە، بە نموونە لەم ڤێستیڤاڵەدا چەندەها دەرهێنەری بیانی وەک تورک، فارس، ئەرمەنی، فەڕەنسی و ئەمریکی خەڵاتکران، واتە ئەم خەڵاتە یان سیمبولە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت”.

دەشڵێ: ” بۆ من گرنگە دەرهێنەرێکی تورک یان هەر نەتەوەیەکی تر خەڵاتی “ژنی ئازاد”ی کوردی ڤێستیڤاڵی کۆبانێ لە تاقەکەیدا دانێت، ئەمە بۆ من گرنگییەکی یەجگار زۆری هەیە و هیوادارم ئەم ڤێستیڤاڵە بەردەوام بێت و لە ساڵانی ئایندەدا ئەم جۆرە خەڵاتانە بدرێت بە دەرهێنەرانی وڵاتانی دیکەش”.

پەیکەری “ژنی ئازاد” بە درێژی نۆ مەتر و کێشی نزیکەی پێنج تۆن و بەڕەنگی سپی دروست کراوە و لە ناوەندی شاری کۆبانێ، لە رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراوە، ئەوەش وەک هێمایەک بۆ ئاشتی لە ناوچەکە و جیهان و بەرگری ژنانی ئازای کورد لەو شارە، پەیکەرەکە بووەتە هێمای یەکەمی شارەکە و پەیامی خۆشەویستی و پشتگیریی و یەکبوونی کوردە لە سەرجەم بەشە داگیرکراوەکانیدا.

پەیکەری “ژنی ئازاد” لە 16ی ئازاری ساڵی 2016دا پەردەی لەسەر لابرا.

پەیکەرەکە هێمایەکە بۆ پێزانین و نەمریی و هەوڵ و کۆششی ئەو ژنانەی شانبەشانی پیاوان لە جەنگی دژ بە “داعش”دا و لە کاتی پەلامارە خوێنڕێژیەکەیاندا بۆ سەر شاری کۆبانێ، بەشداربوون.