منارەی چۆلی یان منارەی مزەفەرییە، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی شاری ھەولێر، کە لە باشووری رۆژاوای قەڵای ھەولێرەوە هەڵکەوتووە.
لە سەردەمی فەرمانڕەوایی “سوڵتان موزەفەر”دا، کە لە سەردەمی سەڵاحەدیینی ئەیوبیدا، حاکمی شاری هەولێر بووە، دروستکراوە و مەزندە دەکرێ ئەم منارەیە پاشکۆی مزگەوتێکی گەورەی ئەو سەردەمە بێت، کە رووی زەوییەوە 22 مەتر بەرزە.
لە سەردەمی سوڵتان موزەفەردا بەھۆی گەشەسەندنی شار و ئارامی و دڵنیایی خەڵکەوە، بۆ یەکەم جار خەڵک لە دەرەوەی قەڵای هەولێر جێگر دەبن و سوڵتانیش بەم مەبەستە دوو قوتابخانە و مزگەوتێک و بازاڕی قەیسەری لە خوارووی قەڵات دروستکردووە، بەڵام دوای کۆچی دوایی سوڵتان و ھێرشەکانی مەغۆل و جەلائیری و ئیلخانی و تورکمانی و سەفەوی بۆ سەر ھەولێر ئەم بەشەی شار لە دەرەوەی قەڵات تووشی رووخان و کاولبوون ھاتووە.
شوێنی منارە تا سەرەتای سەدەی رابردوو چۆڵەوانی بووە و کەسی لێ نەژیاوە بۆیە ناونراوە «منارەی چۆلی» و ھەر لەبەر ئەم ھۆیەش فەرامۆشی کرابوو تا ساڵی 1935 حکومەتی عێراق بە فەرمی بە شوێنەوار ناساندی و دواتر لە ساڵی 1960دا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری عێراقی شورای بۆ دروستکرد و کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ ئەنجامدا.