پەنابەرە سورییەکان لە هەولێر… دەرفەتی کاری کەم و کرێدەستی کەمت

سوها کامیل – نۆرس پرێس

رۆژ نییە یەک یان دوو پەنابەری سوریی لە هەولێر، سەردانی کارگەی محەمەد بۆ دوورمانی جلوبەرگ و پرسیاری هەبوونی دەرفەتی کار نەکەن.

محەمەد ئەلسوری، ماوەی 12 ساڵە، وەکو بەرگدروو لە شاری هەولێر، لە هەرێمی کوردستانی عێراق، کاری بەرگدروو دەکات، محەمەد ئاماژە بەوە دەکات، لە نێو بازاردا هەلی کار زۆر کەمبوونەتەوە، بەتایبەتی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ژمارەی پەنابەرە سورییەکان لە هەولێر زیادیکردووە.

ژمارەی سورییەکان لە هەولێر روو لە زیادبووندایە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ئاسانکاریانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کرێکارانی سووریی داوە، کە وایکردووە بەشێکی زۆریان بریاری گەشتکردن بدەن و لە هەولێر بەدوای کاردا بگەڕێن، بە تایبەتی کە دۆخی ئابووی سوریا رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت، گەنجەکانی سوریاش بەدوای دەروازێک دەگەڕێن بۆ رزگاربوون لە دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە.

محەمەد ئەلسوری بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند: چونکە ژمارەی پەنابەرەکان زیادبووە، ئەو کەسانەی تازە روو لە هەولێر دەکەن و لە ناو بازاری شارەکەدا بەدوای کاردا دەگەڕێن، رووبەرووی راستییەکی تاڵ دەبن، ئەوەش نەبوونی دەرفەتی کارە، بۆیە ناچار دەبن بە بڕە پارەیەکی کەم کار بکەن، کە تەنها بەشی ژیانی رۆژانەی خۆیان بکات.

خاوەنی کارگەی دوورمانی جلوبەرگ، لە زاری گەنجانی پەنابەرەوە کە بەدوای کاردا دەگەرێن، دەڵێت: “ئێمە ناچاربووین بەدوای کارێکدا بگەڕێن کە تەنها خواردن و شوێنی مانەوەمان دابینبکات”، رونیشکردووە، “دۆخێکی زۆر سەختە، بۆیە دەبێت هەموو گەنجە پەنابەرەکان بەدوای رێگەیەکدا بگەڕێن بۆ گەیشتن بە ئەوروپا و وڵاتانی دیکە”.

واقیعی کارکردن لە هەولێر لەگەڵ ئەو وێنە جوانەیە ناگونجێت کە لە سوشیال میدیادا بڵاودەکرێتەوە، چونکە دوای هاتنەوەی پەنابەرەکانی سوریا بۆ هەولێر، واقیعی کارکردن، زۆرێکیان دەخاتە ژێر فشاری گەڕان بەدوای هەلی کاردا و قبوڵکردنی مووچەیەکی کەم کە لەلایەن خاوەنکارەوە سەپێنراوە لەسەریان.

پەنابەرانی سووری لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە سەرجەم کەرتەکانی نێو بازاردا کاردەکەن، بەتایبەتی لە کەرتی چێشتخانە و کافێ، و لە بارودۆخێکی کارکردنی سەخت و کەمی مووچەدا کاردەکەن.

کرێکاری سوری لە هەولێر بەسەر سێ بەشدا دابەشدەکرێن، یەکەمیان ژن و پیاوی گەنجن کە لە کۆمپانیاکان کار دەکەن و مووچەکانیان نزیکەی 700 دۆلاری ئەمریکی دەبێت، دووەمیش ئەو گەنجانن کە لە کەرتی خزمەتگوزاری و چێشتخانەکان کار دەکەن، موچەکەیان نزیکەی 400 دۆلاری ئەمریکییە، بەشی سێیەمیش کرێکارانی بیناسازییە، کە مووچەیان پێنادرێت مانگانە یان مووچەی رۆژانە لە 5 بۆ 10 دۆلارە.

لە هەموو چێشتخانەیەک یان کافێیەک لە هەولێر کەسێک یان زیاتر لە چەند  کەسێکی سوریی کاردەکەن، بە دەگمەن شوێنێک هەیە کە کرێکارەکی سوریی تێدا نەبێت، زۆربەشیان مووچەیان لە نێوان 300 بۆ 400 دۆلاری ئەمریکیدایە، ئەمەش وایانلێدەکات لە ژێر بارگرانی دەستەبەرکردنی کرێی مانگانە و خەرجی رۆژانەدا بن، ئەمە جگە لە نوێکردنەوەی کارتی نیشینگە “ئیقامە”ی ساڵانە، کە تێچووی نوێکردنی 650 دۆلارە.

عابد عیسا، گەنجێکی سورییە و وەک ژمێریار لە چێشتخانەیەک لە هەولێر کاردەکات، باس لەوە دەکات کە دۆخی ئەو کرێکارە سورییەکان لە هەولێر “زۆر دڵتەزێنە”، مووچەکەیان تا کۆتایی مانگ بەشی ناکات، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە لە کەرتی خزمەتگوزاری و گەیاندنی داواکاری (دلێفەری) کاردەکەن.

ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، “سەبارەت بەو کەسانەی لە کۆمپانیاکان کاردەکەن، دۆخەکەیان کەمێک باشترە، بەڵام دەبێت تێچووی ئیقامەی ساڵانەش لە مووچەکانیان تەرخان بکەن”.

“عابد عیسا” پێی وایە ئەو گەنجە سورییەی کە بریاری سەفەری داوە و سوریا بەجێبهێڵێت، “بیری لەوە نەکردۆتەوە کە بێتە ئێرە، تەنها بۆ دەستەبەرکردنی خواردن و و شوێنی خەوتن، بەڵکو بیری لەوە کردووەتەوە کە داهاتوویەک بۆ خۆی دەستەبەربکات، بەڵام کاتێک دەگەینە هەولێر، تووشی شۆک دەبن، چونکە تەنها کەرتی خزمەتگوزاری دەرگای بۆ کرێکارە سورییەکان دەکاتەوە، ئەوەش بە موچەیەکی کەم و کاتێکی زۆری کارکردن.

لە سەرەتای شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011ەوە، زۆرێک لە خێزانە سورییەکان پەنایان بۆ شاری هەولێر بردووە و لەگەڵ تێکچوونی دۆخی ئابوری ئەو وڵاتە، ژمارەی ئەو خێزانانە زیادی کردووە، بەگوێرەی هێڵەکانی فرۆکەوانی سوریا، رێژەی گەشتە ئاسمانییەکان نێوان دیمەشق – هەولێر لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا لە دوو گەشتی هەفتانە بۆ یەک گەشتی رۆژانە زیادیکردووە.

تاوەکو ئێستا ئامارێکی فەرمی لەسەر ژمارەی پەنابەرەکانی سوریا لە شاری هەولێر نییە، بەڵام زۆربەیان بەدەست سەختی ژیانەوە دەناڵێنن، هەروەها لەلایەنی خاوەنکارەکانی کارەوە ئیستغلالدەکرێن.

عیماد عەبدولقادر پەنابەرەکی دیکەیە، رۆژانە لە بەیانی زووەوە تاوەکو ئێوارە، لە ژێر گەرمای ئەم هاوینە چاوەرێدەکات، بەو هیوایەی دەرفەتی کارێک هەبێت، ئیتر گواستنەوەی کەلوپەلی ماڵان، چاککردنەوەی شەقامێک، یان بیناسازی بێت، ئەو دەلێت “تەنها بۆ دەستەبەرکردنی نان بۆ منداڵەکانمان، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کرێکاران، خاوەنکار دەستی کردووە بە سەپاندنی مەرجەکانی بەسەرماندا، بۆیە ناچارین بە هەندێک دینار رازیبن” چونکە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە”.