ئاوارەکانی سوریا لە کۆمەڵگەی “کاوە” داوا دەکەن پێش وەرزی زستان شەقام و ئاوەڕۆکانیان چاکبکرێتەوە

ئاوارەکانی سوریا لە کۆمەڵگەی “کاوە”، لە ناحیەی قوشتەپەی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، بەدەست خراپی شەقامەکان و بوونی زۆری چاڵ و چۆڵی و پێویستی  قیرتاوکردن دەناڵێنن. ئەمەش ژیانی رۆژانەیان قورس دەکات و مەترسی لەسەر منداڵان دروست دەکات.

نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر کۆمەڵێک بەڵێندەر رێگاکەیان هەڵکەندووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ قیرتاوکردنی، بەڵام لەو کاتەوە وەک خۆی ماوەتەوە.

لە کاتی هەڵکەندنی شەقامەکان زیان بەر بۆرییەکانی ئاوەکە کەوتووە، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی ئاو بۆ دانیشتووانی ناوچەکە، جگە لە بڵاوبوونەوەی خۆڵ و مێروو و پیسی لە شەقامە هەڵکەندراوەکاندا، لە ئەنجامی ئەو ئاوەڕۆیەی کە لەسەر رێگاکان و شوێنە هەڵکەندراوەکان دروستبووە.

خەڵک داوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی شەقامەکانی کۆمەڵگەی کاوە دەکەن، بۆ چاککردنەوە و قیرتاوکردنیان، پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان، بۆ ئەوەی پڕ نەبن لە ئاو و ڕێگاکان دابخەن، رێگری لە هاتوچۆی رۆژانەیان بگرێت.