تورکیا بەردەوامە لە دیپۆرتکردنی سورییەکان… باکوری ئەو وڵاتە بەرگەی فشاری زیاتر ناگرێت

موئاید شێخ – ئیدلب

لە شاری سەلقین لە باکوری ئیدلب، ئەمجەد و هاورێکانی  چاوەرێی هاتنی ئێوارە دەکەن تاوەکو دەستبکەن بە هەوڵدان بۆ پەرینەوە بۆ نێو خاکی تورکیا بە شێوەیەکی نایاسایی.

لە 17 مانگی حوزەیرانی رابردوودا، هێزەکانی تورکیا  ئەمجەد عومەر (32 ساڵ) لەکاتی گەرانەوەی لە کارەکەی لە کارگەیەکی ئەستەنبوڵ دەستگیریان کرد و دیپۆرتی سوریان کرد.

ئەمجەد عومەر، سەرەرای ئەوەی مۆڵەتی کارکردن و کارتی مانەوە لە تورکیا “کیملیک”ی بەدەستەوە بوو، دیپۆرتکرایەوە بۆ باکووری حەلەب لە سوریا، ئێستا هاوسەر و چوار منداڵەکەی لە ئەستەنبوڵ بەجێماون، بەبێ ئەوەی کەسێک هەبێت بژێوی ژیانیان دابینبکات.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا سەدان پەنابەری سوری بە زۆرەملێ دیپۆرتیان کردووەتەوە بۆ نێو خاکی سوریا، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکەیان بۆ گەراندنەوەی نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سوریی بۆ ئەو شوێنەی کە ناویان ناوە “ناوچەی ئارام” لە باکوری سوریا.

تورکیا ماوەی نزیکەی دوو ساڵە کار بۆ دروستکرنی “ناوچەی ئارام” دەکات لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە نزیک سنوورەکانی لە باکور و باکووری رۆژئاوای سوریا، کە بە پاڵپشتی رێکخراوەکانی کوەیتی، قەتەری و فەلەستینی یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکات بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانەی کە دواتر لە تورکیاوە دیپۆرت دەکرێنەوە.

دوێنێش 24\7\2023 هێزەکانی تورکیا 140 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا دیپۆرتکردەوە کە لە نێویاندا ژنێکی دووگیان هەبووە بۆ ناوچەکانی ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا، بەمەش ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی هەمان رۆژ گەیشتە زیاتر لە 200 پەنابەر بۆ ناوچەکانی باکور و رۆژئاوای سوریا.

ئەمجەد عومەر بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە ساڵی 2019 لەگەڵ خێزانەکەی بە شێوەیەکی نایاسایی چوونە نێو خاکی تورکیا، بە ئامانجی گەران بەدوای ژیان و داهاتوویەکی باشتر بۆ خێزانەکەی، هەروەها رزگاربوون لەو قەیرانی سوریا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەموو ئەمانە شەفاعەتیان بۆ من نەکرد، دوای ئەوەی لەکاتی دەرچوونم لەو کارگەی کە ئیشم تێدا دەکرد، دەوریەیەکی پۆلیسی ئەستەنبۆل دەستگیری کردم، لە ناوەندێکی دیپۆرتکردن لە گەل زیاتر لە 150 کەسی دیکە راگیرام، دواتر هەمومان لە رێگەی باب ئەلسەلامە لە باکوری حەلەب دیپۆرتکران”.

زۆرێک لەو کەسانەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دیپۆرتکرانەوە، پەنا دەبەنە بەر شێوازی قاچاخی نایاسایی بۆ گەرانەوە بۆ تورکیا، بەتایبەتی کە زۆرینەیان منداڵەکانیان یان خێزانەکەیان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵام ئەمە لەم دواییانەدا زۆر قورس بووە بەهۆی توندکردنەوەی سنورەکانی تورکیا.

تەنها لە مانگەدا عومەر 13 جار هەوڵیداوە بە نایاسایی بگەرێتەوە نێو خاکی تورکیا، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە شکستیانهێنا، جگە لەوەی هەرجارە کە دەستگیرکراوە، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە بە توندی لێیدەدرا.

تاوەکو ساڵی 2022، قاچاخچیەکان تەنها 800 دۆلار لە هەر نەفەرێکیان وەردەگرت بۆ پەرینەوەیان بۆ نێو خاکی تورکیا، بەڵام ئێستا بۆ هەر نەفەرێک داوای2000  دۆلار دەکەن، لە کاتێک پەرینەوە بۆ نێو خاکی تورکیا مسۆگەر نییە.

بەها حاج ئەحمەد، فەرمانبەری دەروازەی سنوریی باب ئەلسەلامە لەگەڵ تورکیا لە باکووری شاری حەلەب، دەلێت لە چەند مانگی رابردوو، دەسەڵاتدارانی تورکیا رۆژانە دەیان کەسیان دیپۆرتدەکرد، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەوە ژمارەی رۆژانە بووە بە سەدان کەس، و هەموویان بە زۆر دیپۆرت دەکرێنەوە.

حەج ئەحمەد، جەخت لەوەدەکاتەوە کە زۆربەی ئەو سووریانەی کە دیپۆرت دەکرێنەوە خەڵکی حەلەب و حەما و دیمەشقن و زۆربەیان هیچ کەسوکارێکیان لە باکوری سوریا نییە و کاتێک لە تورکیاوە دەگەنە ناوچەکانی باکوری سوریا، نازانن بۆ کوێ بچن، و تا ئێستاش هیچ رێکخراو و دەزگایەکی حکومی نییە کە ئاگاداری ئەو کەسانە بێت، چارەنوسیان روون نییە.

راگواستنی زۆرەملێ لە ئێستادا بە تاوانێکی راستەقینە لە دژی مرۆڤایەتی و گەلی سوریا دادەنرێت لە کاتێک کە باکوری سوریا بە باردۆخێکی سەختدا تێپەردەبێت، کە ناوچەکە هێشتا گرژی و ناساقامگێری تێدایە، رۆژ نییە بۆردمان یان تەقینەوە لێ رونەدات.

بە گوتەی چالاکوانێکی باکوری سوریا، وا بریاربوو “ئەو یەکی نیشتەجێبوونەی کە تورکیا بە پشتیوانی قەتەر و کوەیت و فەلەستین لە باکووری رۆژئاوای سووریا و بەتایبەتی لە عەفرین و گوندەواری دروستیکردووە، بۆ ئەو کەسانە بێت کە بە قسەی تورکیا بە خۆبەخشانە دەگەرێنەوە  بۆ باکووری سووریا، بەڵام لە راستیدا ئەم کەسانە لە هیچکام لەو یەکەکانی نیشتەجێبوون لە عەفرین کە دروستکراون یەک ژووریان وەرنەگرتووە”.

یەکەکانی نیشتەجێبوون لە باکوری سوریا و عەفرین، یان رادەستی ئەندامانی گرۆپە سەربازییەکان دەکرێن یان بە ئاوارەکانی ناوچە ناوخۆییەکان دەدرێت، گوتیشی: “ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بمێننەوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوچەکە رووبەرووی کارەساتێک دەبێت، چونکە دوو نییە، ببینین سەدان کەسی ئاوارەی زۆرەملێ لەسەر شەقامەکان دەخەون، چونکە هیچ پەناگەیەکیان نییە”.

عەبدولحەکیم سەید کە چالاکوانە دەڵێت، دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لە تورکیاوە لە کاتێکی “زۆر سەخت”دایە، چونکە بەپێی دوایین ئامار کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لەلایەن رێکخەرانی وەڵامدانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لە باکووری سوریا دەژین.