قامشلۆ – نۆرس پرێس
لە پەیمانی لۆزاندا، گەلی کورد لە نێوان چوار دەوڵەتی “تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا “دا دابەشکرد، کە پێشینەی دیموکراسییان لە ماوەی سەدەی رابردوودا تا رادەیەکی زۆر نەرێنی بووە.
هایرەتین ئۆزتەکین لە ناوەندی رۆشنبیری کوردستان (CCKL) لە شاری لۆزانی سویسرا و لە یادی ئەو پەیمانەدا، بە ئاژانسی هەواڵی (ATS)ی سویسرای راگەیاند، کە ئەوان وەک هەزاران کورد، بۆ یادی 100 ساڵەی پەیمانی لۆزان و ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بەو پەیمانە گردبوونەتەوە، “کە سنوورەکانی تورکیای مۆدێرنی دیاریکرد، بەڵام خواستەکانی کردی بۆ درستکردنی دەوڵەت لەباربرد”.
ئۆزتەکین گوتی: “ئێمە دەمانەوێت سوود لەم سەدە ساڵە وەربگرین بۆ ئەوەی پیشانی هەموو جیهانی بدەین، کە پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، هەروەها دەرئەنجامەکانی پەیمانی لۆزان هێشتا بە شێوەیەکی کارەساتبار هەست پێدەکرێت”.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی یەکەمدا، پێویست بوو سیستەمەکە لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێکبخرێتەوە کە دوو گۆڕەپانی دیار بوون بۆ جەنگی جیهانی یەکەم. دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی جەنگەکە بژاردەی ئەنجامدانی کۆنفڕانسێکیان هەڵبژارد، کە گرنگترینیان پەیماننامەیەک بوو لە لۆزان، ئەو پەیمانەی نەخشەی تورکیای نوێی لەسەر لەدژی بەرژەوەندی کورد و گەلانی ناوچەکە داڕشتەوە. پەیماننامەکە لە 24ی تەمموزی 1923دا لەلایەن “تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، یۆنان، بولگاریا، ئیتاڵیا، سربیا، کرواتیا، سلۆڤینیا و ژاپۆن”ەوە واژۆ کرا.
لە لایەک پەیماننامەکە دانی بە سەروەری تورکیادا ناوە بەسەر ئەنادۆڵ و بەشی رۆژهەڵاتدا، سنوورە نوێیەکانی بۆ دیاریکردووە دامەزراند، لە لایەکی تریشەوە گەلانی دیکەی ناوچەکەی فەرامۆشکرد، (لە نێویاندا بە شێوەیەکی سەرەکی کورد)، کە لەسەر زێدی خۆیان دەژیان، بەم شێوەیە لۆزان سەردەمێکی نوێی ململانێکانی پەیوەست بە مافە کولتووری و نەتەوەییەکانی کوردی بۆ ماوەی سەدەیەک درێژکردەوە.
بێریڤان فیرات، گوتەبێژی ئەنجوومەنی دیموکراتی کوردی فەرەنسا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: “گەلی کورد وەک هەموو گەلانی جیهان بانگەشەی مافێک دەکات، تا بتوانن بە ناسنامەی خۆی لەسەر خاکەکەی بژی” و دەشڵێت، “ئەم پەیماننامەیە دەرگای بەڕووی هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک و کۆمەڵکوژییەکدا بەرامبەر بە گەلی کورد کردەوە.”
پێش لۆزان هاوپەیمانان لە مانگی ئابی ساڵی 1920دا پەیماننامەی سیڤەریان لەگەڵ تورکیا واژۆ کرد، بەگوێرەی ئەو پەیمانە، دەبوو هێزەکانی تورکیا لە ناوچە کوردنشینەکان بکشێنەوە، تا رێگەخۆشبکرێت بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد، ئەمەش لە مادەکانی(62، 63، 64)ی پەیماننامەکەدا بە روونی باسکراوە.
بەڵام تورکەکان بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئامادە نەبوون دان بەودا بنێن هەرچەندە کورد و ئەرمەنییەکان بانگەوازیان بۆ بەرپرسانی بەریتانیا دووبارە کردەوە کە بڕگەکانی سیڤەر بۆ ئۆتۆنۆمی یان دەوڵەتە سەربەخۆکان جێبەجێ بکەن، بەڵام حکومەتی بەریتانیا چیتر بەرژەوەندییەکی خۆی لە پابەندکردنی تورکیادا بەو بڕگانەوە، نەدەبینی.
لە ئەنجامدا هاوپەیمانانی جەنگی جیهانی یەکەم نەیانتوانی ئەو بەڵێنانەی لە سیڤەر بە یۆنانیەکان و ئەرمەنەکان و کوردەکانیانیان دابوو جێبەجێ بکەن و کوردیان بێ نیشتمانیان بەجێهێشت.
یەکێک لە بەڵێنەکان دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی بوو بۆ ناوچە کوردنشینەکان لە رۆژهەڵاتی فورات و باشووری ئەرمینیا و باکوری سنووری سوریا و تورکیا.
ڕۆبەرت برۆتۆن لە کتێبی “بۆچی هاوپەیمانانی جەنگی گەورە نەیانتوانی پەیماننامەی سێڤرێس جێبەجێ بکەن” دەڵێ، “هاوپەیمانان – بەریتانیا و فەرەنسا – هەرکاتێک ناوچەیەک بەرژەوەندی ئابووری یان پێویستی ستراتیژییان بۆ دابین بکات، خێرا رێکدەکەون لەسەر یەکلاکردنەوەی، بەدرێژایی هێڵە ئیمپریالیستەکان و هەمیشە هێز و کەرەستەیان دۆزیوەتەوە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو جۆرە ناوچانە، بەڵام کاتێک مەرجەکانی پەیماننامەکان هیچ بەرژەوەندییەکی نیشتمانی، بازرگانی و ئیمپریالییان نەبوو، تەنانەت رێزلێنراوترین بەڵێنەکانیش لەناکاو بێ بەها دەبن لە لایان، وازهێنان لە ئەرمەنەکان و تا ڕادەیەکی زیاتریش وازهێنان لە کورد، نموونەیەکی دێرین و ئاشکرای ئەم لایەنە؛ تەنانەت ئەو دوو نەتەوەیان بە شایەنی باسکردنیش دانەنا لە پەیماننامەی لۆزاندا”.
پەیمانی لۆزان هات بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیمانی سیڤەر و رەتکردنەوەی ئەو ماددانە بەتایبەتی، کە پەیوەندییان بە کورد و پێکهاتەکانی ترەوە هەبوو، ئەمەش یەکسان بوو بە پێدانی شەرعیەت بە دەوڵەتی تورکیا بەو سنوورانەی ئێستای، تا لەسەر جەستە و کەلـلە سەری ئەرمەنەکان و سریانیەکان و کوردەکان دابمەزرێنێت، کە لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ خەبات بۆ مافە کولتوورییەکانیان دەکەن.
بۆ ئەرمەنەکان، کوردەکان، عەرەبەکان و پێکهاتەکانی دیکە کە زۆرترین خەباتیان بۆ دیاریکردنی “چارەی خۆنووسین” کردبوو، لۆزان وەک شۆکیک بوو، ئارا تۆرانیان سەبارەت بەو پەیماننامەیە وتوویەتی کە ئەوە “تاوانی سەدە” بوو.
نەک هەر بەریتانیا و فەرەنسا، ئەمریکاش رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە بەشکردنی میراتەکانی لۆزاندا، سەرەتا وەک چاودێرێک سەریهەڵدا، بەڵام هەنگاوی نا بۆ ئەوەی لە بەرگی ئاشتیپارێزدا رۆڵێکی راستەوخۆ بگێڕێت.
” لە بنەڕەتدا وازهێنانی ئەمریکا لە پشتیوانیکردن لە ئۆتۆنۆمی کورد لە ساڵانی 1920دا بەردەوام بووە لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان سیاسەتی وازهێنان بەرامبەر بە کورد، وازهێنانی ئەمریکا لە کورد لە باشووری کوردستان (هەرێمی کوردستانی عێراق) لە ساڵی 1991 تا وازهێنان لە کوردانی رۆژئاڤا بۆ لەشکرکێشیەکانی تورکیا و “نیگەرانی ئەمنی”، لە ئەنجامدا ژمارەیەک لەشکرکێشی لەلایەن تورکیاوە بۆ ناو رۆژئاڤا لە ساڵی 2016ەوە سەریهەڵدا”.
د .هاوژین عەزیز، هاوبەرێوبەری ناوەندی کوردی بۆ بەهێزبوون، دەڵێ “رازیبوونی ئەوان [ئەمریکا] بە لکاندن و داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە لە ساڵی 2018 و دواتر دیسانەوە لە ساڵی 2019دا بۆ رووبەرێکی گەورەی خاکی رۆژئاڤا لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، تورکیای بەهێزکردووە و وای لێکردووە هیوای بەردەوامی داگیرکردنی هەمیشەیی ئەو خاکانە بخوازێت.”
روونیشیکردەوە کە “پەیمانی لۆزان و پێش ئەویش رێکەوتننامەی سایکس پیکۆ لە ساڵی 1916دا، رێگەی خۆشکرد بۆ سەرهەڵدانی دەوڵەتەنەتەوەییە یەکگرتووەکان کە سیاسەتی توندوتیژی و ستەمکارانەیان لە دژی کەمینەکانی وەک کورد گرتەبەر، رێوشوێنی سەرکوتکەرانەیان گرتەبەر کە ناسنامە و کولتوور و مافە زمانییەکانی کوردیان سنووردار کرد”.
دەشڵێت: “یەکێک لە ناڕەواترین کاریگەرییەکانی پەیماننامەی لۆزان، هەڵوەشاندنەوەی سەدان هەزار هاوڵاتیبوون و ناسنامەی نەتەوەیی کورد بوو لە سوریا، لە ئەنجامدا حاڵەتێکی بوونی نامرۆڤانە کە خاڵی بوو لە مافە سەرەتاییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە خوێندن، چاودێری تەندروستی، دامەزراندن، هاوسەرگیری ، موڵکداری و زۆر شتی تر”.
عەزیز، گوتی: ” بەداخەوە کە مافەکانی مرۆڤ، ئازادیەکان، دیموکراسیەکان، یان دروشمی گەشاوە و بریقەداری هاوشێوەی ئەوان، یەکەم و گرنگترین کارە لەپێشینەکانی سەرکەوتوانی جەنگی جیهانی یەکەم نەبوون، خەمی ئەوان لە لایەنی ئابوورییەوە بوو، کە چۆن داهاتەکان کۆبکەنەوە، زیانە مادییەکانیان وەربگرنەوە و خۆیان لە قەیرانە ئابوورییەکان بەدوور بگرن، کە لە ئەنجامی جەنگەکەوە بۆیان دروست بوو، بۆیە لەدەستدانی نەتەوەی کورد و دابەشبوونی بەسەر نەتەوە و جوگرافیاکانی دیکەدا نەبووە کێشەیەکی گەورە بۆیان”.
دەشڵێت “ئەو رژێمانەی (تورکیا، عێراق، ئێران، سوریا)، کە کورد لەناویاندا دەژی، بەدرێژایی دەیان ساڵ لە نێوان بێدەنگی جیهانیدا کە زیاتر و زیاتر ئەو رژێمانەی بەهێزتر کرد، خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە، ئێستا لە سایەی لۆزان و پەیماننامەکانی پێشوودا، کورد گەورەترین نەتەوەی بیدەوڵەتە لە جیهاندا”.
سیمۆن دوبینز، بەڕێوبەری نێودەوڵەتی و لێکۆڵەری بریتانی، دەڵێت: “بەریتانیا و فەرەنسا لەدوای جەنگی جیهانی یەکەم رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەشکرد، پەیمانی لۆزان تورکیای ئێستای دروستکرد و دەرگای لەدژی بیرۆکەی هەر دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کورد داخست”
لە میانی گوتارێکدا لە کۆڕبەندی تایبەت بە لۆزان لە شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان. ئاماژەی بەوەشکرد، “کورد لەسەر زێدی خۆی بێ دەوڵەت مایەوە، دەوڵەتی تورکیا بوونی کوردەکانی رەتکردەوە”.