پاش هەشت ساڵ لە ئازادکردنی لە چنگی داعش چارەنووسی کۆبانیێ بەرەوکوێ؟
کۆبانیێ – نۆرس پرێس
جەنگی کۆبانیێ دژ بە “داعش” بووە هۆی وێرانکردنی نزیکەی 90%ی ژێرخان و باڵەخانەکانی نیشتەجێبوونی ئەو شارە و ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی، ئەمە جگە لە وێرانبوونی ئابوورییەکەی.
لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014دا “داعش”هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر کۆبانیێ و توانی زۆرینەی گوندەکانی دەوروبەری شارەکە کۆنترۆڵ بکات.
داعش لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشوورەوە گەمارۆی بەسەر شارەکەدا سەپاند، ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران دانیشتووی ناوچەکە بەرەو سنوور، کە زۆربەیان پەڕینەوە بۆ تورکیا.
جەنگ لە کۆبانیێ، جگە لەو وێرانکارییەی بەسەر شارەکەیدا هێنا، چەندین دیمەنی “ترسناک” و چیرۆکی پڕ لە ئازاری بەجێهێشت کە لەبیرکردنیان ئەستەمە.
شیکارێک کە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وێنەکانی مانگی دەستکرد ئەنجامیداوە، دەریدەخات کە لە ئەنجامی شەڕی نزیکەی چوار مانگ لە کۆبانی زیاتر لە سێ هەزار باڵەخانە وێران بوون یان زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
لە 26 کانوونی دووهەمی 2015 و پاش بەرگرییەکی سەرسوڕهێنەر، کە چاوی دونیا و میدیا جیهانییەکی لەسەر بوو، شەڕڤانان بە تەنها و بە ئیرادەی نەبەزیوویان، توانیان دەستی گڵاوی “داعش” لە کۆبانیێ دوور بخەنەوە و لەشارەکە وەدەریان نان.
لە پاییزی 2019دا لە کاتی هێرشێکی تورکیادا کە تیایدا توانیان سێرێ کانیێ و گرێ سپی داگیر بکەن، ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و سێرگی شویگوی وەزیری بەرگری ئێستای رووسیا پەیوەندییان بە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدییەوە کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڕەشەکانی تورکیا.
دوای شەڕی تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێکانیێ و گرێ سپی، زۆربەی رێکخراوەکان کۆبانییان بەجێهێشت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تێکچوون و ناسەقامگیری دۆخی ئابووری دانیشتوان هەبووە.
دانیشتوانی کۆبانی پێیان وایە پاشەکشێی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نێودەوڵەتی رۆڵی نەرێنییان لە پاڵپشتیکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەیان گێڕاوە، دوای چەندین ساڵ لە دەرکردنی رێکخراوی “داعش” لەو شارە، کشانەوەی ئەو رێکخراوانە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ئابووری تێیدا و کۆچکردنی گەنجان و جێهێشتنی شارەکە، بە تایبەت دوای هەڕەشەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا.
بۆزان موختار، کەسایەتی کۆمەڵایەتی دیاری ناوچەی کۆبانیێ و ئەندامی لیژنەی ئاشتەوایی لە شارەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پاش وەدەرنانی داعش لە کۆبانیێ، ئابووری شارەکە دەستی بە بووژانەوە کرد و جموجوڵی ئابووری دەستیانپێکرد، بەڵام دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانیێ و گرێ سپی و داگیرکردنی ئەو شارانە، دیسان ئابووری بەرەو داڕمان رۆشتەوە”.
راشیگەیاند، پاش تێکشکاندنی “داعش” بە خەبات و بەرخودانی هاوڵاتیانی کۆبانیێ، کە نەک تەنها مەترسی بوو بۆ سەر کورد و عەرەب، بەڵکو مەترسی بوو بۆ سەر جیهان، دوای کەوتنەوەی زیاتر لە بیست هەزار قوربانی، بە شەهید و بریندارەوە لەم شارە، “ئێستا کاتی ئەوەیە کە لە رووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ئاوڕ لەم شارە بدرێتەوە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان روو لە ئاوەدانکردنەوەی بکەن”.
ستیر جەلۆ، کەسایەتی رۆشنبیری و شاعیر و رۆژنامەنووس و بەڕێوبەری رادیۆی ئارتا لە کۆبانیێ، هاوڕای ئەوەی پێش خۆی بوو و بە نۆرس پرێسی گوت: ” پاش رزگاکردنی هەرێمی کۆبانیێ، کە هاوڵاتیانی شارەکە زۆر قوربانییاندا بۆی، رەوشی هەرێمەکە بەرەو باشتر دەڕۆشت، جوڵەی ئابووری و رۆشنبیری لە شارەکە زیادی کرد و زۆر رێکخراوی نێودەوڵەتی روویان لە ناوچەکە کرد”.
راسیگەیاند، “بەڵام پاش هێرشی تورکیا بۆ سەرێکانیێ و گرێ سپی و هەڕەشەکانیای بۆ داگیرکردنی کۆبانێ و کشانەوەی رێکخراوە مرۆییەکان لێی، دیسانەوە دۆخی ناوچەکە لە هەموو رووەکانەوە تێکچوو، ناسەقامگیری رووی لە شارەکە کرد و هاوڵاتیانی دەستیان کرد بە جێهێشتنی و کۆچ کردن بوو بە دیاردە”.
جەلۆ داوای کرد ئەو هەڕەشانە لەسەر کۆبانیێ، بە هەوڵی نێودەوڵەتی رابگیرێت و دەستبکرێتەوە بە ئاوەدانکردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی سەقامگیری بۆی.
محیەدین حەمی، کەسایەتی سیاسی و ئەندامی پارتی ئاشتی دیموکراتی کوردستانی، بە نۆرس پرێسی گوت: ” دوای هەشت ساڵ لە ئازادکردنی کۆبانیێ لە دەستی داعش، بارودۆخی ئەمنی شارەکە نیمچە جێگیرە و بەتەواوی جێگیر نییە”.
راشیگەیاند کە “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆبانێ بە شێوەیەکی گشتی کەمتەرخەمن”، گوتیشی ” ئەگەر هاوپەیمانی و رێکخراوەکان هاوکاری شارەکە بکەن، دۆخەکە لە ئێستا باشتر دەبوو”.
حەمی، باسی لە کاریگەری دابەزینی بەهای دراوی سوریای کرد لە بەرامبەر دراوە جیهانییەکاندا لە سەر دۆخی ئابووری شارەکە، راشیگەیاند “ئەگەر خۆمان بەراورد بکەین بە هەندێ جێگای دیکە، رەنگە دۆخی ئێمە باشتر بێت، بەڵام ئەمە هێشتا وەک پێویست نییە و دەکرێت باستر بکرێت، چونکە ئەم شارە قوربانییەکی زۆری داوە بۆ جیهان، بە وەدەرنانی مەترسییەکانی داعش”.
رایگەیاند، کە “چارەنووسی ئێمە لە نێوان رووسیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا ونە، نازانین چیمان بەسەر دێت، ئێستا گەنجانی کۆبانێێ بێکارن، نە کارگەیەک هەیە لێرە نە هیچ”.
بۆیە داوای لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد کە ئاوڕی راستەقینە لەو شارە بدەنەوە و گوتی “ئەبێ دوونیا ئەوە قوربانیانەی ئێمە لەبیر نەکات کە بۆ رووخانی دەسەڵاتی داعش داومانە”.