فێستیڤاڵی پاییز بۆ بازارکردن لە هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر – نۆرس پرێس
شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، میوانداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بازرگانی پاییزی کرد، بۆ بازاڕکردن و (گەڕانەوە بۆ قوتابخانەکان).
فێستیڤاڵی پاییز بۆ بەبازارکردن لە 1ی ئەیلول تا 11ی ئەیلول بەردەوامە و تێیدا 122 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەشدارییان کردووە، کە کۆمپانیاکانی سوریاش بەشێک بوون لە بەشداربووان.

ئەو کاڵایانەی پێشکەش کرابوون بریتی بوون لە خۆراک و جل و بەرگ و جانتا و بەرهەمی دیکە، کە کۆمپانیا ناسراوەکانی وڵاتانی بەشداربوو و کۆمپانیا ناوخۆییەکان بۆ کڕیاران نمایشیان کردن.
ژمارەیەک کۆمپانیای سوریش بەشدارییان لە فێستیڤاڵی پایزدا کرد، یەکێک لەوانە کۆمەڵەی “مەدار” بوو؛ لەوبارەیەوە دکتۆر محەمەد، بەڕێوبەری کۆمپانیاکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، کە کۆمەڵەی مەدار، کۆمەڵەیەکی ئابوورییە لە سوریا، بەر لە چل ساڵ دامەزراوە، کە تایبەتە بە کەلوپەلەکانی پاکژکردنەوە و شامپۆ و ماددە کیمیاوییەکانی تایبەت بە پاکوخاوێنێ.
رایگەیاند کە ئەوان نزیکەی 16 کەلوپەلی جیاوازی براندە جۆراوجۆرەکانیان نمایش کردووە، لەوانە براندی “ئۆلیڤا و نۆرە”.
محەمەد گوتی: “ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵانە هاندەرە بۆ وەبەرهێنەرانە، جگە لەوەش ئێمە بەرهەمەکانمان ناسراون لێڕە و هەموو بەرهەمەکانمان لە رووی جۆرێتییەوە بڕواپێکراون”.
راشیگەیاند، کە لە بەرنامەیاندایە کارێک بکەن بۆ هاوکاریکردنی پەنابەرانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان لە هەولێر و هەرێمی کوردستان.
ڤیستیڤاڵەکە لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر نمایشکرا و کڕیاران رۆژانە لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆوە تا 10ی شەو دەتوانن سودمەندبن لە کڕین و ئاشنابوون بە کاڵاکان.

حەسەن سامی، بەڕێوبەری کارگێری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دەربارەی ڤیستیڤاڵەکە بە پەیامنێری نۆرس پرێسی وت، “ئەم ڤیستیڤاڵە بە بەشداری زیاتر لە 122 کۆمپانیای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کە زیاتر لە 60یان کۆمپانیای میسرین، بەخۆشحاڵییەوە سەنتەری پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر لە رێگەی ئەنجامدانی ئەم ڤیستیڤاڵەوە هەوڵیداوە کاڵای ناوازە پێشکەش بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات”.
دەربارەی بەشداریکردنی کۆمپانیا سورییەکان، گوتی “ئەم پێشانگایە نێودەوڵەتییە و زۆربەی وڵاتان تێیدا بەشدارن و بەشێک لەوانەش کۆمپانیای سورییەکانن کە بەشدارییەکی کارایان هەبووە”.
فێستیڤاڵەکە لەو روەوە بەسوودە کە کۆمپانیاکان راستەوخۆ کاڵاکانیان بە بەکاربەر دەفرۆشرن و بەمەش دەکرێت لە رووی جۆرییەوە لەو کاڵانە دڵنیا بیت، ئەمە جگە لە ئاشنابوونی کۆمپانیا ناوخۆییەکان بە کاڵا جیهانی و هەرێمییەکانی ناوچەکە.