کۆبانێ…. شارێک لە نێو گەرما و تاریکیدا

فەتاح عیسا-کۆبانێ

لە کاتژمێرەکانی نیوەرۆدا، لە لوتکەی گەرمای سووتێنەردا، محەمەد هیواخوازە دەستیبگات بە هەوایەکی فێنک بۆ ئەوەی کەمێک لە گەرمای هاوین کەمبکاتەوە، بەڵام پچرانی کارەبای نیشتیمانی لە کاتژمێرەکانی رۆژدا، هیوایەکی مەحاڵ دەکات.

محەمەد محەمەد (43 ساڵ) دانیشتووی شاری کۆبانێی رۆژئاوایی کوردستانە، دۆخی خزمەتگوزاری کارەبای کۆبانێ بە “زۆر خراپ” وەسفدەکات، و دەلێت لە کۆی 24 کاتژمێر، تەنها  چوار کاتژمێر کارەبا دەگات ماڵەکەی.

هاوڵاتییەکەی کۆبانێ دەڵێت، لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە تاوەکو کاتژمێر 12ی شەو کارەبا دەگاتە شار “بە پچرپچر”، واتە کاتژمێرێک هەیە و کاتژمێرێک دەپچرێت.

دانیشتوانی شاری کۆبانێ داوای چارەسەری کێشەی کارەبا دەکەن، هاوشێوەی شارەکانی دیکەی رۆژئاوای کوردستان، بەو پێیەی شارەکە سیستمی “ئەمپێر”ی تێدا نییە، ئەم داواکارییەکەش لە کاتێکدایە بەنداوی تشرین کە بەسەرچاوەی دابینکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچەی کۆبانێ دادەنرێت، توانای دابینکردنی تەنها 5 کاتژمێر کارەبا هەیە،  پلەکانی گەرماش بۆ سەرو 40 پلەی سەدی، بەرزبوونەوە.

محەمەد بۆ نۆرس پرێس دەشڵێت، “دانیشتووان سوودمەند نین لەو کاتژمێرانەی کارەبا کە دەگاتە شارەکە، بەو پێیەی ئاوی سارد لە ساردکەرەوە دابین ناکات، هەروەها ناتوانن بە بەردەوامی ئامێری جل شۆردن، یان پانکە کارپێبکەن، بەتایبەتی لە رۆژدا”، کاتێک پلەی گەرما بەرزەدەبن و دانیشتووان دەیانەوێت سەرخەوێک بشکێنن.

بەڵێنی جێبەجێنەکراو

“محەممەد” ئاماژە بەوە دەکات، کە سێ مانگە لەمەوبەر بەرپرسانی شارەکە بەڵێنیاندا سیستەمی ئەمپێر چالاکبکرێتەوە “بەڵام تا ئێستا ئەم بەڵێنانە جێبەجێ نەکراون” ترسی ئەوەی هەیە مانگی داهاتوو گەرمتر و قورستر بێت بۆ دانیشتوانی شارەکە.

بە وتەی “محەممەد” زۆربەی دانیشتووانی کۆبانێ توانای دانانی وزەی خۆریان نییە، چونکە تێچووی نێوان هەزار بۆ هەزار و دوو سەد دۆلارە، لە کاتێکدا زۆربەی دانیشتووانی کۆبانێ ناتوانن بژێوی ژیانیان مسۆگەر بکەن.

بەراوردێکی نادادپەروەرانە

لای خۆیەوە بەنگین عەبدوڵڵا (32 ساڵ) دانیشتووی کۆبانێ، دۆخی شارەکەی لەگەڵ شارەکانی دیکەی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەراورد دەکات و دەڵێت: لە کۆبانێ کارەبا نییە، دۆخی کارەبا لە شارەکانی دیکە تا رادەیەک لە کۆبانێ باشترە، چونکە سیستەمی کارەبایان هەیە، هەر کاتێک کارەبای نیشتیمانی دەپچرێت، مولیدە کار دەکات.

بەنگین دەلێت، کارەبا لە کۆبانێ رۆژانە سێ کاتژمێر بە پچر پچر دێت، هەر بۆیەش سوودی لێ وەرناگرن، ” پێمان پێدەکەنن”.

دەشڵێت، لەبەر رۆشنایی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەکاتی رۆژدا، لە “دۆخێکی کارەساتبار”دا دەژین، بەو پێیەی منداڵان نەخۆش دەکەون، دانیشتووانیش ئاوی ساردیان دەست ناکەوێت، “لە کۆبانێ شتێک نییە بە ناوی کارەبا”.

دانیشتووان چارەسەرە پێشنیاردەکەن

“عەبدوڵڵا” ئاماژە بەوە دەکات، کە بەرێوبەرایەتی کۆبانێ گوێی بە سکاڵاکانیان نادات و چاوەروانیش ناکرێت ئەم سکاڵایە بگاتە دەستی هیچ کەس، چونکە کەس خەم لە کێشەکانیان ناخوات.

ئەو پێیوایە چارەسەری کێشەی کارەبا “روونە”، ئەگەر کارەبای ئاسایی نەبوو، با سیستەمی ئەمپێر چالاک بکەن و مۆلیدەکان بهێنن، ئەگەر لە توانیاندا نیە مولیدا بهێننە رێگەی بە وەبەرهێنان بدەن بۆ ئەوەی مولیدە هاوردە بکەن.

لە ئەنجامی دابەزینی بەرچاوی ئاستی بەنداوەکان لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کاتژمێرەکانی کارەباش زۆر کەمیانکردوە.

جەمیل ئیسماعیل (36 ساڵ) دانیشتووی کۆبانێ، پێیوایە دۆخی کارەبای کۆبانێ “قبووڵکراو نییە”، چونکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا پشت پێدەبەسترێت بە ئاوی رووباری فورات، لەکاتێکدا تورکیا بەردەوام ئاوەکەی کەمدەکاتەوە.

دروستکردنی وێستگەیەکی گەرمی

“ئیسماعیل” داوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە دەکات، جا بە کارپێکردنی سیستەمی ئەمپێر بێت، یان لە رێگەی وەزەی خۆر یاخود دامەزراندنی وێستگەی گەرمی کە بە گەرمبوونەوەی هەڵم و ئاو کاردەکات.

ناوبراو بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، لە رۆژدا پلەکانی گەرما زۆر بەرزدەبن، ئەمەش وایکردووە دانیشتووان ماڵەکانیان بەجێبهێلێن و پەنا بەر سێبەر ببن، بەڵام شەوان دانیشتوانی شوقەکان ناتوانن بخەون و هیچ رێگەچاریەکیان لە بەردەست نیە.

ئیسماعیل ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەرێوبەرایەتی ناوچەکە، چارەسەر بۆ کێشەی کارەبا بدۆزێتەوە، هاوشێوەی شارەکانی تر، وەک مەنبەج و رەقە، بە کارپێکردنی سیستەمی ئەمپێری یان کەمکردنەوەی نرخی کەرستەکانی وەزەی خۆر، و دەستەبەرکردنی بۆ دانیشتوان بە شێوازی قیست.