جەنگی مەیدانی ئێران دەستیپێکردووە.. ئەمریکییەکان چی دەکەن لە گوندی سەوز؟

نوسینی: شیروان یوسف

ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان لەم دواییانەدا چڕبوونەوەی جموجوڵەکانی ئەمریکایان بەخۆوەبینی، ئەو ناوچەیەش لە دۆخێکی گرژی هاوسەنگدا مایەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا شکستیان بە “داعش” هێنا، ئەویش لە چوارچێوەی ریتمی “یاساکانی جەنگ” و “پابەندییەکانی ئاگربەست” لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆدا.

بەڵام پێدەچێت ئەم هاوسەنگییە، کە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی رووسیا و ئەمریکادا لە ناوچەکانی بەرکەوتن لە رۆژئاڤا لەسەری رێککەوتوون، بەرەو ئاراستەیەکی دیکە بڕوات، بە تایبەت دوای بەریەککەوتنە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی نێوان فڕۆکەکانی سوخۆی و ئێف-16دا.

لە لایەکی دیکەوە شەڕ و پێکدادانی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا لە چوارچێوەی هەندێک سنووردا بەدیکرا، کە لە هەندێک تەق و تۆڵی ئێراندا خۆیدەبینیەوە، لە دەوروبەری “گوندی سەوز” لە کێڵگەی ئەلعومەر، کە هاوتا بوو بە لێدانی پچڕپچڕی ئەمریکا دژ بە کەسایەتییە سەربازییەکان یان بارەگاکانی ئێران لە کەنارەکەی دیکەی رووباری فورات.

روونە کە ئەم هاوسەنگییە لەم ماوەیەی دواییدا بە شێوەیەکی ئاشکرا تێکچووە و لە پلاتفۆرمە میدیاییەکاندا و لە دەمی بڕیاردەرانەوە دێتە دەرێ، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی راستەوخۆی سەربازی لەو ناوچەیەدا، کە بە گڕکانێکی خەوتوو دادەنرێت، بەهۆی دەستبردن بۆ ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی یاریزانە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان.

ئەو هەنگاوانەی ئەمریکا، پاش زیادبوونی بۆردومانی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکە لە کێڵگەی ئەلعومەر، یان ئەوەی پێی دەوترێت “گوندی سەوز” هات، بۆیە بنکەکانی لە دێرەزوور و حەسەکە بە  موشەکەکانی جۆری “هیمارس” تۆکمەکرد، کە بە یەکێک لە چەکە گرنگەکانی بەرگری ئەمریکا دادەنرێت لە ناوخۆی سوریادا، هەروەک دەنگۆی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی نوێ لە ناوچەی ئەلسوەیدییە، لە گوندەواری رۆژئاوای رەققە نزیک بە شاری تەبەقە بڵاوبوویەوە، بنکەیەکی دیکەش لە باشووری دەروازەی رەققە ئامادەکرا، جگە لە بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئەلتەنەف و رۆژهەڵاتی فورات کە مانۆڕ و مەشقی هاوبەشی بەردەوامیان تێدایە.

هێزەکانی ئەمریکا تەنها لە بە رۆژهەڵات و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە نەوەستان، بەڵکو لە بەرەی باشووریش کاریان دەکرد، کە  فڕۆکەی “ئێف-22 رابۆت”یان لە بنکەی مووەفەق ئەلسەڵتی لە باکووری ئوردن جێگیر کرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا لە رێگەی لێدوانی سیاسەتمەدارەکانییەوە ئەوەی باسکردووە، کە بە “مەترسییە ئەگەرییەکانی رووسیا-ئێران” ناوی بردووە، هەروەها چاودێران و ناوەندەکانی چاودێری ئەوەیان پشتڕاست کردەوە، کە ئەم مانۆڕ و کۆبوونەوە سەربازییانە، لە ئەرکەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش کەم دەکەنەوە.

کاتێک نۆرس پرێس پرسیاری لە فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا کرد، کە ئایا مەبەست لە جموجۆڵەکانی ئەم دواییە لەسەر سنووری عێراق و سوریا چییە؟، گوتەبێژەکەی بەناوی لیوا “جۆن مۆر” رایگەیاند، ئەوەی روودەدات جگە لە جوڵەی لۆجستیکی پێویست بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕینی کارمەندانی سەربازی ئەمریکا، کە ماوەی نیشتەجێبوونیان بەسەرچووە، بە کارمەندانی دیکە، هیچی دیکە نییە.

بەڵام ئێرانییەکان هیچ بەهایەک بۆ ئەو گوتانە دانانێن، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیمارات، هەوڵێکی ئێرانی هەیە “بۆ سودوەرگرتن لە کەشوهەوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی دۆخی دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی عەرەبی-ئەمریکی، ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعودیە و گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، بۆ چەسپاندنی نفوزی خۆی و نیشاندانی دوژمنایەتی خۆی بەرامبەر ئەمریکییەکان لە رۆژهەڵاتی سوریا، وەک بەشێک لە چوارچێوەیەکی ناوچەیی کە سیاسەت و دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری هەرێمیدا رەتدەکاتەوە”.

بە پێی ئه وەی چاودێری دەکرێت، ئێران بەشیوەیەکی مەیدانی دەستی بە کارکردن لە سەر ئەم بابەتە کردووە و چەند ساڵێک لەمەوبەر ناوەندی ناونووسکردن بۆ چەکداریی له شاری دێرەزوور کردووەتەوە، بۆ پەیوەندیکردنیان بەوەی ناویان ناوە  “مقاوەمەی شەعبی”.

 لە مانگی ئابی 2020دا هۆزی ئەلعەگیدات دیدارێکی عەشایەرییان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریا لە دژی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی “هەسەدە” سازکرد. لەو کاتەدا رۆژنامەی ئەلئەخباری لوبنانی کە لە ئێران و حزبوڵای لوبنانی نزیکە، ​​سەرنجی لەسەر ئەو بابەتە دا کە رژێمی سوریا بە چەک پشتیوانی ئەم گرووپە دەکات و لە پشتیانەوە وەستاوە وەک گرووپی “مقاوەمەی شەعبی” لە دژی “داگیرکەران” بەکاریاندەهێنێت.

پێدەچوو ئەمریکییەکان نیگەران بن لە پلانێکی ئێرانی – رووسی کە چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، قۆناغی داهاتوو دەتوانێت قورس و تێچووی زۆری هەبێت بۆ ئامادەبوونیان لە رۆژئاوای کوردستان، لە راپۆرتێکدا “واشنتۆن پۆست”ی ئەمریکی، چەند بەڵگەنامەیەکی هەواڵگریی ئەمریکای ئاشکرا کرد، سەبارەت بە پلانەکانیان بۆ جێبەجێکردن هەڵمەتێکی بەرفراوان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی “مقاوەمەی شەعبی”یەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە و بەپێی ئەوەی لە لایەن بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێسەوە تۆمارکراوە، ئێران بە چوار جار بە هەشت لێدان بنکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور کردۆتە ئامانج، کە یەکێکیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، لەنێویاندا دوو هێرشیان ئازاربەخش بوو بۆ ئەمریکییەکان، کە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەریان لە 18ی شوباتدا کردە ئامانج، هەروەها ئەوی دیکەیان کە لە 24ی ئازادرا وەک ئاگادارکردنەوەیەکی مەترسیدار بوو، تیایدا سەربازێکی ئەمریکی کوژرا و شەشی دیکەش بریندار بوو.

سەبارەت بە هێزەکانی سوریای دیموکرات کە هەوڵدەدەن خۆیان لەو ململانێیانە دوور بخەنەوە، کە خزمەت بە ئامانجەکانیان ناکەن لە پاراستنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیاندا، لەو نێوەندەدا کاریان کرد بۆ رێکخستنی ماڵی ناوخۆیی خۆیان، بۆیە سەرۆکی ئەنجومەنەکەیان لە دێرەزوور، ئەحمەد ئەلخەبیل ناسراو بە “ئەبو خەولە”یان لە کارەکەی دوورخستەوە، دوای زنجیرەیەک تاوانی پەیوەست بە قاچاخچێتی و کۆنترۆڵکردنی کاروباری دانیشتووانی دێرەزوور و تێپەڕاندنی رۆڵی سەربازیی خۆی، بەمەش دەرگای ئاژاوەی ئەمنی لە ناوچەکەدا کرایەوە. بەڵام پێدەچێت ئەبو خەولە بە کۆکردنەوەی پارە و دابەشکردنی چەک و پێکهێنانی گروپی تایبەت بە خۆی لە چوارچێوەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا، خۆی بۆ سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ئامادە کردبێت، لەگەڵ ئەو زانیاریانەی کە لەبارەی هەماهەنگی لەگەڵ رژێمی سوریا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێرانییەکان بەدەستی هێناوە.

نائارامییەکانی هەندێک ناوچەی دێرەزوور، دەرفەتێک بوو بۆ نەیارانی “هەسەدە” کە لەو دەوروبەرەدا خۆیان مات دابوو، لە رژێمی سوریا و میلیشیاکانی ئێران لە باشوورەوە تا دەگاتە میلیشیاکانی باکوور، کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکەن.

لە سەر ئەم ریتمە، تەپڵی میدیایی میحوەری (تاران – دیمەشق – بەیروت) دەستیان کرد بە لێدان و بانگەشەکردن بۆ چیرۆکی کۆکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا و دەنگەوەرەکانی رژێمیش بە نۆرە دەستیان کرد بە بانگەشە بۆ حیکایەتی بەکارهێنانی کورد لەم جەنگەدا، بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ئەو پڕوپاگەندە ئامادەکراوانەی باس لە نزیکیی “دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا” و تۆمەتبارکردنی کورد بە هەوڵی جیابوونەوە، جگە لەوەش دیمەشق مەبەستی بوو گڕ لە ململانێی (کورد و عەرەب) بەردات و بە هەمان شێوە ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگری تورکیا پشتیان بە کۆمەڵێک سەرۆک هۆز و نەیار و چالاکوان بەست و دەزگاکانی میدیایی سەر بە تورکیا بۆ ئەم مەبەستە کەڵکیان وەرگرت.

لەگەڵ بەردەوامبوونی سووتەمەنی ناکۆکی لە دێرەزوور، ئێرانییەکان لە رێگەی ئەوەی پێی دەوترێت “مقاوەمەی شەعبی” و هەندێک سەرۆک هۆزی ناونوسکراو لای تاران وەک (ئیبراهیم ئەلحافل و نەواف ئەلبەشیر) شەڕی خۆیان دەستپێکرد، بەم پێیە ئەندامانی “دیفاع وەتەنی” ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە بەلەمی بارگاویکراو بە مووشەکی ئێرانی دەستیان کرد بە دزەکردنە ناو کەناری رۆژهەڵاتی دێرەزوورەوە و بەتەواوی شەڕەکەیان بە خۆشاردنەوە لە نێو خەڵکی سڤیل و لە ژێر پۆشاکی هۆزەکاندا دەست پێکرد و بانگەشەیان بۆ دەرکردنی “داگیرکەری کورد” لە ناوچەکە تاودا.

ئەم ململانێ تیژ و مەترسیدارە لە دەوروبەری “گوندی سەوز”ی ئەمریکی لە مەیدانی ئەلعومەر روودەدات و لەم دواییانەدا لێدوانی گشتییاندا و داوای سەقامگیریان کرد، بەبێ هیچ پشتیوانییەکی مەیدانی بۆ هاوپەیمانەکەی کە هێزەکانی سوریای دیموکراتە، کە هەوڵی راگرتنی هەوڵەکانی ئێران دەدات بۆ چەند مەترێک پێشڕەویکردن لە بنکەی ستراتیژییەکەیان لە سوریا!

ئەمریکییەکان وەک بێلایەن مامەڵە دەکەن، وەک ئەوەی لە دەرەوەی ئەم ململانێیە مەترسیدارە بن، کە رەنگە واشنتۆن ئامانجی لە پشت ئەم هەنگاوە “رازیکردنی هەندێک لایەنی عەرەبی ناوخۆیی و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی بێت بۆ رێگریکردن لە سەرکەوتنی هەوڵەکانی رووسیا و ئێران و رژێمی سوریا، لە هاندانی ئەوان دژ بە هێزەکانی ئەمریکا”، بەپێی ئەوەی یەکەی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی عەرەبی لە لێکۆڵینەوەیەکدا خستویانەتەڕوو، کە لەسەر ئەم بابەتە ئامادەیان کردبوو.

ئەم یەکەیە لەوەش زیاتر دەڕوات و دەڵێت ئامانجی ئەمریکییەکان رازیکردنی تورکیایە، لەڕێگەی ئەگەری دانانی ئەو هێزە عەرەبییانەی کە لە پێکهاتەکانی “هەسەدە”دا بەشدار نین لەسەر سنوورەکان، بەمەش بیانووی تورکیا دەبڕێت، بۆ هێرشکردنە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات و کاریگەری لەسەر نفوزی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

بەشێوەیەکی گشتی پلانی ئێران و رووسیا چووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە و ئەمەش ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی سەخت و تێچووی زۆر بۆ بوونی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی سوریا و ئەم ئاژاوەگێڕییە کە گۆڕاوە بۆ شەڕی مەیدانی راستەوخۆ، دەکرێت لە دۆخی هاوسەنگییەوە سەرهەڵبدات کە واشنتۆن بەدوای رێگایەکی مەترسیداردا دەگەڕێت کە ڕەنگە بۆ رێکخستنی ئاژاوەگێڕان قورس بێت.

ئەو رێکخستنانەی کە ئەمریکییەکان پێی هەستاون، لە رێگەی هێنانی چەکی جۆرییەوە بۆ ناوچەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ریتمەکە و رازیبوونیان بە هەڕەشە کلاسیکەکانی ناو میدیا و سیاسیەکان ئیتر بەس نییە، چونکە جەنگی ئێران لە دێرەزوور لە ئێستاوە دەستی پێکردووە و ئەمەش یەکەم جەنگی ئاشکرای “مقاوەمەی شەعبی”یە دژ بە بوونی ئەمریکا لە سوریادا.