بەرهەمی کشتوکاڵی گوندەکانی حەڵەب جوتیاران “نا‌ئومێد دەکات”
حەڵەب – نۆرس پرێس
دیاب حەبوش (55 ساڵ)، دانیشتوی شاری حەیانه له گونده‌واری باکوری حەلەب، بۆ دابینكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی تا وه‌رزی داهاتو، روبەڕوبوی كێشه‌و گرفت بوه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی زه‌وییه دێمهكهی به ئه‌ندازه‌ی تێچوه‌كه‌ی به‌رهه‌می نه‌بوه.
جوتیارەکە لە زه‌ویه‌كه‌ی كه دە هێکتاره، تەنها 2 تۆن به‌رهه‌می هه‌بوه، ئه‌و بڕه‌ش به‌شی ئه‌وه ناكات كه ئه‌گه‌ر بیفرۆشێت، تێچوی سوتەمەنی و په‌یین و دروێنە و گواستنه‌وه‌و حەقدەستی کرێکارانی لێبدات.
لە گوندەواری حەڵەب لەم وەرزەدا بەرهەمی زەوییە بەراو و دێمهكان کەم بوەته‌وه، ئەمەش زیانێكی گه‌وره‌ی به جوتیاران گه‌یاندوه.
جوتیاران هۆکاری ئه‌و زیانه‌ی ئه‌مساڵیان لێیانكهوت بۆ شێوانی كه‌شوهه‌وا دهگهڕێنننهوه له مانگەکانی ئادار و نیساندا، کە شەپۆلی توندی سه‌رماو دابه‌زینی پله‌كانی گه‌رما روی له ناوچه‌كه كرد‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر گوڵه گه‌نمه‌كان دروست كرد.
به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی دروستبوه، بەشێک لە جوتیاران پەنایان بردوه‌ته بەر كرێدانی زه‌وییه‌كانیان به خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان تا ئه‌و زه‌ره‌رو زیانانه‌یان له‌سه‌ر سوك ببێت كه لێیان كه‌وتوه.
حەبوش دەڵێت، ئەو کێشانەی بۆیان دروستبو تەنها لە شێوانی كه‌شوهه‌وادا كورت نابنه‌وه، تێچوی زۆری بەرهەمهێنانیش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم قازانجكردنیان و دابینكردنی بژێوی خێزانەکانیان.
ئەو جوتیارە ئاماژە بەوەكرد،، نرخی کڕینی یەک لیتر گازوایل لە بازاڕی رەش گەیشتوەتە پێنج هەزار لیرەی سوری، ئەمەش کاریگەری لەسەر زیادبونی تێچوی کێڵان و دروێنەکردن هه‌بوه.
کرێی کێڵانی یەک هێکتار گەنم گەیشتوه‌ته 50 هەزار لیرە، کرێی دروێنەکردنیش بۆ یەک هێکتار لەمساڵدا 325 هەزار لیرە بوە.
ئه‌مساڵ بۆ زه‌وی دێم حكومه‌ت ته‌نها په‌یینی دابین كرد، جوتیاران بۆ هه‌ر هێكتارێك، ته‌نها یه‌ك فه‌رده (50 كیلۆگرام) په‌یینی یۆریایان وه‌رگرتوه به نرخی 33 هه‌زار لیره به‌بێ كرێی گواستنه‌وه‌و باركردن.
مانگی ئایاری ساڵی رابوردو كۆنفرانسی دانه‌وێڵه‌ی حكومه‌ت له مانگی ئایاری رابوردو، نرخی گه‌نمی به 1700 لیره دیاری كرد.
بەپێی وتەی جوتیاران، زەوییە ئاودێریەکان بەگشتی لە هەر هێکتارێکدا 4 بۆ 5 تۆن بەرهەمدەهێنن، بەرهەمی زه‌وییه باراناوییهكانیش لە یەک و نیوەوە تا 2.5 تۆنه لە هەر هێکتارێکدا.
لە گوندی فاح لە ناوچەی سەفیرەی باشوری ڕۆژهەڵاتی حەڵەب، بەرهەمی زەوییه به‌راوه‌كه‌ی عەبدولحەمید خەڵەفی ( 45 ساڵ)، کە ڕوبەرەکەی 6 هێکتاره، لە 7 تۆن زیاتر نەبوهو ئه‌وه‌ش به “نائومێدکەر” وەسف دەکات.
ئەو جوتیارە تەمەن 40 ساڵە گلەیی لە نەبونی پشتیوانی حکومەت دەکات و پێیوایه ئه‌وه‌ش چوه‌ته سه‌ر زیانه‌كانیان و ده‌ڵێت، “درێژایی وەرزەکە 20 لیتر گازوایلم له حكومه‌ت وه‌رگرتوه بۆ هەر هێکتارێک، لە کاتێکدا من پێویستم بە زیاتر لە 70 لیترە بۆ هەر هێکتارێک.”