رووسیا ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بە 12 پێشێلکاری ئاسمانی لە سوریا

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، 12 پێشێلکارییان تۆمارکردووە کە لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ئەنجامدراون، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا کوژرانی سەرکردەیەکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”ی راگەیاند.

ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا لە راگەێنراوێکدا گوتی، رۆژی یەکشەممە 12 پێشێلکارییان تۆمارکردووە، لەنێویاندا 8 حاڵەت لە ناوچەیەکی داخراو بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا هەیە، ئەمەش لە پاشخانی مەشقی هاوبەشی رووسیا و سوریا لە باکووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە.

دوایین تۆمەتەکانی رووسیا لەو رۆژەدا دێت کە هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا هەینی رابردوو لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کوشتنی “ئوسامە ئەلموهاجیر”ی سەرکردەی تێکخراوی “داعش”یان راگەیاند.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە سەرۆکی رێکخراوەکەی کوشتووە، هەمان ئەو فڕۆکەیە بووە کە لەلایەن فڕۆکەشەڕکەرەکانی رووسیاوە هەراسان کراوە.

ناوەندە رووسییەکە رایگەیاندووە، رۆژی شەممەی رابردوو چوار پێشێلکاریی ئاسمانی سوریایان لە ناوچەی ئەلتەنف تۆمارکردووە، لەلایەن دوو فڕۆکەی جەنگی ئێف 16ی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

بەگشتی بەگوێرەی تۆمەتەکانی ناوەندەکەی رووسیا، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا، 1602 پێشێلکاری ئاسمانی لە سوریا لەلایەن “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی”ەوە لە ناوچەی ئەلتەنف، روویانداوە.

بەڵام ئەمەریکا کە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرنجی لەسەر دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعشە، لە لایەکی دیکەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەوڵەکانی تووشی هەراسانکردن و پێشێلکاری بوون لەلایەن مۆسکۆوە، کە دوایینیان هەفتەی رابردوو بوو، لە رێگەی فڕۆکەشەڕکەرەکانی رووسیاوە، لانیکەم سێ جار فڕۆکەکانی ئەمریکایان هەراسان کردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر