هاوڵاتیانی کۆبانێ پەنا بۆ وزەی خۆر دەبەن

فەتاح عیسا – کۆبانێ

ئیسماعیل ناچار بوو هەزار و سەد دۆلار بدات بۆ دانانی سیستەمی وزەی خۆر لە پێناو دەستەبەرکردنی کارەبا بۆ ماڵەکەی، چونکە کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی  زۆر کەمن، لە رۆژێکدا تەنها 4 کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دەکاتە دەستیان.

ئیسماعیل حەج مەحمود (تەمەن 55 ساڵە) دانیشتووی شاری کۆبانێ دەڵێت، خاوەنی دوکانەکانی فرۆشتنی پانێڵەکانی وزەی خۆر، نرخەکانیان بەرز دەکەنەوە، ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو باجە گومرگییە زۆرەی کە هێزە چەکدارانەی ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەلایەک و بەرێوبەرایەتی خۆسەر لە لایەکی ترەوە بەسەر کەرەستەکانی وەزی خۆردا دەیسەپێنن.

دانیشتوانی کۆبانێ، گلەیی لە تێچووی زۆری دانانی سیستمی وزەی خۆر دەکەن، بەو پێیەی دانانی ئەو سیستەمە لە نێوان 500 بۆ هەزار دۆلاری ئەمریکی تێدەچێت، ئەمەش وایکردووە زۆرینەی دانیشتووانی کۆبانێ نەتوانن پەنا بۆ ئەم چارەسەرە ببەن، چونکە دۆخی ئابوری زۆربەی دانیشتوانی ناوچەکە خراپە، بە تایبەتی دوای داڕمانی بەهای لیرەی سوریی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی.

حەج مەحمود دەشڵێت، سەرەڕای ئەوەی مۆلیدەی کارەبای هەیە، بەڵام  ناچار بووە بژاردەی دانانی وزەی خۆر هەڵبژێرێت، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی گازۆیل بۆ کارپێکردنی مۆلیدەکە و دەنگی بێزارکەرەکەی..

چارەسەری کاتی

مستەفا ئیسماعیل (412 ساڵە)، دانیشتووی شاری کۆبانێ، وەک چارەسەرێکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی، ناچاربوو یەک پانێڵی خۆری بەکارهاتوو بە پەنجا دۆلار بکرێت و دابنێت بۆ ئەوەی کارەبە بۆ کارپێکردنی پانکەیەک و شەحنکردنی مۆبایل و ئامێری ڕیشتاشی شەحن بکاتەوە.

مستەفا ئیسماعیل داوا لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر دەکات کار لەسەر دابینکردنی پانێڵی وزەی خۆر بکات، بە نرخێکی گونجاو بۆ دانیشتوان و بە قیست، هەروەها باجی گومرگی لەسەریان کەمبکاتەوە.

ئەحمەد محەمەد (73 ساڵە)، سەرەڕای خواستی دانانی سیستمی وزەی خۆر، کە جێگرەوەیەکی باشە بۆ دابینکردنی کارەبا، بەڵام توانای ئەوەی نییە.

شاری کۆبانێ سیستمی ئەمپێری (مولیدە) تێدا نییە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کارەبای نیشتیمانی تەنها پێنج کاتژمێر لە رۆژێکدا دەگاتە هاوڵاتیان، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ زیاتر لە 40 پلەی سەدی بووتەوە هۆکاری زیادبوونەوەی خواستی هاوڵاتیانی بۆ کارەبا.

ئەحمەد محەمەد  دەلێت، لە کۆبانێ خزمەتگوزاری کارەبای باش نییە، بەتایبەتی لەکاتی ڕۆژدا، ئەمەش هاوڵاتیان ناچار دەکات پەنا بۆ سێبەر ببەن و سەهۆل بکڕن بۆ ئەوەی لە ژێر ڕۆشنایی گەرمی هاویندا ئاوی سارد دەستەبەر بکەن.

گومرک و باجی هاوردەکردن

نویران شێخ ڕەزا، بازرگان و خاوەنی سەنتەری دانانی سیستمی وزەی خۆر لە کۆبانێ ڕوونیدەکاتەوە، ماوەی دوو ساڵە لە چینەوە بە رێگای تورکیا، پانێڵی خۆر و ئامێرەکانی هاوردە دەکات، دواتر لە ئیدلبەوە بۆ ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر هاوردەی دەکات.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەو کەرەستانەی لە چینەوە هاوردەی دەکەین دەگەنە شاری مێرسینی تورکیا، لەوێشەوە دەگاتە دەروازەی باب ئەلهەوا، لە ناوچەکانی ئۆپۆزسیۆن باجی گومرگی بەسەریاندا دەسەپێندرێت، ئەمە جگە لەو باجی گومرکیانەی کە لە لایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەر دەسەپێندرێت”.

بەپێی قسەی ئەو بازرگانە، لەم دواییانەدا باجی گومرکی لەسەر سیستمی وزەی خۆر و ئامێرەکانی زیادیکردووە، بەو پێیەی پێشتر باجی گەیاندنی هەر سیستمێکی وزەی خۆر 3 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی هەشت دۆلارە.

نویران شێخ ڕەزا دەشڵێت، دانیشتوانی داهاتی مامناوەند داوای یەک پانێڵی خۆر و یەک پاتری و ئامێری بچووک دەکەن، کە نرخەکەی لە نێوان 350 بۆ 400 دۆلاردایە و پێشبینیدەکات لە ساڵانی داهاتوودا خواست لەسەر دانانی وزەی خۆر زیاد بکات.