قامشلۆ – نۆرس پرێس
بەنداوی مزگەفت دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری قامشلۆ و سەر بە شارۆچکەی تەربەسپییە لە رۆژئاوایی کوردستان.
بەنداوی مزگەفت شوێنێکی سەرنجراکێشە، چونکە لە هیچ رووبارێک یان بەنداوێکی دیکەوە ئاوی بۆ نایەت، بەڵکو هەموو ئاوی بەنداوەکە لە کانییەکانی ژێر بەنداوەکە دێت.
مزگەفت شوێنێکی دێرینە، سروشت و جوانییەکانی هەمیشە پارێزراون، سەرەرای هەموو شەر و ئالۆزی قەیرانەکانی رۆژئاوایی کوردستان و سوریا، سەرەڕای ئەوەی هاوڵاتیانی ناوچەکە توانیان ئەم بەنداوە بەدووربگرن لە تێکچوون و پیسکردن، سروشتە جوانەکەی تاوەکو ئێستا وەکو خۆی ماوەتەوە.
ماسیگر دژوار محەمەد، هاوڵاتییەکی شاری قامشلۆیە رایگەیاند “زۆربەی کات بۆ راوکردنی ماسی دێینە بەنداوی مزگەفت، چونکە هەم شوێنەکە بۆ راوکردن و هەم بۆ پشوودانیش زۆر گونجاو و هێمنە”.
دژوار گوتیشی “لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ژمارەی ماسییەکان لە نێو بەنداوەکە زۆر کەمیکردووە، بەڵام بەهۆی گەرمای شارەکە دەچینە مزگەفت بۆ ئەوەی خۆمان ئارام بکەینەوە و پشوویەک وەربگرین”.
هەروەها باسی لەوەشکرد، “زۆربەی کات خێزانەکان دێنە قەراخەکانی بەنداوی مزگەفت و کاتەکان لێرە بەسەر دەبەن، منداڵان مەلە دەکەن و لە وەرزی هاویندا خەڵک ئێواران دێنە سەیرانگەی مزگەفت”.
ماسیگر دژوار دەلێت، “لە رابردوودا راوکردنی ماسی زۆر بوو و خەڵکەکە زۆر ماسییان دەگرت، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا، راوکردنی ماسی کەمی کردووە، ئەمەش بەهۆی ئاوەوەیە، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاوەکە، ماسییەکانیش بە هەمان شێوە کەمبوونەوە، بۆیە خەڵکەکە تەنها بۆ گەشتکردن دێن”.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، “کاتەکانی راوکردنی ماسی لە کاتژمێر 4 بۆ 6ی ئێوارەیە”.
دژوار دەلێت: لەو رۆژانی کە کارم نییە و دەستم بەتاڵە، دێمە بەنداوی مزگەفت پشوویەک وەردەگرم و چەند ماسییەک راودەکەم”.