سامر یاسین – نۆرس پرێس
مەدرەس ئیبراهیم لە شارۆچکەی تل تەمری رۆژئاوایی کوردستان کاری لەحیمچی دەکات، بەڵام ساڵیک لەمەوبەر، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی غازی پیشەسازی، کە کەرەستەیەکی سەرەکییە لە کارەکانیدا، ئیش و کارەکانی راگرت.
“ئیبراهیم” تەمەن 42 ساڵە، لە دایکبووی شاری سەرێ کانییە، بەڵام لە ساڵی 2019 ئاوارەی شارۆچکەی تەل تەمر بوو، سەرەتا کە کاری لە ناوچەی پیشەسازی شارۆچکەکە کردووە، ئیش وکاری باشبوو، بەڵام دواتر دۆخەکە هێندە خراپ بوو، تاوەکو گەیشتە ئەو ئاستەی بیر لە داخستنی دوکانەکەی بکاتەوە، بەگوێرەی گوتەکانی خۆشی، هۆکاری ئەم دۆخە، نرخی تازەی غازی پیشەسازییە.
مەدرەس ئیبراهیم گوتی، بەهۆی گرانیی نرخی ئەو جۆرە غازە کە لە کارگەکاندا بەکاردەهێنین، ناچار بووین دەستبەرداری کارەکانمان ببین و گوتیشی: “پێشتر بوتڵی غازی پیشەسازیمان بە 25 هەزار لیرەی سوریی دەکڕی، لە ئێستاش نرخەکەی گەیشتووەتە 10 دۆلاری ئەمریکی، کە دەکاتە 130 هەزار لیرە”.
دەڵێت، کە توانای کڕینی بوتڵی غازی بەو نرخە نییە، “تەنانەت کڕیارەکانیشم توانای چاککردنەوەی هیچ پارچەیەک بەم نرخە نییە”.
بەرێوبەرایەتی خۆسەر بەبێ بریارێکی فەرمی، نرخی بەتڵی غازی پیشەسازی و بازرگانی لە سەرەتای 2023 بۆ 100 دۆلاری ئەمریکی بەرزکردەوە.
ئیبراهیم دەلێت، گرانی نرخی غاز هاوکاتە لەگەڵ گرانبوونی لەرادەبەدەر نرخی سەرجەم کەرەستەکانی دیکە لە بازارەکاندا، “بۆیە لاوازییەکی گەورە لە جموجوڵی کار لە ناوچەی پیشەسازییەکەی شارۆچکەکەدا هەیە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر داهاتی رۆژانەمان هەیە، بەجۆرێک کە هەندێکجار بیر لە داخستنی دوکانەکانمان دەکەینەوە”.
” تێچووی چاکردنی پارچەیەک لە نرخەکەی زیاترە”
ئاسنگەر عەبدولحەمید شاهیر (52 ساڵ) گلەیی لە بەرزبوونەوەی زۆری نرخی غازی پیشەسازی دەکات، کە رۆژانە بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی پێدەبەستێت.
عەبدولحەمید شاهیر، بە نۆرس پرێسی گوت: کاتێک نرخی غازی پیشەسازی 25 هەزار لیرەی سوریی بوو، کار زۆر باش بوو، تەنانەت کریاران و دانیشتووانیش گلەییان لە بەرزبوونەوەی کەمی نرخەکانمان نەبوو، بەڵام بەرزبوونەوەی ئەم دواییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هاووڵاتیان بە گشتی هەبووە و بەتایبەتی لەسەر کاری ئاسنگەری”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “کاتێک کەرەستەیەکی دیاریکراو لەناو کارەکەدا بەردەستنەبێت، هەموو شتێکی پەیوەندیدار بەوەوە بە تەواوی دەوەستێت، چونکە نرخی ئەم دواییە زۆر زۆرە بە جۆرێک مێشکی مرۆڤ بەرگەی ناگرێت، بۆیە ناتوانین بەم نرخە غاز بکڕین و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانمان دەبێت”.
سەبارەت بە نرخی چاکردنی لە دوکانەکەیدا گوتی: کاتێک بوتڵێکی غاز بە 8 هەزار لیرەی سوریی دەفرۆشرا، بۆ لەحیمکردنی هەر پارچەیەک بڕە پارەیەکمان لێوەردەگرت کە لە هەزار و 500 لیرەی سوریی زیاتر نەبوو، کاتێکیش نرخی بۆتڵی غازی بۆ 25 هەزار بەرز دەکرایەوە، لەحیمکردنی یەک پارچە بوو بە 5 هەزار لیرە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر یەک بەتڵی غاز بە 10 دۆلار بکڕین، ئەوا دەبێت نرخی لەحیمکردنی بۆ 25 یان 30 هەزار لیرەی سوریی بەرزبکەینەوە، لە بنەرەتدا زۆربەی پارچەکانی هەرزانترن لە نرخی چاککردنەوە، بۆیە کریار پەنا دەبات بۆ کرینی پارچەیەکی نوێی لە جیاتی چاکردنەوەی”.
شاهیر داوای لە بەرێوەبەرایەتی خۆسەر کرد، ئاورێک لە ژیانیان بداتەوە و نرخی غازی پیشەسازی بکاتە هاوشێوەی نرخی ماڵان.