بازاڕە گەڕۆکەکانی گوندەواری دێرەزوور شوێنێکی سەرەکی بازاڕیکردنن بۆ دانیشتوان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی داهاتیان سنووردارە.
بازاڕە گەڕۆکەکان، بازاڕە میللیەکان یان “هەفتە بازاڕ”یشیان پێدەوترێت، لە هەفتەیەکدا رۆژێک بەڕێوەدەچن، زۆرجار لە دەوروبەری گوند و شارۆچکەکاندا دادەنرێن.
هەر گوند و شارۆچکەیەک لە رۆژێکی دیاریکراودا بازاڕی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ نموونە رۆژانی پێنجشەممە بۆ ناوچەی زوغەیر لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور تەرخانکراوە.
بوونی بازاڕی گەڕۆک، تەنیا لە دێرەزووردا سنووردار نییە، لە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و چەند ناوچەیەکی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، ئەو جۆرە بازاڕانە بەڕێوە دەچن.
هەموو کاڵا بازرگانییەکانی وەک خۆراک و جلوبەرگ و کەلوپەلی ناوماڵیان تێدایە، جگە لە بوونی جلوبەرگی بەکارهاتوو و کەرەستەی کارەبایی، هەروەها نرخەکانیان بە بەراورد لەگەڵ بازاڕەکانی دیکە گونجاوترن.