لەدوای10 رۆژ هەسەدە کۆتایی بە ئالۆزییەکانی دێرەزوور هێنا
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوامن لە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکانیان لە دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، هاوکات سەقامگیرییان بۆ شارۆچکەکانی شحەیل و زیبان لە گوندەواری دێرەزوور گەراندەوە.
ئەمرۆ سێشەممە 5\9\2023 هێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنی گوندی حەویجەی سەر بە شارۆچکەی زیبان لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند و 4 ئەندامی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حکومەتی سوریا دەستگیرکرد.
“هەسەدە” نزیکە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی شارۆچکەی زیبان و کۆتاهێنان بەو ئاژاوەگێرییە کە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە ناو زیبان روویدا.
هەفتەی رابردوو، “هەسەدە” هەڵمەتێکی ئەمنی لە دژی شانە نوستوەکانی داعش لە دێرەزوور، بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە ژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی “چەسپاندنی ئاسایش” دەستپێکرد.
دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە
کەمتر لە رۆژێک دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی “هەسەدە” لە بەیاننامەیەکدا بۆ کەناڵی “رۆناهی” رایگەیاند، کە لە یەکەم رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا 13 کەس دەستگیرکراون وهەندێکی دیکەش کە ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن کوژراون.
ئاماژەی بەوەشدا، هێزه بەشداربووەکان له هەڵمەتەکەدا 5 چەکداری داعشیان دەستگیر کرد، جگه له دەستگیرکردنی 8 کەسی دیکه که مادەی هۆشبەریان پێبووه ، هەروەها 3 چەکدارش که ئامادەنەبوون خۆیان رادەست بکەن کوژراون.
ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکەی “هەسەدە” پەرەی سەند و سەرکردەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی لەخۆگرت و بوو بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی ناوخۆیی و دەرەکی.
لە رۆژی یەکی مانگی ئایلولدا، لەدوای تێکچوونی دۆخی هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگەی دێرەزوور “هەسەدە” قەدەغەی هاتووچۆی بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند و لە ئۆپەراسیۆنی “چەسپاندنی ئاسایش”دا بەردەوامبوو.
“هەسەدە” لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەری فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، “بەهۆی دۆخی ئەمنی نەخوازراوی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی پارێزگەی دێرەزوور و هەبوونی هەندێک هەوڵی دەرەکی بەتایبەتی لەلایەن دەزگە ئەمنیەکانی حکومەتی سوریاوە، هەروەها چالاکبوونەوەی شانەکانی داعش، بۆ ئەوەی ناکۆکی لە ناوچەکەدا دروست بکەن و هەوڵبدەن خەڵکی مەدەنی بۆ ناو پلانە پیسەکانیان رابکێشن، بریار درا بۆ ماوەی 48 کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ رابگەیەندرێت”.
لە 2ی ئەیلولدا، بەرێوبەرایەتی شارستانی دێرەزوور رایگەیاند، گروپە چەکدارەکان دەستیانکردووە بە سووتاندن و تێکدان و تاڵانکردن دامودەزگە گشتیەکان، و نمونەی وێستگەی ئاوی زیبان وەک نمونە نیشاندا، کە بەتەواوی تاڵانکرابوو و دواتر سووتێنرا.
دوای پەرەسەندنی روداوەکانی دێرەزوور، هاوپەیمانی نێودەولەتی دژی داعش لە بەیاننامەیەکدا داوای لە خەڵکی دێرەزوور کرد، نەکێشرێنە نێو “پیلانە پیسەکە” کە تەنها ئازار بۆ دانیشتووان دەهێنن.
لە بەیاننامەکەی هاپەیماناندا هاتوو “لە کاتێکدا هەڵوێستی خۆمان بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەپارێزین، داوا لە هەموو هێزەکان دەکەین دەستبەجێ شەرەکە رابگرن و بگەینە چارەسەرێکی ئاشتیانە کە رێگەمان پێبدات سەرنجمان لەسەر ئامانجی هاوبەشمان بێت کە شکستی هەمیشەیی داعشە”..
لایەنە دەرەکییەکان
نۆرس پرێس هەواڵی لە سەرچاوە ئەمنییە جیاوازەکانەوە دەستکەوتووە کە هەریەک لە “ئەمنی عەسکەری” حکومەتی دیمەشق و چەکدارەکانی نەواف بەشیر، فەرماندەی میلیشیای “شێری هۆزەکان”ی سەر بە حکومەت و نزیک لە سەرکردەکانی ئێران، لە پشت پێکدادان و ئاڵۆزییەکانی دێرەزوورەوەن .
هەینی رابردوو، “هەسەدە” رایگەیاند کە ژمارەیەک چەکداری کردووەتە ئامانج کە هەوڵی دزەکردنیان داوە لە رۆژئاوای فوراتەوە بۆ ناوچەکانی شەر و پێکدادانەکان لە رۆژهەڵاتی فورات، و روونیکردەوە لە کاتی کۆنترۆلکردنی گوندی دەحلە و بەشێک لە شارۆچکەی بەسیرە، سێ لە چەکدارەکانی نەواف بەشیر کوژراون.
لەو کاتی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق لە رۆژئاوایی رووباری فوراتەوە شارۆچکەی هەجین لە رۆژهەڵاتی فورات بە گولە هاونەوە تۆپبارندەکرت، دوو ژن و منداڵێک گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەشیان برینداربوون.
لەو کاتەدا سەرچاوەیەکی سەربازی لە هێزەکانی حکومەتەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، تۆپەکان لە خاڵەکانی گروپەکانی “بەرگریی نیشتمانی” و گرووپی “شێرەکانی شەرقییە” سەر بە ئێرانەوە هاتوون ، کە لە شارۆچکەی مەجاودە جیگیربوونە.
یەکشەممەی رابردوو، هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاوایی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ “چەسپاندنی ئاسایش” لە دێرەزوور، یەکێک لە ئەندامەکانی گیانی لەدەستداوە.
مەترسییەکانی دەستێوەردانی دەرەکی
لە دوای ئەوەی رووداوەکانی دێرەزوور پەرەسەندنەوە، ئیتان گۆڵدریچ، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و جەنەراڵ فۆیل، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئۆپراسیۆنی هێزی ئەرکی هاوبەشی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرۆک هۆزەکانی دێرەزوور کۆبوونەوە و رێککەوتن لەسەر وەستاندنی شەر و ئاڵۆزییەکان، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، لە رێگەی هەژماری خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، هەمووان رێککەوتوون لەسەر چارەسەرکردنی “کێشە و نەهامەتییەکانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژییەکان بەزووترین کات”.
هێزەکانی سوریای دیموکرات جەخت لەسەر بەردەوامیی هەڵمەتە ئەمنییەکانی بۆ دووبارە کۆنترۆڵکردنی سەرجەم شارۆچکەکانی دێرەزوور دەکاتەوە، هەروها لەناوبردنی گروپە چەکدارەوکان، و شانە نوستوەکانی داعش لەو ناوچانە.