بەشێک لە ژنە بەتەمەنەکانی قامشلۆ روو لە قوتابخانەکانی زمانی کوردی دەکەن

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ژمارەیەک ژنی بەتەمەن بە ئارەزوو و خۆشەویستییەوە بەشداری وانەکانی فێربوونی زمانی کوردی لە رۆژئاوایی کوردستان دەکەن.

خوێندن و نوسین بە زمانی کوردی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە رۆژئاوایی کوردستان لە لایەن حکومەتی سوریاوە قەدەغەکرابوو، بۆیە ئێستا کە دەرفەتی فێربوونی زمانی دایک کرایەوە، ئەو کەسانی کە نەیانتوانی لە سەردەمی منداڵی و گەنجی فێرببن و وەکو حەسرەت لە دڵیان ماوەتەوە، ئێستا لە تەمەنی پیریدا هەوڵ دەدەن خۆیان فێری زمانی کوردی بکەن و پەیوەندی بە قوتابخانەکانی زمان دەکەن لە شاری قامشلۆ.

ئەمەل حوسەینی یەکێکە لە بەشداربووان بە نۆرس پرێسی دەلێت، “ویستی فێربوونی زمانی کوردی لە منداڵیدا لای من ماوەتەوە و ئێستا ئەم خواستە بەدیدێنم”.

تەمەنی ئەمەل ئێستا 45 ساڵە و لە شاری قامشلۆ دادەنیشێت دەلێت، “هەرچەندە من بەرەو پیری دەرۆم و دایکی 3 منداڵم، بەڵام گەورەترین ئاواتی من فێربوونی زمانی کوردی بوو بە نوسین و خوێندنەوەوە”.

ئەمەل لە درێژەی قسەکانی گوتی، “تەمەن بەربەست نییە لەبەردەم ئارەزووی مرۆڤەکان و پەرەپێدان بە توانەکانیان، چونکە ئەگەر مرۆڤ خۆشەویستیی بۆ شتێک هەبێت، ئەوا دەتوانن بەدەستیبهێنن”.

ئەمەل جەختیکردەوە “یەکێک لەو هۆکارانەی کە هانیدام بۆ ئەوەی زمانی کوردی فێر بم ئەوەیە کە ئێستا منداڵەکانم بە کوردی وانە دەخوێنن، تاوەکو فێری زمانی کوردی نەبم ناتوانم یارمەتیان بدەم لە کاتی خوێندنی وانەکانیان”.

ئەمەل ئاماژەی بەوەشدا، “بێگومان لە سەرەتای هەموو شتێکدا مرۆڤەکان تووشی هەندێک سەختی دەبن، لەسەرەتاوە کە من دەستم بە خوێندن کرد، هەستم بە شەرم دەکرد، چونکە زۆربەری هاوپۆلەکانم گەنج بوون، بەڵام کە بینیم کەسانی دیکە هەن و تەمانیان لە تەمەنی من گەورەترە و بە جۆ وخرۆشەوە روو لە قوتابخانەکە دەکەن، ئارەزووی فێربوونم زیاتر بوو”.

ژنێک بەناوی عینوود مەرعی، کە تەمەنی 44 ساڵە و دانیشتوی  شاری قامشلۆیە، دەڵێت “گەورەترین سەختی رووبەروومان دەبێتەوە تەمەنی ئێمەیە، چونکە تا تەمەنی گەورەتر دەبێت، پرۆسەی فێربوون گەشەپێدان قورستر دەبێت”.
عینوود ئاماژەی بەوەشکرد، “لە رابردوودا نەماندەتوانی بە زمانی خۆمان قسە بکەین، هەروەها خوێندن بە زمانی کوردی  قەدەغە بوو، بۆیە خەڵکێکی زۆر لە فێربوونی زمانی کوردی بێبەش بوون و دوور کەوتنەوە”.

عینوود وتیشی، “ئێستا بەراورد بە جاران ئاستی نوسین و قسەکردنم بە زمانی کوردی زۆر باش بەرەوپێشچووە، و رۆژ بە رۆژ بەرەوپێشدەچم، بەمەش ئێستا دەتوانم یارمەتی منداڵەکانم بدەم لە کاتی خوێندندا”.

نەسرین قادر