ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
1- حکومەتی رزگاری چییە؟
وەک ئەوەی لە ئامانجی دامەزراندن و راگەیاندنیدا هاتووە: حکومەتی رزگاری حکومەتێکی تەکنۆکراتەکانە کە لە هەناوی شۆڕشەوە لە دایکبووە لە رێگەی دەستپێشخەرییەکی ئەکادیمییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان لە ساڵی 2017دا، ئەم دەستپێشخەرییە کۆنفرانسی گشتی شۆڕشی سوریای لێکەوتەوە و چەندین چالاکی لێکەوتەوە، چەندەها گروپ بەشدارییان تێدا کرد، کە لە ناوەوە و دەرەوەی ناوچە ئازادکراوەکان ئامادەبوون، ئەمە جگە لە نمایندە و کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکان.
ئەم کۆنفرانسە بووە هۆی دروستبوونی ئۆرگانێک، کە دەبوو پێکبێت لە نوخبە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییە شۆڕشگێڕەکانی ناوچە ئازادکراوەکان، دوای ئەوە حکومەتی رزگاری لەدایک بوو “بۆ ئەوەی بەرهەمی قوربانییەکانی شۆڕش بەدیبێت”.
ئەم حکومەتەش وەک ئەڵتەرناتیڤێکی دیفاکتۆیە و ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە پارێزگای ئیدلب نوێنەرایەتی دەکات.
2- سنوورە جوگرافییەکانی کوێن؟ ئەو ناوچانە کوێن کە بەتەواوی دەسەڵاتیان بەدەریاندا هەیە؟
بە گشتی حکومەتی رزگاری دەستدەگرێت بەسەر ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریادا.
کە بەشێکی زۆری پارێزگای ئیدلب و هەندێک گوند لە گوندەواری باکووری رۆژهەڵاتی لازقییە و گوند و شارۆچکەکانی باکووری رۆژئاوای گوندەواری حەڵەب لەخۆدەگرێت.
3- کێ حکومەتی رزگاری بەڕێوەدەبات؟
هەژموونی ئەنجوومەنی شورای “دەستەی تەحریرشام” کە دەکاتە “بەرەی نوسرەی پێشوو”، لە هەموو جومگە و ئۆرگانەکانی “حکومەتی رزگاری”دا بەرجەستە بووە، هیچ بڕیارێک یان پڕۆژەیەک لەلایەن حکومەتەکەوە دەرناکرێت، بەبێ پێداچوونەوەی ئەنجوومەنی شورا.
لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی رزگارییەوە، یەکەم دانیشتنی بە سەرۆکایەتی “محەمەد ئەلشێخ” لە ساڵی 2018دا بەسترا، خولی دووەم بە سەرۆکایەتی “فەواز هیلال” لە ساڵی 2019 دا بوو، بەڵام ساڵەکانی 2020 و2021 و2022 و2023 بە سەرۆکایەتی عەلی کدە رێکخرا.
4- بەرواری دامەزراندن و دابەشبوونی ئیداری
لە 2ی تشرینی دووەمی 2017دا دامەزراوە.
حکومەتە رزگارییەکەی دەستەی تەحریر شام، وەک کۆپیەکی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا لە ناوچەکانی دەسەڵاتیان لە ئیدلب و دەوروبەری لە باکووری رۆژئاوای سوریا، کاردەکات بۆ فراوانکردن و بونیاتنانی دامەزراوە و ئیدارە و دابەشکردنی ئۆرگانەکان بەسەر کەرتە جۆراوجۆرەکانی مەدەنی و سەربازییدا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە دەروازەی باب ئەلهەوا، پێکهێنانی چوار لیژنەیان راگەیاند: دەسەڵاتی پشکنین، کاروباری زیندانیان و بێسەروشوێنان، دەسەڵاتی پلاندانان و ئامار و فیدراسیۆنی سەندیکاکانی کرێکاران.
دابەشکردنی کارگێڕی بریتییە لە:
1- وەزارەتی ئابووری
2- وەزارەتی ئیدارەی خۆجێی
3- وەزارەتی ئەوقاف
4- وەزارەتی ناوخۆ
5- وەزارەتی کشتوکاڵ
6- وەزارەتی تەندروستی
7- وەزارەتی پەروەردە
8- وەزارەتی خوێندنی باڵا
9- وەزارەتی گەشەپێدان
10- وەزارەتی داد
11- وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە
دابەشبوونی لایەنەکانی بڕیاردان لە دەستەی تەحریرشام بەمشێوەیە:
بڕیاردەرەی یەکەم سەرکردەی گشتی دەستەی تەحریرشامە و دوای ئەمیش ئەنجومەنی شورا، ئەم ئەنجومەنەش لەم بەشانەی خوارەوە پێکدێت:
- بەشی ئەمنی “لیوای عیقابی ئەمنی
- بەشی دەعوا “نوسینگەی دەعوا و بانگەشە
- بەشی دادوەریی “دادگا”
- بەشی خزمەتگوزاری “بەرێوبەری گشتی خزمەتگوزارییەکان”
- بەشی ئابووری “نوسینگەی گشتی ئابووری”
- بەشی راگەیاندن “ئاژانسی ئیبا”
- بەشی نێوەندگیری “سیاسی”
- بەشی سەربازی
5- ئەو بناغە یاسایی و سیاسییانەی حکومەتەکەی لەسەر بنیات نراوە چین؟
حکومەتی رزگاری لە دەرەوەی هەر دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیدایە، بەو پێیەی چەترێکی مەدەنییە بۆ دەستەی تەحریرشام کە لە لیستی تیرۆریستیدایە.
“ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی”، فەرماندەی سەربازی دەستەی تەحریرشام، کاریگەری خۆی بە شێوەیەکی شاراوە لە ناوچەکەدا سەپاند و “حکومەتی رزگاری” لە باکووری سوریا راگەیاندووە بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەمنیەتێکی توندەوە یاسای ناچاری بەسەر دانیشتوواندا بسەپێنێت.
بە پشتیوانی باڵی مەدەنی و نوێنەرایەتی سیاسی خۆی کە بە “حکومەتی رزگاری” ناونراوەلە 12ی کانونی یەکەمی 2017دا، حکومەتی رزگاری سوریا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە حکومەتی کاتی سوریا کرد لە ماوەی 72 کاتژمێردا نووسینگەکانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن چۆڵ بکات، هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هەندێک لەو ئەنجومەنە ناوخۆییانەی کە پێشتر لەلایەن حکومەتی کاتی سوریاوە بەڕێوەدەبران، داخران و بە چەند هێزێکی سەر بە حکومەتی رزگاری جێگەیان پڕکرایەوە.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەو تۆمەتانەی روبەڕووی حکومەتی رزگاری دەکرێتەوە، لەبارەی پاشکۆیەتی بۆ “دەستەی تەحریر شام”، کە بەشێوەیەکی لەناکاو و دوور لە چاوەڕوانییەکان، ئاڵایەکی نوێی پێکهاتوو لە چوار رەنگیان بۆ ئیدلب پەسەند کرد، کە تێکەڵێکە لە نێوان ئاڵای شۆڕشی سوریا و ئاڵای ئیسلامی.
6- دۆخی ئەمنی لەو ناوچەکانی حکومەتی رزگاری
لە هەموو ئاستەکاندا دۆخێکی ئاژاوەگێڕی هەیە، کوشتن و تیرۆرکردن لە رێگەی تەقینەوەی دووبارەبووەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێلی بە بۆمب چێنراو، لە سیماکانی دۆخی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەتی رزگارین
7- دۆخی ئابوری ناوچەکە
باکووری رۆژئاوای سوریا بەدەست خراپی بارودۆخی ئابوورییەوە دەناڵێنێت، بەگوێرەی دوایین لێکۆڵینەوەکان رێژەی زیاتر لە 90%ی دانیشتووانی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن، زۆرێک لە دانیشتووان بەرپرسیارێتی ئەو دۆخە دەخەنە سەرشانی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشتر) و باڵە مەدەنییەکەی کە حکومەتی رزگارییە، کە بەرپرسن لە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری و هەژاریی بەربڵاو و بێکاری، بەهۆی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن، لە توندکردنەوەی فشار هێنان بۆ وەبەرهێنەران و بازرگانان.
هەڵاتنی سەرمایەداران لە ناوچەکە بووە بە دیاردە، ئەویش بەهۆی ڕفاندن و زەوتکردنەوە، کە لەلایەن تەحریرشامەوە پراکتیزە دەکرێت، ئەمە جگە لە وەرگرتنی سەرانە و باج، کە لەلایەن ئەلجۆلانیەوە سەپێنراون و بە شێواز و بیانووی جۆراوجۆر جێبەجێ دەکرێن، جگە لەوەش دەستەی تەحریرشام و حکومەتەکەی (حکومەتی رزگاری) بەردەوامن لە سەرپێچییەکانیان، بەتایبەتی بە دەرکردنی بڕیارەکەی ئەم دواییەیان، کە پەیوەندیدار بوو بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەو هاوڵاتییە کریستیانانەی کە لە ناوچەکە وەدەر نراون.
8- دۆخی سەربازی و هەیکەلییەتەکەی لە ناوچەکانی حکومەتی رزگاری
- نزیکەی 31 هەزار چەکداری لە ناوچەکەدا هەن
- حکومەتی رزگاری بە باڵی مەدەنی دەستەی تەحریرشام دادەنرێت، کە نوێنەرایەتی لایەنی سەربازی دەکات، کە لەلایەن چەند گروپێکی سەربازیی، میلیشیاییەوە پێکهێنراوە و بە چەند ناوچەیەکی باکووری سوریادا بڵاوبوونەتەوە، ئەوانیش ئەمانەن: بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسرەی پێشوو)، بزوتنەوەی نورەدین زەنکی، لیوای ئەلحەق، بەرەی ئەنسارئەلدین، جەیشی سوننە. لە پاش بەستنی کۆنگرەی ئەستانەوە، دەستەی تەحریرشام لە لایەن سەرۆکی پێشووی ئەحرارشامی ئیسلامییەوە، هاشم ئەلشێخ، سەرۆکایەتی دەکرێت.
9- دۆخی ئێستای ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی چۆنە؟
لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی رزگارییەوە، کە باڵی مەدەنی “تەحریر شام”ە، بەردەوام هەراسانکردنی هاوڵاتیانی سڤیل بەردەوامی هەیە، بەو پێیەی خۆی وەک هێزێکی مەدەنی دەسەپێنێت، کە لەلایەن باڵێکی سەربازی و ئەمنی دەستەکەوە پاڵپشتی دەکرێت، کە هەڵدەستن بە هەڵمژینی تواناکانی ناوچە ئازادکراوەکان و کۆنتڕۆڵکردنی رێکخراوەکان و کامپەکان و شارە سەرەکییەکان، لە کاتێکدا ئەو حکومەتە ناتوانێت هەڵبستێت بە دەستەبەرکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بۆ خەڵک، خەڵکی ئیدلیبیش بەدەست سەپاندنی سەرانەوە دەناڵێنن لەسەر دانیشتووان و ئاوارەکان، لە کاتێکدا کە سەرکردەی تەحریرشام، ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی، رێگە دەگرێت لە چوونە ناوەوەی یارمەتییەکان بۆ هاوڵاتیان، لەو ناوچانەوە کە لەلایەن رژێمی سوریاوە کۆنترۆڵکراون. باسیش لەوە دەکرێت کە نزیکەی سێ ملیۆن کەس کە زۆربەیان ئاوارەن، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی دەستەی تەحریرشامدا دەژین.
جگە لەو ئاژاوە ئەمنی و بۆردومان و تیرۆرکردنانەی، کە بەبەردەوامی روودەدەن.
10- جیاوازی نێوان حکومەتی رزگاری و حکومەتی کاتی سوریا چییە؟
حکومەتی رزگاری لە لایەن دەستەی تەحریرشامەوە، و حکومەتی کاتی سوریاش لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنەوە نوێنەرایەتی دەکرێن.
حکومەتی رزگاری لە تشرینی دووهەمی 2017دا پێکهێنرا، بەڵام حکومەتی کاتی لە ساڵی 2013 پێکهات.
دابەشبوون و باڵباڵێنەی نێوان هەردوو حکومەت دوای مانگێک لە راگەیاندنی پێکهێنانی حکومەتی رزگاری دەستیپێکرد.
حکومەتی رزگاری لە دەرەوەی هەر دانپێدانانێکی نێودەوڵەتییە، بەو پێیەی چەترێکی مەدەنییە بۆ دەستەی تەحریرشام کە لە لیستی تیرۆریستیدایە، سەبارەت بە حکومەتی کاتیش بە نوێنەری فەرمی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دادەنرێت، کە لە لایەن ئەجێندای دەرەکیەوە بەڕێوە دەبرێت.